هێزەكانی رزگاریی عەفرین: لەماوەی 10 رۆژدا 72 چەكداری میلیشیاكان و سەربازی توركیا كوژراون
  2019-08-12       884       

هێزەكانی رزگاریی عەفرین ئاشكرایكرد، لەماوەی 10 رۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا لەمیانی 14 چالاكی هێزەكانیاندا لە عەفرین و دەوروبەری 62 چەكداری میلیشیاكان و 10 سەربازی سوپای توركیا كوژراون.

ئاوێنە: هێزەكانی رزگاریی عەفرین، ئەمڕۆ دوشەممە، لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماری چالاكی هێزەكانیانی لەماوەی 1ی ئاب تا 10ی ئاب لە عەفرین و دەوروبەری بڵاوكردەوە.

 بەپێی راگەیەندراوەكە لەو ماوەیەدا هێزەكانیان ئاستی چالاكییەكانیان لەناوچەكە دژ بە سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئەو سوپایە بەرزكردۆتەوەو جەختیش دەكاتەوە كە بازنە ئەو چالاكییانەیان فراوانتر دەكەن.

بەپێی ئەو ئامارەی لە راگەیەندراوەكەدا خراوەتەڕو لەو ماوەیەدا هێزەكانیان 14 چالاكیان ئەنجامداون كە حەوت چالاكییان، چالاكی شەڕی روبەڕو بون و هەروەها دوژمنیش یەك چالاكی وشكانی ئەنجامداوە كە هێزەكانیان بەرەنگاری بونەتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە هێزەكانی دوژمن لەو ماوەیەدا نۆ هێرشیان بە چەكی قورس، یەك هێرش بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجامداوە.

ئاشكراشیكردوە، دوژمن لەو ماوەیەدا 72 كوژراوی هەبوە كە 10 كوژراویان سەربازی توركیا بون.

هەروەك بەپێی ئامارەكە لەو ماوەیەدا دوژمن 19 برینداری هەبوە كە هەشت برینداریان سەربازی توركیا بون و دوان لەوانەش ئەفسەری پلەباڵا بون.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لە چالاكییەكانی ئەو ماوەیەدا یەك تانك، چوار ئۆتۆمبێل، دو ماتۆڕسكیلی و ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی چەكی دوژمنیان تێكشكاندون و هەروەها دەستیش گیراوە بەسەر ژمارەیەكی زۆر چەكی دوژمندا.

لەكۆتاییشدا ئاشكرایكردوە كە لەو ماوەیەك لەمیانی روبەڕوبونەوەی هێرشەكانی دوژمندا یەكێك لە هەڤاڵانیان شەهید بوەو هەروەك پێنج هاوڵاتی مەدەنی كە ئەندامی یەك خێزانن لەڕێگەی بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر گوندێكی سەربە ناحیەی شێراوا لە عەفرین، بریندار بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×