2019-08-15   842     
ئەندامێکى سەرکردایەتى پارتى جەخت دەکاتەوە پێگەى بارزانى گەورەیەو پێویستە بە مەرجەعبونێکى نایاسایی ناکات.
ئاوێنه: عەلى عەونى ئەندامى سەرکردایەتى پارتى لە وتارێکدا نوسیویەتى "پارتی ھەمیشە پاڵپشتیی یاسا سەروەری و دەزگاکانی حکومەتی کردوە لە راستیدا لە ھەبونی دام و دەزگا شەرعی و فەرمییەکانی حکومەتی کوردستاندا، پارتی ھەرگیز بیر لە ئەنجومەنێکی حیزبەکان ناکات بۆ جێگرتنەوەی دام و دەزگا حکومیەکان".
ئاماژەى بەوەشکردوە بارزانی سەرەڕای ئەو ھەموو دژایەتییە رێبەری حیساب بۆ کراوی کوردستانە و ژمارەیەکی گەورەیە لە سیاسەتێ رۆژھەڵاتی ناوەراستدا. بارزانی پێویستیی بەو ئەنجومەنە نایاساییانە نییە و شەرعیەت و بە مەرجەع بوونی خۆی لە ئێوە وەرناگرێت.
عەونى دەشڵێت، ئێستاش کوردستانیان چاویان لە دەم و بڕیاری سەرۆک بارزانییە، لە رابردوودا ھەموو ھەوڵێکردراوە بۆ لاواز کردنی سەرۆک بارزانی و پارتى.
دوێنی لەتیف مستەفا، پهرلهمانتاری پێشوی گۆڕان رایگهیاند پارتی ھەوڵ ئەدات حیزبەکانی بەشدار لەحوکمەت ڕازی بکات ئەنجومەنی پارتە سیاسیەکان پێکبھێنێ و یاسای بۆ دەرکات و بیکاتە ئەنجومەنێکی فەرمی لەپاڵ سێ دەسەڵاتەکەی تر، ئەو دەڵێت "پارتی دەیەوێ باڵاتریشی بکات بەسەر سێ دەسەڵاتەکەی ترەوە و بیکاتە مەرجەعی بڕیار دان، ھەموو ئەوەی پارتیش ھەوڵی بۆ ئەدات بریتیە لەبەمەرجەع کردنی مەسعود بارزانی".