هاتوچۆی دەربەندیخان: ئەو وێنانه‌ی لەسەر تونێلەکە بڵاودەکرێنەوە نوێ نین
  2019-08-14       758       

بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان لەسەر ئەو دیمەنانەی ناو تونێلی دەربەندیخان بڵاودەکرێنەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت ''وێنەکان ئێستا نیەو زستانی ئەمساڵ تۆمار کراون''.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ، چوارشەممە 14 ئاب، ڕێژەن بورهان ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند  ''بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی کۆنی تونێلەکە کە تێیدا ڕێگاکەی  هەڵتەکێنراوە و شێوەی کانیەک پیشان دەدرێت، شۆفێران ترسیان  لێ نیشتوە و پەنا بۆ ڕێگای سەرشاخ و جێگاکانی تر دەبەن''.

بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەکردووە، وێنەکە نوێ نییەو زستانی ئەمساڵ بووە و ئەو چاڵەی دەرکەوتووە پڕکراوەتەوە به‌ڵام گومانی تێدانیە لەئێستاشدا ئەوشوێنە گرفتی هاتوچۆی تێدایە بەهۆی ئەوەی ئەوکارەی لەڕابردودا کراوە کارێکی سەرەتایی بووەو تەحەمولی ئەولودو قورسایە ناکات.

ڕێژەن بورهان ئەحمەد  باسی لەوەکردووە، دەرخستەیەک بەبڕی  97 ملیۆن  دینار ئامادەکراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەوگرفتانەی کەڕۆژانە بەرۆکی شۆفێران لە تونێلەکەدا دەگرێت.

نابراو دەڵێت: ''ئەوەی پێشتر کراوە تەنها چارەسەری کاتی بووە, چیتر ئەم گرفتانە بەپرۆژەی بچوک و پڕکردنەوە بەکۆنکرێت و قیرکردنی یەک دوچاڵێک و داپۆشینی ڕەگلەو مەترسی یەکانی ڕێگاکان لەسنورەکە چارەسەری پێویست نین''.

دوێنێ سێشەممە 13ی ئابی 2019، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند ..ئامادەن لە ماوەی هەفتەیەکدا تونێلەکە بە تەواوی نۆژەن بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وێنەیەکی تونێلەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا چاڵێکی گەورە دەردەکەوێت کە لە ئاو پڕ بووە''.

ئەو بەرپرسەی هاتووچۆ پێی وایە، چارەسەر کردنی کێشەکانی تونێلەکە، ''بەخەڵکانی خۆبەخش یاخود ئەملایەن و ئەولایەن ناکرێت بەڵکو پێویست دەکات بودجەی پێویستی بۆتەرخان بکرێت و چارەسەرکردنی هەمیشەیی بەئەنجام بگەیەندرێت''.

بەرێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت: ''نامانەوێت وەک ڕابردوو بەداخستنی تونێلی دەربەندیخان بۆ چەندین ڕۆژ کارکردن دواجار کارێکی بچوک و ئانی بێت داخستنی تونێلەکە لەم کاتەدا ئەرکی زۆر دەخاتە سەر شۆفێران و کارمەندەکانی هاتوچۆ هەربۆیە ئەگەر پێویست بکات دابخرێت کارێکی هەمیشەیی بۆ بکرێت نەک تەنها کاتیی بێت''.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×