ئاوێنه نیوز
نزیكه‌ی هه‌شت مانگه به‌نده وه‌ك سه‌رنوسه‌ری سایتی ئاوێنه نیوز دیاریكراوه. به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه، هێنده‌ی كاته‌كان به‌سه‌رقاڵبون به‌دروستكردنی ئه‌م سایته نوێیه‌وه كه ئێستا له‌به‌رده‌ستاندایه، سه‌رفكرا، هێنده نه‌تواندرا كارێكی جددی له‌ناوه‌ڕۆكدا بكرێت، ئێستاش پاش به‌ئه‌نجام گه‌یشتن، كاتی ئه‌وه هاتوه قسه‌یه‌ك له‌باره‌ی چۆنێتی دروستكردنی ئه‌م سایته‌و پلانه‌كانی داهاتومانه‌وه بكه‌ین.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه واقیعێكی نوێ خۆی سه‌پاندوه كه تێیدا میدیای سه‌ر كاغه‌ز، له‌ڕوی ژماره‌ی خوێنه‌ره‌وه، به‌ره‌و دواوه هه‌نگاوده‌نێت‌و ورده ورده ده‌بێته میدیای ده‌سته‌بژێر، له‌به‌رامبه‌ریشدا میدیای ئه‌لكترۆنی زیاتر خۆی هێناوه‌ته پێش‌و به‌هۆی خێرایی‌و بونی پانتاییه‌كی بێ‌سنور بۆ بڵاوكردنه‌وه‌و به‌رده‌ستبونی هێڵی ئه‌نته‌رنێت بۆ هه‌موان، زۆربه‌ی خوێنه‌ره‌كانی به‌لای خۆیدا راكێشاوه، دیاره ئه‌م باسه دیارده‌یه‌كی جیهانیه‌و كوردستانیش به‌شێكی دانه‌بڕاوه له‌و جیهانه.
له‌م روانگه‌یه‌وه كۆمپانیای ئاوێنه ماوه‌یه‌ك بوو دركی به‌و راستیه كردبوو كه پێویسته سایتی ئاوێنه نیوز گه‌شه‌پێبدرێت‌و ستافه‌كه‌ی فراوانتر بكرێت‌و بگره به‌زیاتر له‌زمانێكیش بڵاوبكرێته‌وه، به‌ڵام ره‌نگه گه‌وره‌ترین رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و كاره‌دا باری دارایی كۆمپانیاكه‌مان بوبێت، به‌تایبه‌ت كه به‌و هۆیه‌وه ئاوێنه ناچار بو له‌مانگی هه‌شتی ساڵی رابردودا یه‌كێ له‌به‌رهه‌مه گرنگه‌كانی دابخات كه بریتی بو له‌رۆژنامه‌ی "ئاوێنه سپۆرت".
له‌م بگره‌و به‌رده‌یه‌دا، رێكخراوی "فری پرێس ئه‌نلیمیتد (FPU)"، كه رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی هۆڵه‌ندیه، ئاماده‌یی خۆی نیشاندا بۆ دروستكردنی سایتێكی نوێ بۆ ئاوێنه‌و گرتنه ئه‌ستۆی كۆی تێچونه‌كان.
دیاره له‌سایتی نوێ‌دا، ئاوێنه نیوز مه‌به‌ستی بوه له‌لایه‌كه‌وه جددیه‌ت‌و راستگۆیی خۆی له‌ده‌ستنه‌دات وه‌ك میدیایه‌كی سیاسی هاوسه‌نگ‌و بێلایه‌ن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه وه‌ك ده‌بینن ویستی بوه سایتێكی فراوانتر‌و هه‌مه‌ره‌نگتر‌و پڕ خزمه‌تگوزاریتر بێنێته ئاراوه، به‌تایبه‌ت كه جگه له‌به‌شی سیاسی، چه‌ندین به‌شی تری له‌خۆگرتوه وه‌ك وه‌رزش‌و هه‌واڵی هه‌مه‌ره‌نگ‌و سه‌رنج راكێش، ئه‌مه جگه له‌به‌شی تایبه‌ت به‌بیروڕا به‌شێوه‌یه‌ك جێی هه‌مو ره‌نگ‌و را جیاوازه‌كانی تێدا ببێته‌وه.
له‌ئێستاشدا‌و پاش كه‌وتنه سه‌ركاری سایتی نوێ، دڵنیاین كارمان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆك‌و كۆی پلانی داهاتومان، هاوشێوه‌ی كاری هه‌شت مانگی رابردومان، كارێكی ده‌سته‌جه‌معیه‌و به‌ته‌نها به‌كه‌سێك ناكرێت، به‌ڵكو پێویستی به‌هاوكاری مه‌عنه‌وی سه‌رجه‌م دۆستانی ئاوێنه هه‌یه.
