2019-08-13   876     
دەزگای دژه تیرۆری عێراق بڵاوی کردەوە ، لە بیابانەکانی ئەنبار ١٠ چەکداری داعش کوژراون و ٥ی دیکەش دەستگیرکراون.
ئاوێنه: دەزگای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر (ھێزەکانی بژاردەی عێراق) ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەکەدا بڵاوی کردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە بیابانەکانی ئەنبار لە خۆرئاوای عێراق ١٠ چەکداری داعشیان کوشتووە و ٥ی دیکەشیان دەستگیر کردووە.
هاوکات لە بەیاننامەکەدا ھاتووە: ''یەکەیەکی ھێزەکانی دەزگای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بە ھەماھەنگی ھێزی ئاسمانی ھاوپەیمانان ، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەی روتبە و دۆڵی حوران لە بیابانی ئەنبار ئەنجامداوە ، ئەوەش دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری وردی ھەواڵگری لەسەر جموجوڵی پاشماوەکانی داعش لەو ناوچەیە''.
شایەنی باسە ئەم ئۆپەراسیۆنانە دوایی ئەمە دێت چەکدارانی داعش چالاکی و جموجوڵەکانیان زیادی کردوە لە ناوچە سنوورییەکانی نزیک سوریا بەتایبەت پارێزگاکانی نەینەواو ئەنبار و دیالە و کەرکوک و سەڵاحەدین ، کە زنجیرەیەک پەلامار و ھێرشیان بۆسەر ھێزە ئەمنییەکان و ھاووڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە.