هەسەدە: پێویستە ناوچەی ئارام لە 5 کیلۆمەتر زیاتر نەبێت
  2019-08-14       683       
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەبارەی ناوچەی ئارام رایگەیاند، "پێویستە ناوچەکە لە 5 کیلۆمەتر زیاتر نەبێت و هەموو سنورەکەمان لەگەڵ تورکیا بگرێتەوە".

ئاوێنه‌: مەزڵوم کۆبانێ، لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی لەلایەن تورکیاوە دەکرێن رایگەیاند ''پێویستە هێڵی نێوان روبارەکانی فورات و دیجلە هەموی بخرێتە ناو ناوچەی ئارامەوە''.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد "ئەوان و حکومەتی تورکیا ناڕاستەخۆ دیداریان هەبوە و بابەتی دیدارەکانیش هێشتا بە ئەنجام نەگەیشتون"، ئە و وتی "بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک دیدارەکان بەردەوامن".

پەیوەندیدار بەناوچەی ئارام کە دەوترێت لەنیوان گرێسپی و سەرێکانی دەبێت، مەزڵووم کۆبانێ وتی "ئێمە داوامان لەلایەنەکان کردووە تەواوی سنوورەکە (سنوری سوریا لەگەڵ تورکیا) وەکو ناوچەیەکی ئارام دەستنیشانبکرێت، ناوه‌ندی شاره‌كان نه‌گرێته‌وه‌، لە 5 کیلۆمەتر زیاتر نەبێت، بەڵام تورکیا ئێستا دەیەوێت ناوچە ئارامەکە تەنیا لەنێوان گرێسپی و سەرێکانی  به‌ درێژای 30 كیلۆمه‌تر بێت".

پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، گونجاوە قووڵایی ناوچەی ئارام لەنێو خاکی سووریادا لەنێوان 5 بۆ 15 کیلۆمەتردا بێت، بەڵام تورکیا ئەو قوڵاییە بەکەم دادەنێت و داوای نزیکەی 30 کیلۆمەتر دەکات. هەسەدەش جەختدەکاتەوە پێشنیازەکەی ئەمریکاش کە 15 کیلۆمەترە بە گونجاو نازانن و پێویستە لە 5 کیلۆمەتر زیاتر نەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×