مەحما خەلیل داوا ده‌كات شنگال بكرێتە ناوچەیەكی ئارام
  2019-08-14       198       
لە ساڵیادی كۆمەڵكوژی دەڤەری سیا شێخدری كە داعش زیاتر لە 400 كەسی ئێزیدی تیرۆر كرد، قایمقامی شنگال چەند مەرجێك بۆ سەقامگیر بوونەوەی دەڤەری ئێزیدییەكان راگەیاند، داوایكرد، ئیدی شنگال بكرێتە ناوچەیەكی ئارام.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشەممه‌ 14ی ئاب، لە ساڵیادی 12 ساڵەی كۆمەڵكوژی خەڵكی سیبا شێخدری "كۆمەڵگەی جەزیرە"ی سەر بە شارەدێی قەحتانییە كە داعش زیاتر لە 400 ئێزیدی تیرۆر كرد و 500ی تریشی بریندار كرد، مەحما خەلیل قایمقامی شنگال دەڵێ، ئەوەی زۆر گرنگە لە ئێستەدا پارێزگاری لە پێكهاتەكان بكرێت و ناوچەكانیان دووبارە ئاوەدان بكرێنەوە.

مەحما خەلیل، سەقامگیری ناوچەكەی بە پێش مەرجی گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ دەڤەری ئێزیدییەكان ناساند، بۆ ئەمەش داوای دامەزراندنی خەڵكی ناوچەكەی كرد لە ریزی هێزەكانی دەوڵەت وەك بەشێك لە پڕۆسەی سەقامگیری ناوچەكە بەو پێیەی ئەوان باشتر چاودێری و پارێزگاری لە دەڤەری خۆیان دەكەن.
 
قایماقمی شنگال روونی كردەوە، رووداوی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لە شێخدرێ بەدوایدا گەورەترین كۆمەڵكوژی بەسەر ئێزیدییەكان هاتووە لەسەر دەستی داعش كە لە مێژوودا وێنای نەبووە كاتێك لە سێی ئابی 2014 لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعش ئه‌نجام درا.

 ئاماژەی بەوەشدا، پێدانی مافە دەستوورییەكان بۆ خەڵكی ناوچەكە و جێبەجێ كردنی مادەی 140ی دەستووری، پرسێكی هەرە پێویستە بۆ خەڵكی ناوچەكە، وتی "ئەگەر پێش رووداوەكانی 2014، حكوومەتی عێراق مادەی 140ی جێبەجێ بكردبایە ئەوا جینۆسایدی ئێزیدییەكان لە 2014 رووی نەدەدا". ناوبراو وتی "كارەساتی كۆمەڵكوژی كۆمەڵگەی شێخدرێ، تا ئێستەش لێكەوتەكانی ماون، هێشتا زۆرینەی ئەوانەی لێرە بوونە قوربانی لاشەكانیان نەدۆزراونەتەوە و كەسوكاریشیان مافەكانیان وەرنەگرتووە".

قایمقامی شنگال داوایكرد، ئیدی شنگال بكرێتە ناوچەیەكی ئارام و چەك بە دەست دەوڵەوەتەوە بێت و خەڵكی ناوچەكەش لە دامەزراوە تەناهییەكانی دەوڵەت دابمەزرێن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەڤەری خۆیان بكەن و هێزێكی هاوبەشیش لە پێشمەرگە و سوپا بۆ پاراستنی ناوچەكە پێك بهێنرێت كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی بكات.

جێی بیرخستنەوەیە چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژ كراو لە 14ی ئابی 2007، كۆمەڵگەی شێخدرێی كردە ئامانج و بەهۆیەوە سەدان ئێزیدی بوونە قوربانی.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×