مه‌سعود بارزانی پەیامێکی بە بۆنەی 73 ساڵەی دامەزراندنی پارتی بڵاو کردەوە
  2019-08-15       920       

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 16ی ئاب-ەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پارتی لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییكردن لە مافە ڕەواكانی گەلەكەماندایە و لە پێناو سەرفرازی و ئازادیی گەکەماندا.

ئاوێنه‌: مەسعود بارزانی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا رایگەیاندوە، "بەبۆنەی شانزەی ئاب، حەفتاوسێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەمو كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم، هەروەها، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵکی كوردستان دەكەم"‪.‬

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی شانزەی ئاب، حەفتاوسێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. هەروەها، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵکی كوردستان دەكەم‪.

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییكردن لە مافە ڕەواكانی گەلەكەماندایە و لە پێناو سەرفرازی و ئازادیی گەکەماندا، هاوشان لەگەڵ هێزە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی تری كوردستان، قوربانی زۆری داوە‪. 

پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سیاسەتێکی ڕاست و دروست و ڕاشکاوانەوە خەباتی کردووە و ئامانجی ستراتیژی دەستنیشان كردووە و تا ئەمڕۆش بەپێڕەوی کردن لە ڕێبازی بارزانی، وەک ڕێگەی ڕاستی کوردایەتی، لە دروشم و لە كرداردا پێشەنگە. 

لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم، جارێکی دی سوپاسی خۆڕاگری و كۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم. پشتیوانی و خۆڕاگریی ئێوەی ئازیز، سەرمایەی لەبننەهاتووی پارتییە و هێزی زیاترمان دەداتێ و هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان، پتەوتر دەکات. 

 سڵاو لە گیانی پاكی شەھیدان، سڵاو لە پێشمەرگە، بژی كوردستان

هەمیشە شاد و سەرفراز بن 

مسعود بارزانی


15ـی ئابی 2019

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×