ترەمپ: گرین كارت بەو كۆچبەرە هەژارانە نادرێت كە یارمەتی لە حكومەت وەردەگرن
  2019-08-13       819       

ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بڕیارێكی نوێی لەبارەی كۆچبەرانی نیشتەجێی ئەمریكا دەركرد كە بەپێی بڕیارەكە مافی مانەوەی هەمیشەیی (Green Card) بەو كۆچبەرە “هەژارانە” نادرێت كە یارمەتی لە حكوومەت وەردەگرن.

ئاوێنه‌: كۆشكی سپی رایگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژە بەوەدراوە، بڕیارەكە لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ رێكخستنەوەی كۆچ و ئەو كۆچبەرانە دەركراوە كە شایەنی ئەوەن مافی مانەوەی هەمیشەیی (Green Card) لە ئەمریكا وەربگرن.

هاوکات لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو لە بڕیارە نوێیەكەدا جەخت لەوەكراوەتە كە دەبێت كۆچبەرانی نیشتەجێی ئەمریكا لە رووی داراییەوە پشت بە توانای خۆیان ببەستن.

هەروەها لە بڕیارە نوێیەكەدا، ئەو كۆچبەرانە كراونەتە ئامانج كە لە سیستەمی دەستەبەركردنی تەندروستی و یارمەتییە گشتییەكان سوودمەندن.

جێگای ئاماژەیە بەرگرییكاران لە مافی كۆچبەران لە ئەمریكا پێیانوایە بڕیارە نوێییەكەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، كۆچبەرانی نیشتەجێی ئەمریكا ناچار دەكات داوای هیچ یارمەتییەك لەو وڵاتە نەكەن.

شایەنی باسە ئاژانسی هەواڵیی “Associated Press”ی ئەمریكی بڵاویكردەوە كە بڕیارە نوێیەكە لە تشرینی یەكەمی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×