ئه‌گه‌رچی پلانی سه‌ره‌كی ئاوێنه نیوز له‌مڕۆ به‌دواوه كاركردن ده‌بێت له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆك، چونكه ناكرێت تۆ روخسارت بگۆڕیت‌و به‌هه‌مان كواڵێتیه‌وه بچیته به‌رده‌م خوێنه‌ر، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ش بوترێت كه له‌م سه‌رده‌مه‌ی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیادا، چیتر هاوڵاتی ته‌نها وه‌رگر نییه، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌ك بوه به‌به‌شێك له‌دروستكردن‌و گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ تا ئه‌و راده‌یه‌ی زاراوه‌ی "هاوڵاتی رۆژنامه‌نوس" هاتۆته ئاراوه كه تێیدا به‌هۆی فراوانبونی تۆڕی ئه‌نته‌رنێت‌و هاتنه ئارای تۆڕه‌كانی به‌یه‌كگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه فه‌یسبوك، توانیویه‌تی، زۆرێك له‌كاته‌كان، له‌رۆژنامه‌نوس زیاتر رۆڵ بگێڕێت‌و خێراتر رای گشتی له‌مه‌ڕ باسێكی دیاریكراو بخۆڵقێنێت.
مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه كه چه‌نده ده‌زگایه‌كی رۆژنامه‌وانی، به‌تایبه‌ت ئاوێنه نیوز، پێویستی به‌وه‌یه له‌ڕوی ناوه‌ڕۆكه‌وه كواڵێتیه‌كی به‌رزتر نیشانبدات، هێنده‌ش پێویستی به‌وه‌یه په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێز‌و پڕ متمانه له‌گه‌ڵ هاوڵاتی‌و خوێنه‌ره‌كانیدا دروستبكات.
لێره‌وه ئاوێنه له‌ڕێی ئه‌م سایته نوێیه‌وه، خوازیاره هه‌میشه له‌په‌یوه‌ندی پته‌و‌و به‌رده‌وامدابێت له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان، چ وه‌ك خوێنه‌ر‌و چ وه‌ك هاوڵاتی رۆژنامه‌نوس، چونكه به‌بێ یارمه‌تی‌و پشتگیری ئه‌وان، ئاوێنه به‌ته‌نها ناتوانێت كۆی هه‌واڵ‌و گۆڕانكاریه‌كان وه‌ك پێویست روماڵ بكات. ئه‌وه‌ی ره‌نگه ئه‌م قسه‌یه‌ش بسه‌لمێنێت ئه‌و وێنه‌و گرته ڤدیۆییانه‌یه كه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی "به‌هاری عه‌ره‌بیی"دا گه‌یشتنه ده‌ست میدیاكان‌و هه‌رای گه‌وره‌یان نایه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی پێشێلكاریه زه‌قه‌كانی مافی مرۆڤیان خسته روو، هه‌مو كه‌سێكیش ده‌زانێت ئه‌وانه‌ی ئه‌و ڤدیۆیانه‌یان گرت رۆژنامه‌نوس نه‌بون، به‌ڵكو "هاوڵاتی رۆژنامه‌نوس" بون!
خاڵێكی گرنگی تری كاری داهاتوی سایتی ئاوێنه بریتی ده‌بێت له‌وه‌ی به‌زیاتر له‌زمانێك هه‌واڵه‌كانی په‌خش بكات، له‌مڕوه‌شه‌وه ئاوێنه له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ رێكخراوی "FPU" تاكو له‌داهاتویه‌كی نزیكدا په‌یجێكی نوێی تایبه‌ت به‌زمانی عه‌ره‌بی دروست بكات‌و له‌ڕێیه‌وه بتوانێت هه‌واڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێته به‌شی عه‌ره‌بیی عێراق‌و ناوچه‌كه‌ش، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت كه ستافی ئاوێنه نیوز له‌فراوانبونی به‌رده‌وامدا ده‌بێت.
دوا خاڵ كه به‌گرنگی ده‌زانم ئاماژه‌ی پێبده‌م، سوپاسی به‌نده‌و كۆی ستاف سایتی ئاوێنه‌یه بۆ گروپی "ئا‌ڤێستا گروپ" كه له‌ساڵی 2006دا سایته كۆنه‌كه‌ی ئاوێنه‌یان دروست كرد‌و به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه، تاكو ئه‌مڕۆ، خۆبه‌خشانه‌و به‌و په‌ڕی دڵسۆزیه‌وه كاریان بۆ ئاوێنه كردوه‌و هه‌میشه وه‌ك كارمه‌ندێكی ئاوێنه هاتونه‌ته پێش‌و رۆڵی گه‌وره‌یان بینیوه له‌وه‌ی ئاوێنه به‌رده‌وام بێت له‌پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كانی‌و له‌م پێناوه‌شدا زۆر جار شه‌ونوخونیان كردوه له‌كاتی رودانی كێشه‌و وه‌ستانی سایته‌كه‌ماندا.
*سه‌رنوسه‌ری سایتی ئاوێنه نیوز

















