پەرلەمانی ھەرێم و خودکوژی سیاسی
گەر یەکێک لە پێناسە فەلسەفییە گرنگەکانی سیاسەت „چاکەی کۆمەڵایەتی“ بێت، ئەوا ئەمڕۆ لە ژێر فەرمانڕەوایەتی پارتی و یەکێتیدا بووە بە خراپەکارییەکی کۆمەڵایەتی.
بێگومان لە وڵاتگەلێکی چەشنی کوردستان کەس بەغیلی بە شوێنگەی ئۆپۆزیسیۆن نابات و کەسیش ناتوانێت لە گرنگیی بوونی کەمبکاتەوە، بەڵام من وایدەبینم کە ئۆپۆزیسیۆن چیدی لە پەرلەماندا ھیچ ڕۆڵ و وەزیفەیەکی کۆنکرێت و پۆزەتیڤی بۆنەھێڵدراوەتەوە، بۆئەوەی وەکو پێویست بێگێڕێت و جێبەجێیبکات. لە کاتێکدا ئەمڕۆ شەڕێکی ناتەبا و ناڕەوا لەڕووی بەکارھێنانی ھێزەوە دژ بە خەڵک و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاگەیەنراوە، کاری ئۆپۆزیسیۆن تەنھا نیشاندانی وەحشەتگەریی دەسەڵات نییە بۆ ڕای گشتیی کوردستان؛ لەوەش کەمتر، گێڕانی ڕۆڵی بینەر یان ناوبژیوان نییە لە نێوان شەقام و دەسەڵاتدا. ستراتیژی دەستەمۆکردنی ئۆپۆزیسیۆن لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە چ لە ناو پەرلەمان و چ لە دەرەوەی پەرلەماندا خەریکە ڕۆڵ و شوێنگەی ئۆپۆزیسیۆن بگەیەنێتە دۆخی بەستەڵەکی سیاسیی. گەر دۆخی پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی ئینسانی ئێمە بەم شێوەیە بڕوات، ئەوا مەترسی گەورەی ئەوە ھەیە کە وەزیفەی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆنی ناو پەرلەمانی ھەرێم، لە چاودێرێکی ئەکتیڤی کارەکانی حکومەت و پرۆسەی سیاسییەوە بگۆڕدرێت بۆ تەماشاکەرێکی پاسیڤی دۆخی سیاسیی لە وڵاتدا. پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن ئەوەندە بێدەسەڵات نین کە ھیچیان پێنەکرێت، بۆیە لەڕاستیدا ئەوەی پێویستیان پێیەتی فەنتازیا و ئایدیای نوێی شەڕی پەرلەمانتارییە و دۆزینەوەی کەرەسەی نوێیە بۆ ئەم شەڕەش. بێگومان ئەمەش شتێک نییە لەناو ھۆڵەکانی پەرلەمانی ھەرێمدا فێری ببن، بەڵکو دەبێت تەماشای ئەزموونی وڵاتانی تر و ھاوشێوەکانیان بکەن، تەماشای شەقام بکەن کە چۆن پارساڵ ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانی دروستکرد و ئەوانیشی لەگەڵ خۆیدا ئەکتیڤکردەوە. گەر خۆ ھیچ ئایدیایەکشیان نییە، پێویستە ڕاوێژبکەن، تاوەکو لەم دۆخی پاسیڤی و سڕبونە ڕزگاریان بێت.
پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دەزگایەکە لە ماوەی تەمەنی چەندین ساڵەی خۆیدا بووە بە شوێنێک بۆ گۆجبوونی کردەی سیاسەت و گەوجبوونی فیکری سیاسیی. پەرلەمان چەشنێک لە کولتووری کاوێژکردن و باوێشکی سیاسیی بەرھەمھێنا کە تیایدا پەیوەندی خەڵک بەم مۆدێلە تاکڕەوییەی „زۆرینەی دووحیزبی“، لە پەیوەندی نێوان نەخۆش و دکتۆر بچێت: چاوەڕوانیی زۆر لە کاتی سەرەگرتن، بەچەشنێک کە نەخۆش لەو ماوە زۆرەدا دەتوانێت بچێتە کۆلێژی پزیشکییەوە، تەماشانەکردن و گوێنەگرتن لە گرفتەکانی نەخۆش، کەمی کات و بەھەندوەرنەگرتنی خەمەکانی، نەزانین لە دیاریکردنی بیمارییەکەی، نووسینەوەی رەچەتەی ناڕاست، عەمەلیاتی سەقەت، خواردنی دەرمانی بەسەرچوو و لەدوادەرئەنجامیشدا ئەگەری کاریگەرییە خراپەکانی „چارەسەرەکەش“ بریتیین لە: سەقەتبوون، سکچوون، دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی بە زانست و تەکنیکی مۆدێرن و ڕووکردن لە شێخ و مەلا.
ڕاستە کە ئەزموونی پەلەمانتاریی لە کوردستاندا بوونی نەبووە، بەڵام لەڕاستیدا داھێنانی کولتووری بێماناکردنی پرۆسەی دیموکراسیی و کوشتنی کولتووری گفتوگۆ یەکەم بەرھەمی ئەزموونی پەرلەمانیی فرەفراکسیۆنی کوردستان بوو بەسەرۆکایەتی کەمال کەرکوکی. ئەم مۆدێلی فەرمانڕەوایەتییەی کوردستان لە ئۆتۆمبیلێک دەچێت کە تیایدا حکومەت (سوکان)ی بەدەستەوەیە و حیزبەکان (ئستۆپ)دەگرن و تەنھا ئیشی پەرلەمانەکەشی ئەوەیە کە نەھێڵێت حیزب و حکومەت تووشی (حادیسە) بن.
