دەروازەی باشماخ بێبەرامبەر گەراج بۆ ئۆتۆمبێلی گەشتیاران دابین دەكات
  2019-08-13       377       

دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانە دەكاتەوە كە گەشتی ئێران دەكەن، گەراجێكیان بۆ ئۆتۆمبێلەكانیان دابینكردوە و دەتوانن لە ئەمڕۆوە تا 25ی ئەم مانگە ئۆتۆمبێلەكانیان لەوێ بەبێ بەرامبەر رابگرن.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگای دەروازەى نێودەوڵەتی باشماخ، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند"ئاگاداری گەشتیارانی خۆشەویست دەکەینەوە ئەوانەی گەشتی وڵاتی ئێران دەکەن دەتوانن بۆ ماوەیەکی کاتی و لە ٨⁄١٣ تا ٨⁄٢٥ ئۆتۆمبێلەکانیان لەو گەراجە نوێیە ڕابگرن کە لەژێر چاودێری ھۆبەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ دایە و بێبەرامبەر و لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنی و پاسەوانی دایە و بێ ھیچ دو دڵی یەک دەتوانن ئۆتۆمبێلەکانتانی لێ ڕاگرن تا دەگەڕێنەوە."

ئەو كارەی دەروازەكە دوای ئەوە دێت كە بەهۆی بونی گەشتیارێكی زۆر لە دەروازەكە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل كەم بوە.

دەروازەی باشماخ وتوشیەتی، دانانی گەراجە بێبەرامبەرەكە "لەپێناو خزمەت گەیاندن بەو گەشتیارانەیە کە کێشەی شوێنیان ھەبو بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلەکانیان."

دەروازەكە لە راگەیەندراوێكی دیكەدا بە ئاماژەدان بەوەی كە ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا لە باشماخەوە هاتوچۆ دەكەن و كارمەندانیشیان 24 سەعات لەخزمەت گەشتیاراندان، ئەم دو داوایەی لە گەشتیاران كردوە:

یەکەم : لەڕوی ئارام گرتن ، ھەرکەس بەنۆرەی خۆی لەڕیزبەندی و سەرەگرتن چاوەڕێ بکات تا دێتەسەرەی خۆی بۆ ئەوەی خەڵکی تر بێزارنەکات.

دوەم : لەڕوی پاک ڕاگرتنی ژینگەوە ، بەداخەوە ڕۆژانە بڕێکی زۆر لەبوتڵی ئاو و دایبی مناڵ و پاشماوەی خۆراک لەشوێن خۆیان جێ دەھێڵن ئەمەش جگەلەوەی دیمەنێکی ناشارستانی بەو شوێنە دەبەخشێ بەڵکو دەبێتە مایەی ھیلاک کردنی کرێکارانی ژینگەپارێز و پاککەرەوەکان کە دواجار ئەوانیش برا و کەس و کاری خۆمانن.

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×