هەدەپە: بەرخۆدانمان بەردەوام دەبێت، خۆپیشاندانمان بەردەوام دەبێت
  2019-08-21       1075       
کاردانەوەکان بەردەوامە دژ بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیا بە لابردنی سەلچوک مزراکلی سەرۆکی شارەوانی ئامەد و خستنە سەرکاری قەیوم لە جێگەکەی. ئەندامانی هەدەپە کە ویستیان لە بەردەم بینای سەرۆکایەتی شارەوانی ئامەد کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازبکەن، لە لایەن پۆلیسەوە دەورەدران و سەرجەم ڕێگاکان بۆ بینای شارەوانی گیران و ئۆتۆمبێلی پۆلیسی تێدا جێگیرکرا. شەقامی ئێلازیغ و شەقامەکانی دەوروبەر بە بەربەستی پۆلیس داخران.

ئاوێنه‌: سەزای تەمەللی، ھاوسەرۆكی ھەدەپە و ژمارەیێک پەرلەمانتارانی ئەو حزبە وەك ناڕەزایی دژی بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی دیاربەكر و مێردین و وان لە شاری دیاربەكر گردبوونەوە و بۆماوەیێک لەلایەن پۆلیسی توركیا گەمارۆ دران، دواتر بەربەستی پۆلیسیان شكاند و گرژی و ئاڵۆزی كەوتە نێوان پۆلیس و لانەگران و پەرلەمانتارانی ھەدەپە.

لە شەقامە داخراوەکاندا، پۆلیس پشکنینی ناسنامەی بۆ ئەو هاوڵاتییانە دەکرد کە بە شەقامەکەدا هاتووچۆیان دەکرد.

خۆپیشاندەران دروشمی ''فشارەکان چۆکمان پێدانادات''یان دەوتەوە. لە لایەن پۆلیسەوە ڕێگری کرا لەو گروپەی کە دەیانویست بچنە نێو بینای شارەوانییەوە. ئەو گروپە کە لە نێوانیاندا ئەندام پەرلەمان و سەلچوک مزراکلی تێدابوو، دەستیان کرد بە ناڕەزایی دەربڕین بە دانیشتن لەسەر شەقامەکان. لە پاش دانیشتنیان بۆ ماوەیەک، لە کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە لایەن ریزوان تورانی ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری مێرسین ڕێکخرا.

ڕوونکردنەوە ڕۆژنامەوانییەکەی هه‌ده‌په‌ بەم شێوەیە بوو:

“دەسەڵات و وەزیری ناوخۆکەی بە گەلی کورد دەڵێن ئێوە مۆڵەتی ئەوەتان نییە خۆتان بەڕێوەبەرن و ئێمە پیاوی خۆمان دادەنێین بۆ بەڕێوەبردنتان. قەییوم رەتکردنەوەی دیموکراسییە. رەتکردنەوەی ماف و ئازادییە سەرەتاییەکان و مافی خۆبەڕێوەبردنی گەلە. هەر بۆیە بەرەنگاری بەردەوام دەبێت. هەر کاتێک دەمیان دەکەنەوە باسی ئیرادەی گەل دەکەن، لێرەدا ئەوانەی دەمیان بە ئیرادەی گەل خۆشکردووە هاتوون بە ئاشکرا دەست دەگرن بەسەر ئیرادەی گەلدا. خەڵکی ئامەد و گەلی کورد هەرگیز راناوەستن لە وەڵامدانەوەی زوڵمی دانانی قەییوم. بۆ ئەوەی لە قەییوم تێبگەین با بڕوانین چۆن دیاربەکریان بەڕێوەبردووە. با داواکاری چەرەز و شیرینیمان بیرکەوێتەوە کە سەدان هەزار لیرەیان تێدا خەرج کردووە. ئەو حەمامە بهێنینەوە یادمان. قەییوم لە هەرشوێنێک کارێکی کردبێت، بارێکی قورسی قەرزیان لە پشتەوە بەجێهێشتووە. ئەم پارانە پارەی گەلەکەمانن. قەیوم بە مانای دزیکردن دێت. ئەمڕۆ یەکێک لە قەڵەمکڕاوەکانی ئاکەپە هاتووە و دەڵێت نابێت بڕوانرێتە مەیلی سیاسی خەڵکی ناوچەکە، گەل خۆی لە خۆیدا نەفامە. لەمەودوا گەلی کورد نیشانیان دەدات کە دوێنێ و ئەمڕۆ کێ نەفام بووە و کێ ناسنامە و شەرەف و مێژوو و کولتوری خۆی پاراستووە و قوربانی بۆ داوە.

دەسەڵات وا دەزانێت بە زیادکردنی گێرەشێوێنی بە بەکارهێنانی کێشەی کورد، بەردەوامی بە دەسەڵاتی سیاسی خۆی دەدات. لە هەمان رووباردا دوو جار ناتوانیت خۆت بشۆیت. ئێوە لە سیاسەتدا هیچ مەشروعیەتێکی سیاسیتان نەماوە. هەروەک چۆن دوێنێ گەلەکەمان قەییومی دەرکرد لە شارەکەدا، دەزانین چۆن دووبارەی بکەینەوە. دوبارەکردنەوەی هەمان شت و چاوەڕێکردنی ئەنجامێکی جیاواز نیشانەی گەمژەییە. بەرخۆدانمان بەردەوام دەبێت، خۆپیشاندانمان بەردەوام دەبێت و قەییوم قبوڵ ناکەین. ڕازینابین هەڵبژێردراوان لەو شوێنە دوربخرێنەوە کە هەڵبژێردراون بۆی. قەییومیش دەڕوات و هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپەش هەڵدەدەینە زبڵدانەوه‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×