"كه‌س نازانێت داهاتی یانه‌ی وه‌رزشی شێروانه بۆ كوێ ده‌ڕوات"
ژماره‌یه‌ك وه‌رزشوانانی بواری كیك بۆكسێنگ (كۆنگفۆ) له‌قه‌زای كه‌لار ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی یانه‌ی وه‌رزشی شێروانه‌وه له‌ناو بینای وه‌رزش‌و لاوان ده‌ركراون‌و كه‌سانی دیكه خراونه‌ته جێگه‌كه‌یان. هه‌روه‌ها ئاشكرای ده‌كه‌ن كه نازانن "داهات"ی یانه‌كه‌یان بۆ كوێ ده‌ڕوات. جێگری یانه‌ی شێروانیش ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌تده‌كاته‌وه.
ئه‌و وه‌رزشوانانه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له‌سه‌ر ئاستی كوردستان‌و عێراقدا چه‌ندین خه‌ڵاتی جۆراوجۆریان پێبه‌خشراوه، به‌ڵام له‌ڕووی داراییه‌وه تائێستا یانه‌ی وه‌رزشی شێروانه هاوكاری نه‌كردوون.
جێگری راهێنه‌ری كیك بۆكسێنگ، سه‌باح كه‌ریم بۆ ئاوێنه‌ی رونكرده‌وه كه زۆرجار له‌لایه‌ن پاسه‌وانی بینای وه‌رزش‌و لاوان له‌كه‌لار رێگرییان لێكراوه كه یاری كۆنگفۆ له‌بیناكه‌دا بكه‌ن‌و وتی "زۆرجار ده‌پاڕاینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پاسه‌وانه‌كه ده‌رگاكه‌مان لێبكاته‌وه یاری كۆنگفۆ بكه‌ین كه به‌و هۆیه‌شه‌وه چه‌ندینجار ده‌مه‌قاڵه له‌نێوان ئێمه‌و پاسه‌وانه‌كه‌دا دروستبووه".
ناوبراو ماوه‌ی 16 ساڵه له‌بواری كۆنگفۆدا یاری ده‌كات‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه تائێستا له‌لایه‌ن یانه‌ی وه‌رزشی شێروانه‌وه هاوكاری نه‌كراون كه‌سیش نازانێت "داهات"ی ئه‌و یانه‌یه بۆ كوێ ده‌ڕوات‌و وتی"ئه‌وانه‌ی به‌رپرسن له‌یانه‌یه‌دا ده‌زانن ئه‌و داهاته بۆ كوێ ده‌ڕوات، له‌كاتێكدا من زۆربه‌ی یارییه‌كانم به‌ناوی یانه‌كه‌وه كردووه، به‌ڵام تائێستا داد‌و بێدادمه‌و نازانم ئه‌و داهاته بۆ كوێ ده‌ڕوات كه یه‌ك دیناریشم وه‌رنه‌گرتووه".
سه‌باح رونیكردووه كه راهێنه‌ره‌كه‌یان چه‌ندین ساڵه له‌بواری كۆنگفۆ خزمه‌ت ده‌كات، به‌ڵام یانه‌كه‌یان گرنگی پێنه‌داوه‌و وتی "ئه‌و یانه‌یه هیچ وه‌فایه‌كی بۆ راهێنه‌ره‌كه نه‌بووه".
ئه‌و وه‌رزشوانه ره‌خنه له‌یانه‌كه‌یان گرت كه له‌كاتێكدا به‌ناوی ئه‌وانه‌وه یارییان كردووه، به‌ڵام ئه‌وان رۆژێك له‌ڕۆژان سه‌ردانیان نه‌كردون‌و وتی "یه‌كه‌مجار 54 یاریزان بووین، به‌ڵام ئێستا بێ بینایی وایلێكردوین یاریزانه‌كانمان ببنه 15 یاریزان".
