بوچانی خەڵاتێكی دیكەی ئوسترالیای بردەوە
  2019-08-13       2507       

رۆمانی "هیچ دۆستێك جگە لە چیاكان"ی بەهرۆز بوچانی، نوسەری كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان، خەڵاتی نەتەوەیی بیۆگرافیای ئوسترالیای بردەوەو بەوەش خەڵاتێكی دیكەی خستە سەر خەرمانی خەڵاتەكانی پێشوی.

ئاوێنە: بەهرۆز بوچانی، ماوەی شەش ساڵە لە كەمپی پەنابەران لە دورگەی "مانوس" دەستبەسەرە. ئەو رۆمانەكەی لەنێو كەمپەكە لەڕێگەی نامەی وەتس ئەپ-ەوە بۆ ئومێد تۆفیقیان-ی هاوڕێی نوسیوەو ئەویش لە زمانی فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و چاپكراوە.

رۆمانەكەی بوچانی، پێشتر خەڵاتی "ڤیكتۆریەن پریمیەر" كە گرنگترین خەڵاتی ئەدەبی ئوسرالیایەو بەهاكەی 125 هەزار دۆلارە و خەڵاتی ئەدەبی "نیو سات وێڵز پریمیەر" كە بەهاكەی 10 هەزار دۆلارەو هەروەها خەڵاتی پیشەسازی كێتبی ئوسترالیاشی بەدەستهێناوە.

"خەڵاتی نەتەوەیی بیۆگرافیای ئوسترالیا" كە بە هاكەی 25 هەزار دۆلارە، دوێنێ دوشەممە 12ی ئاب لە كتێبخانەی ناوەندی "نیو سات وێڵز" بەخشرایە بوچانی.

بوچانی لەڕێگەی وەتس ئەپ-ەوە خەڵاتەكەی وەرگرت و لە وتەیەكدا وتی"نامەوێت لەبارەی ئەدەبەوە قسە بكەم، تەنها دەمەوێت بڵێم؛ پێموایە ناوەندی ئەدەبی وەك بەشێك لە كۆمەڵگەی مەدەنی ئوسترالیا، بەشێكە لە بەرگریی ئێمە بەرامبەر ئەم سیستمەو پێموایە ئەوەش زۆر بایەخدارەو سوپاسی هەموانیش دەكەم بۆ هەڵبژاردنی رۆمانەكەم."

بەهرۆز بوچانی، خەڵکی شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و  ڕۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی و شاعیر و دەرهێنەرە، لە ساڵی ٢٠١٣وە لە کامپی پەنابەرانی مانوس دەستبەسەرە.

رۆمانەكەی بوچانی، چیرۆكی ژیانی خۆیەتی كە ناچار دەبێت لەئێران هەڵبێت و خۆی بگەیەنێتە ئەندەنوسیا بە ئامانجی گەیشتن بە ئوسترالیا.

بوچانی دو جار هەوڵدەدات بە بەلەمی ئەندەنوسی بچێتە ئوسترالیا، جاری یەكەم بەلەمەكە ژێر ئاو دەكەوێت و چەند راوچییەكی ماسی ئەندەنوسی رزگاری دەكەن. جاری دوەم هێزە دەریاییەكانی ئوسترالیا لەگەڵ 75 پەنابەری دیكەدا دەستگیری دەكەن و دەیانگوازنەوە بۆ كەمپی دەستبەسەركردنی پەنابەران لە "مانوس".

دورگەی "مانوس" سەربە "پاپوا گینیای نوێ"یە بەڵام ئوسترالیا لەساڵی 2013ەوە وەك كەمپێك بۆ دەستبەسەركردنی ئەو پەنابەرانە بەكاریدەهێنێت كە هەوڵدەدەن بگەنە ئوسترالیا.

ئەوەی بەهرۆز بوچانی لەبارەی كەمپەكەوە باسی دەكات ئاشكرایە كە تێیدا پێشێلی مافی مرۆڤ دەكرێت و هەموان لەژێر چاودێری بەردەوامدان و دڵڕەقی و ئەشكەنجەیەكی رێكخراوی تێدا بەڕێوەدەچێت.

بوچانی دەڵێت، بە نوسینی ئەو رۆمانەی وێنەیەكی ژیانی خۆی لەو كەمپە خستۆتەڕو تا بتوانێت لە دۆخی كەمپەكەدا شكۆ و ناسنامەی مرۆیی خۆی بپارێزێت، وێنەیەك كە تەواو دژە لەگەڵ ئەوەی كە دەوڵەت دەیخاتەڕو.

حكومەتی ئوسترالیا رێگە بە بوچانی نادات لەو گرتوخانەیە بێتە دەرەوەو بچێتە ئوسترالیا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×