ھەر لەسەر ئەم بناغەیەش من وایدەبینم کە ئەم پەرلەمانەی ھەرێمی کوردستانە لەم فۆرمەی ئێستایدا، ھیچ وەزیفەیەکی ڕاستەقینەی سیاسیی نییە؛ تاکە وەزیفەیەک ھەیبێت بریتییە لە بێزاراندن و مومیلکردنی خودی کردەی سیاسەت. لەکاتێکدا ئەم وڵاتەی ئێمە پڕێتی لە موفاجەئەی گەورە و بچووک، کەچی تاکە شوێنێک لە کوردستاندا کە دوژمنی موفاجەئە بێت و بێبەرییبێت لە ھەموو موفاجەئەیەکی سیاسیی و میدیایی، پەرلەمانەکەیەتی. بوونی یان نەبوونی ئەم پەرلەمانەی ئێستای ھەرێمی کوردستان ھیچ لە بڕیارە سیاسییەکان و خەمەکانی کۆمەڵگا و پرۆسەی چاودێری و چاکسازی ناگۆڕێت. چونکی گەمە و ئەکتەرە سیاسییەکان لە پەرلەمانی ھەرێمدا فیلمێکی بینراوە، گەمەیەکە کە ڕۆڵی یاریزانەکانی دیارن و دەرئەنجامی دەنگدانەکانیش تیایدا بێموفاجەئەن. کارەسات ئەوەیە کە ئەم کولتوورە سیاسییە وا لە خەڵک بکات بڕوای بە کولتووری پەرلەمانتاریی نەمێنێت و ئەمەش زەمینە خۆشبکات بۆ سەرھەڵدانی کولتووری ئەنتی پەرلەمانتاریزم.
ھەر ئەم دۆخەشە پێماندەڵێت: ئەوەی ئەمڕۆ لە ھەموو کاتێکی تر لەسەر ئۆپۆزیسیۆن پێویستە، دووبارەپێناسەکردنەوە و داڕشتنەوەی ستراتیژ و میکانیزمێکی نوێی خەباتی پەرلەمانییە لە ھەرێمی کوردستاندا.
ھەڵوێستێکی سیاسی و ئینسانی دروستە کە نابێت ھیچ بەھانەیەک بدرێتە دەست پارتی و یەکێتی تا جارێکی تر فەزای سیاسیی لە وڵاتی ئێمەدا تیرۆر بکەن و بەئاسانی دەستیان بچێتە خوێنی ئینسانی ئێمە. بەھەمان شێوە ھونەر و بەرپرسیارێتییەکی گەورەشە نەھێڵدرێت گرژیی زیاتر و ئەگەرەکانی شەڕی ناوخۆ نزیکبێتەوە. بەڵام واقیعی ئەم دۆخەی ئێستا پێماندەڵێت: تەنھا ئەوە گرنگ نییە ڕێگربین لەوەی کە جارێکی تر لە دوای حەڤدەی شوباتەوە گەنجێکی تری ئەم وڵاتە ببێتە قوربانیی فیشەکی حیزب، بەڵکو گرنگ ئەوەشە کە نەھێڵین مافی یەک کەسی تریش بریندار بکرێتەوە. بۆیە کارەساتە کاتێک ڕۆژنامەنووسان و گەنجانی کوردستان بەشێوەیەکی دیموکراسیی تێیانھەڵبدرێت و ئەشکەنجەبدرێن، نوێنەرانی ئۆپۆزیسیۆنی گەلیش لە پەرلەماندا تەماشای „فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی باوێشکدەران“ی ھەرێم بکەن و وەنەوز بیانگرێت و فیکرە و توانایەکیان بۆ ڕاچەڵەکاندنیان پێنەبێت. مەترسیی ئەم دۆخە تەنھا زویربوونی خەڵک نییە لە ئۆپۆزیسیۆنێک کە بۆ واقیعی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستان زۆر پێویست و گرنگە، بەڵکو دروستبوونی فەزایەکە کە خەڵک تووشی پەتای بێھوودەیی و بێمانایی بکات.
لەدوای دووبارە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی نافەرمی و سەوزکردنی زستانی کوردستان بە چەکدارەکانی حیزب و ڕەشکردنی شەقامەکان بە دەمامکبەسەر و ڕاوکردنی کامیرای ڕۆژنامەنووسان و خنکاندنی دەنگی ناڕەزایی گەنجەکانمان؛ دۆخی ئەمڕۆ پێماندەڵێت کە بەتەنھا مافەکانی مرۆڤی ئێمە لە مەترسیدا نین، بەڵکو خودی ژیانی ھاونیشتیمانیان لە مەترسیدایە.
لە کوردستاندا کردەی سیاسەت چووەتە دۆخێکی بنبەستەوە، بەڵام ئەم بنبەستییە مانای ئەوە نییە کە خودی سیاسەت وەکو کردەیەکی ئینسانی بۆ دروستکردنی چاکەی کۆمەڵایەتی، لە قەیراندایە، بەڵکو ئەوەی لە قەیراندایە ئەو نوخبە سیاسییەیە کە پرۆسەیەکی خێرای „خودکوژی سیاسی“ی وەگەڕخستووە.

















