"پارتی ھەوڵ ئەدات حیزبەکان ڕازی بکات مەرجەعی بڕیاردان پێکبھێنن"
  2019-08-14       2220       

لەتیف مستەفا، په‌رله‌مانتاری پێشوی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت پارتی ھەوڵ ئەدات حیزبەکانی بەشدار لەحوکمەت  ڕازی بکات ئەنجومەنی پارتە سیاسیەکان پێکبھێنێ و یاسای بۆ دەرکات و بیکاتە ئەنجومەنێکی فەرمی لەپاڵ سێ دەسەڵاتەکەی تر، ئەو دەڵێت "پارتی دەیەوێ باڵاتریشی بکات بەسەر سێ دەسەڵاتەکەی ترەوە و بیکاتە مەرجەعی بڕیار دان، ھەموو ئەوەی پارتیش ھەوڵی بۆ ئەدات بریتیە لەبەمەرجەع کردنی مەسعود بارزانی".

ئاوێنه‌: لەتیف مستەفا، په‌رله‌مانتاری پێشوی گۆڕان له‌نوسینێكدا رایگه‌یاند ''ئەم ئەنجومەنە ئەگەر ئەنجومەنێکی دەسەڵاتدار بێت و دەسەڵاتی بڕیاردانی ھەبێ ئەنجومەنێکی نادەستوریەو لە سیستەمی دیموکراتی پەرلەمانیدا جێگای نابێتەوە، بەڵکو جۆرێکە لەو ئەنجومەنە نا ھەڵبژێردراوە نا دیموکراتیانەی لەسەدەی ڕابردوو لە وڵاتانی ناوچەکە و لە عێراقیش ھەبوون وەک مەجلیسی قیادەی سەورە، بۆیە نابێ حیزبەکانی تر و باڵی نێچیرڤان بارزانیش لەناو پارتیدا بە ھیچ شێوەیەک ئەوە قبوڵ بکەن''.

ئاناژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "پێش دروست بونی حوکمەت لەبەرامبەر گۆڕینی سیستەمی سیاسی بۆ پەرلەمانی و داماڵینی دەسەڵات لە سەرۆکی ھەرێم و کردنی بەدەسەڵاتێکی پڕۆتۆکۆڵی دەشیا ئەنجومەنێکی وا دابمەزرایە و مەسعود بارزانیش سەرۆکی بوایە ئەویش بە دوو مەرج یەکەمیان ئەنجومەنەکە سیاسی بوایە نەک یاسایی  دوەم ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری بێ دەسەڵات بوایە ئەویش لە بەرامبەری ئەوەی سیستەم بکرێتە پەرلەمانی و سەرۆکی ھەرێم پڕۆتۆکۆلی بوایەو بدرایە بە یەکێتی یان گۆڕان ،بەڵام کە ئەوە نەکراوە سیستەمەکە لە ھەرێم نەبۆتە پەرلەمانی و پارتی ھەردوو دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمی بەدەسەڵاتەوەو سەرۆکی حوکمەت و تەنانەت سەرۆکی پەرلەمانیشی لایە ،چونکە (ئەوەندەی تێبینیم کردوە میدیای پارتیش و پەرلەمانیش زاراوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکار دێنێ بەمەبەست بۆ ئەوەی بڵێ سەرۆکایەتێ پەرلەمان دەستەیە نەک تاک لەم حاڵەشدا سەرۆکایەتی پەرلەمان واتە ھی پارتیە چونکە لە سێ دەنگ دوانی ھەیە)".

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ "لەحاڵەتێکی وادا ڕازی بون بەئەنجومەنێکی سیاسی دەسەڵاتدارو کردنی بەمەرجەع واتە جاڕدانی ئاشکرای دیکتاتۆریەتی تاکەکەسی و تەنانەت تەرکیز کردنی دەسەڵاتەکان کە ھەموشیان بەدەست پارتیەوەن لەدەستی یەک کەسدا".

له‌ كۆتای نوسینه‌كەشیدا ده‌ڵێت ''لە جیاتی ئەوە با لایەنەکانی غەیرە پارتی پێشنیازی ئەوە بکەن سیستەم ببێ بە پەرلەمانی کۆماری و ئەنجومەنەکەش ڕاوێژکاری بێت،یان تەنانەت ڕازیش بن «ھەرچەندە ئەمە دژی دەستوری عێراقیشە » سیستەم ببێ بە پەرلەمانی پاشایەتی دەستوری و مەسعود بارزانی ببێتە پاشای دەستوری کوردستان بە مەرجێک سیستەمی پەرلەمانی مەلەکی بێت و دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ بگوازرێتەوە و پاشا  دەسەڵاتی ڕاستەقینەی نەبێت و و پڕۆتۆکۆلی بێت و خزم و کوڕو نەوەی پاشا تا پلەی چوارەم بۆیان نەبێت ھیچ پۆستێکی ڕەسمی وەربگرن  وەک ئەوەی لە ھەموو سیستەمە پەرلەمانیەکاندا ھەیە''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×