2019-08-14   1198     
وەزارەتی بەرگری عێراقی ئەمڕۆ چوارشەممە ھەواڵێکی رەتکردەوە لە بارەی دەستبەسەرداگرتنی بازگەیەکی ئەمنی لە قەزای مەخموور لە باشووری موسڵ لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە.
ئاوێنه: وەزارەتی بەرگری رایگەیاند، ''ئەو ھەواڵ و دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە لەسەر ئەوەی پێشمەرگە دەستی بەسەر بەربەستێکی ئەمنی گرتووە دوورە لە راستییەوە''.
هاوکات جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەو بەربەستە ئەمنییە لەژێر کۆنترۆڵی فیرقەی ١٤ی سوپادایە.
لا لایەکی دیکەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، ''چەند پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە لە بازگەیەکی ئەمنی لە مەخموور، کە وا دەردەکەوێت ئەو بازگەیە لەلایەن ھێزێکی پێشمەرگەوە دەستی بەسەردا گیراوە''.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا ھاتووە ، چەند لایەنێک لەپشت زەقکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەوەن بە ئامانجی تێکەڵکردنی وەرەقەکان، ئەو بازگەیەش بەربەستێکی ئەمنییە و ئێستا یەکەیەکی فیرقەی ١٤ی سوپای عێراقی تێدایە.