سەرۆک وەزیرانی نەرویج: سوید پایتەختی گرووپە توندڕەو و ڕەگەزپەرستەکانە
  2019-08-14       1192       
سەرۆک وەزیرانی نەرویج  لەبارەی هێرشی سەر مزگەوتی ئەلنور لە شاری باروم-ی نەرویج، سویدی تۆمەتبار  کرد بە رێگری نەکردن لە گروپە رەگەزپەرستەکان.

ئاوێنه‌: ئێرنا سۆڵبێرگ, سەرۆک وەزیرانی نەرویج ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە وڵاتی سوید پایتەختی گرووپە توندڕەو و ڕەگەزپەرستەکانە لە ناو وڵاتانی ئەسکەندەنافیادا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە نەرویج ڕێکاری پێویست لە بەرامبەر ئەو بارودۆخە بگرێتە بەر. 

هەروەها ئێرنا سۆلبەرگ رایگەیاند ''ئەو گرووپانە دێنە نەرویج و کردەوە ئەنجام دەدەن و ئاشکرای کرد کە دەبێت بەشێوەیەکی هاوبەش بەرەنگاری ئەمانە ببنەوە''.

گەنجێکی نەرویجی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناوی فیلیپ مانسهاوس ڕۆژی شەممە لە شاری باروم هێرشی کردە سەر ناوەندی ئیسلامی ئەلنور و بە هۆی تەقەکانییەوە کەسێک بریندار بوو، و دواتر فیلیپ دەستگیر کرا.

ئێرنا سۆڵبێرگ دوای ئەو هێرشەی کرایە سەر ناوەندی ئیسلامی ئەلنور لە شاری بارومی وڵاتەکەی، لە لێدوانێکیدا وڵاتی سویدی کردە ئامانج.

 
ئێرنا سۆڵبێرگ ڕایگەیاند: ''بزووتنەوەی بەرخۆدانی ئەسکەندەنافیا کە پارتێکی توندڕەوی ڕەگەزپەرستە ناوەندە سەرەکییەکەی لە وڵاتی سویدە. لە ئێستادا سوید پایتەختی گرووپە توندڕەو و ڕەگەزپەرستەکانە، لەبەر ئەوە پێویستە نەرویج ڕێکاری پێویست لە بەرامبەر ئەو بارودۆخەدا بگرێتە بەر. چونکە ئەو گروپانە دێنە ناو خاکی نەرویجەوە و کار و چالاکییەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن، بۆیە پێویستە بەگژداچوونەوەیەکی هاوبەش لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا هەبێت''.

لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی نەرویج وڵامی توندی کاربەدەستانی سویدی بەدوای خۆیدا هێنا. ئاندەرس ییمەن وەزیری وزەی سوید لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر پەیامێکی لە بەرامبەر لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی نەرویج بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئێرنا سۆڵبێرگ وەک کەسێکی توندڕەو و دژایەتی کردنی پەنابەران ناسراوە و یەکەم جارە پارتەکەی حکومەتی نەرویج پێک دەهێنێت، وە ڕایگەیاند ''با ئاوڕ بداتەوە و تەماشای ئاوێنە بکات''.

ئاندەرس ییمەن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئافتۆنبالدێت کە گەورەترین ڕۆژنامەی نەرویجە، ڕایگەیاند ''هەبوونی هەمانگی لە نێوان وڵاتاندا بۆ بەگژداچوونەوەی بیری توندڕەوی کارێکی زۆر گرنگە، بەڵام ئەگەر ئێوە لەگەڵ پارتێکی توندڕەوی وەک پارتی بەرەوپێشچوون هاوپەیمانی بکەن و کەسانی لەو شێوانە بکەنە وەزیر و سەرۆک وەزیران، دەبێت ئاوڕ بدەنەوە و تەماشای ئاوێنە بکەن. پێویستە نەرویج ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببێتەوە. هەردوو هێرشبەرە توندڕەوەکە لە وڵاتی نەرویجەوە دەرچبوون، لەبەر ئەوە تۆمەتبار کردن ڕاستڕەوەکانی سوید کارێکی ڕاست نییە. ئاندەرس بریڤیک کە ٧٧ کەسی کوشت هەر ئەندامی پارتی بەرەوپێشچوون بوو''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×