شاخەوان عەبدوڵا: مەترسی هەیە چەند ناوچەیەكی كەركوك بكەونە دەست داعش
  2019-08-14       269       

شاخەوان عەبدوڵا، نوێنەری پارێزگای كەركوك لە خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، داعش بوەتە مەترسییەكی جیددی بۆ سەر كەركوك و ئەگەر چارەسەری ئەو دۆخە نەكرێت، جارێكی دیكە حەویجە و چەند ناوچەیەكی دیكە دەكەونەوە دەست داعش، چونكە هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی تەنها پارێزگاری لە خۆیان دەكەن.

 ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا كە هاوكات ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوكە، لە لێدوانێكدا رایگەیاند"داعش لە سنوری كەركوك بەهێزە و نەڕوخاوە و لە دوای هێرشی عێراقیش بۆ سنوری حەویجە پێش 16ی ئۆكتۆبەر، هیچ تەرمێكی داعش نەبیندرا و وەكو خۆیان ماون لە ناوچەكەدا و بەشێكیشیان لەناو ئاوارەكان خۆیان حەشار دابو، كە تا ئێستاش ئاوارەكان هەر ماون، بۆیە داعش لە ناوچەكە بەهێز بوە و هەر وەكو خۆیشی ماوە".

وتیشی"ئەگەر چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە نەدۆزرێتەوە، سیناریۆی 2005 و 2006 و 2007 و 2008 دوبارە دەبێتەوە ، چونكە هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی تەنها سەنگەرەكانی خۆیان دەپارێزن و شەقام و كۆڵانەكان بە دەست داعشەوەن، بۆیە مەترسی هەیە جارێكی دیكە حەویجە و ریاز و رەشاد بكەونەوە دەست داعش و حكومەت هیچ دەسەڵاتێكی نامێنێت".

شاخەوان عەبدوڵا بڕواشی وایە "جگە لە دەرەوەی شار، مەترسیی داعش بۆ ناو كەركوكیش هەیە، چونكە ئەو دیوارەی پێشتر پێشمەرگە لە دەرەوەی شار دروستی كردبو، ئێستا نەماوە و رێگا بۆ داعش خۆش بوە بێنە ناو كەركوك و خەڵكی خۆیشیان لەناو ئیدارە و هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارەدا هەیە."

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×