جگه له‌جێگری راهێنه‌ری یاری كۆنگفۆ، یاریزانه‌كانیشیان ره‌خنه‌یان له‌یانه‌كه هه‌یه. سه‌ركه‌وت كه‌ریم وه‌رزشوانێكی یاری كۆنگفۆیه‌و به‌وته‌ی خۆی له‌بینای وه‌رزش‌و لاوان له‌كه‌لار "ده‌ركراوه"و به‌رپرسێكی یانه‌ی شێروانه‌ش بوه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م یاریكردنیدا‌و نه‌یانهێشتووه له‌و بینایه‌دا په‌ره به‌یاریكردن بدات.
ناوبراو وتی "هه‌رچه‌نده ئه‌و بینایه بۆ وه‌رزشكردن دروستكراوه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه حیزبی نین‌و وه‌ك ئه‌وان ناتوانین په‌یوست بین به‌مه‌ڵبه‌ند‌و كۆمیته‌كانه‌وه بۆیه ده‌ركراین".
لای خۆیشیه‌وه راهێنه‌ری كیك بۆكسێنگ، وریا عه‌لی له‌لێدوانێكدا به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند كه هه‌تا ئێستا هۆكارێكی روون‌و ئاشكرایان پێنه‌وتون تابزانن له‌سه‌ر چی ده‌ركراون له‌یانه‌ی شێروانه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه ئه‌و بینایه‌ی پێیانداون جێگه‌ی (وه‌رزش‌و لاوانی گه‌رمیان)ه‌و هیچ په‌یوه‌ندی به‌یانه‌ی وه‌رزشی شێروانه‌وه نییه‌و وتی "ئێمه بیست ساڵه خزمه‌ت به‌شێروانه ده‌كه‌ین، به‌ڵام تائێستا هیچ جێگایه‌كمان نه‌بووه‌و هیچ هاوكارییه‌كی ماددی‌و مه‌عنه‌ویشمان نه‌بووه".
ناوبراو جه‌ختی كرده‌وه كه بۆ هه‌موو پاڵه‌وانێتییه‌ك له‌سه‌ر ئاستی كوردستان‌و عێراق له‌حیسابی خۆیان به‌شدارییان كردووه‌و وتی "ئێستا كێشه‌كه‌مان خستۆته به‌رده‌م ئیداری گه‌رمیان، هه‌رچه‌نده به‌نوسراوی فه‌رمیش ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یانه‌ی شێروانه كراوه، به‌ڵام تائێستا هیچ وڵامێكیان پێنه‌داوینه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها جێگری یانه‌ی وه‌رزشی شێروانه، ئازاد حه‌مید ره‌تیكرده‌وه ئه‌و وه‌رزشوانانه‌ی بواری كیك بۆكسێنگ له‌و بینایه‌دا ده‌ركرابن‌و وتی "هیچ وه‌رزشوانێك له‌و بینایه‌دا ده‌رنه‌كراوه".
ده‌رباره‌ی دورخستنه‌وه‌ی ئه‌و راهێنه‌ره، سه‌رۆكی یانه‌ی وه‌رزشی شێروانه، عه‌لی محه‌مه‌د به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند كه له‌ڕاهێنه‌ره‌كه ناڕازین، چونكه ویستویه‌تی پۆسته‌كه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی به‌كار بهێنێت. هه‌روه‌ها وتیشی "ئه‌و یاریزانانه تێیاندایه پارتی‌و گۆڕان‌و یه‌كگرتوون". ده‌رباره‌ی داهاتی یانه‌كه‌شیان، محه‌مه‌د وتی "هه‌ر كه‌سێك گومانی هه‌یه له داهات‌و چۆنێتی خه‌رجكردنی پاره‌ی یانه‌كه‌مان، ئه‌وا ده‌توانێ سه‌ردانی به‌شی ژمێریاریمان بكات، تا بۆی رونبێته‌وه پاره‌ی یانه‌كه چی لێدێت".

















