ئا: بارام سوبحی
نوسه‌رێكی ئه‌مریكی، به‌وردی ژیانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی لەمنداڵیهوه تاوه‌كو به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا‌و په‌یوه‌ندیكردنی بەگروپه جیهادییهكانو راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه. رایده‌گه‌یه‌نێت به‌غدادی كه‌سێكی گۆشه‌گیر بوه‌و زۆر ئاره‌زوی لەتۆپی پێ بوه.
نامیلكه‌ی باوه‌ڕداره تیرۆریسته‌كه: ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی كه‌سێكی گۆشه‌گیرو داخراو، چۆن هۆگری ئایین‌و تۆپی پێ بوه؟ لەنوسینی ویلیا‌م مكانتسو وه‌رگێڕانی سۆران عه‌لی یه، نامیلكه‌كه لەبڵاوكراوهكانی ده‌زگای ئایدیایهو (44) لاپه‌ڕه‌یه. ویلیا‌م توێژه‌رێكی سه‌نته‌ری سیاسه‌ته‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته لەپه‌یمانگای برۆكینگزو به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لەجیهانی ئیسلامییه لەهه‌مان په‌یمانگا، مامۆستای یاریده‌ده‌ره لەزانكۆی جۆنز هۆبكنز. له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی (2009) و (2011)دا راوێژكاری یه‌كه‌می وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوه بۆ بنبڕكردنی توندڕهویو توندوتیژی. هاوكاره لەسهنتهری بنبڕكردنی تیرۆر لەئهكادیمیای وێست پۆینت.
منداڵی‌و هه‌رزه‌كاری به‌غدادی
به‌غدادی ناوی ته‌واوی ئیبراهیم عه‌واد ئیبراهیم ئهلبهدرییهو لەساڵی (1971) لەسامهڕا له‌دایكبوه. كوڕی پیاوێكی لەخوا ترس بوه، كه لەمزگهوتێكی ناوچه‌كه‌دا وانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆزی وتۆته‌وه. ویلیا‌م ده‌ڵێت: ئیبراهیم كه‌سێكی داخراو‌و كهمدوبوه، له‌كاتی قسه‌كردندا بەئه‌سته‌م ده‌نگی بیستراوه. ئه‌و دراوسێیانه‌ی له‌كاتی هه‌رزه‌كارییدا ناسیویانه وه‌ك كه‌سێكی شه‌رمن دێته‌وه یادیان كه تێكه‌ڵ بەكهسانی تر نه‌بوه. ته‌نانه‌ت كاتێك كه‌سانێك له‌كاتی یاری تۆپی پێدا كه وه‌رزشه پهسهندهكهی بوه، خۆیان پێدا ده‌كێشا هێنمی خۆی دهپاراستو هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌ده‌نواند.
له‌زوه‌وه نازناوی "ئیبراهیمه باوه‌ڕداره‌كه" بوه. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش كه لەقوتابخانه نه‌بو، زۆربه‌ی كاته‌كانی لەمزگه‌وتی ناوچه‌كه به‌سه‌ر ده‌بردو سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه ئاینییه‌كان بوه. شامسی برای ده‌ڵێت: كاتێك لەكۆتایی رۆژدا ده‌گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه، خێرا ده‌ستی ده‌كرد بەئامۆژگاریكردنی ئه‌و كه‌سه گومڕایانه‌ی پابه‌ندی رێنماییه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام نه‌ده‌بون.
نوسه‌ر ده‌ڵێت: به‌غدادی لەتهمهنی هه‌رزه‌كاریدا لەخوێندنهوهی قورئاندا سه‌رپه‌رشتی منداڵانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ده‌كرد، ئه‌وه یه‌كه‌م ئه‌زمونی بو لەبواری وتاربێژیو فێركردنی ئاینیدا.
بهعسو به‌غدادی
به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی نوسه‌ر، دوان لەمامهكانی به‌غدادی لەدهزگاكانی ئه‌منی به‌عس لەسه‌رده‌می سه‌دامدا خزمه‌تیان كردوه. یه‌كێك لەبراكانیشی بۆته ئه‌فسه‌ری سوپا. برایه‌كیشی لەجه‌نگی عێراق ئێران‌دا كوژراوه. ره‌نگه به‌غدادیش هه‌مان چاره‌نوسی هه‌بوایه ئه‌گه‌ر ئه‌و چاوكزییهی گیرۆده‌ی ببو، نه‌بوایه‌ته هۆی شیاو نه‌بونی بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی.
به‌غدادی، لەقۆناغی ناوه‌ندی نمره‌كانی مامناوه‌ند بون‌و له‌وانه‌ی ئینگلیزی لەلێواری كه‌وتندا بو، به‌و هۆیه‌وه نه‌یتوانی كۆلێژی یاسا بخوێنێت. له‌بری ئه‌وه قورئانی خوێند. لەساڵی (1996) زانكۆی به‌غدای ته‌واوكرد، پاشان بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر، په‌یوه‌ندی بەزانكۆی سه‌دام بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیسلامی كرد. ساڵی (1999) ماسته‌ری به‌ده‌ستهێناو ده‌ستبه‌جێ په‌یوه‌ندی بەبهرنامهی دكتۆراوه كرد، لەساڵی (2007) دكتۆرای وه‌رگرت. نوسه‌ر ده‌ڵێت: بۆ ئه‌وه‌ی بچێته نێو به‌رنامه‌ی خوێندنی باڵاوه، بێگومان كه‌سانی به‌عسی ناسراوی خانه‌واده‌كه‌ی، یارمه‌تیده‌ری بون.
به‌غدادی‌و ئیخوان
قۆناغێكی تری ژیانی به‌غدادی، په‌یوه‌ندیكردنه بەگروپی ئیخوان موسلیمنهوه. له‌مباره‌یه‌وه نوسه‌ر به‌سه‌رهاته‌كه به‌م جۆره ده‌گێڕێته‌وه: له‌و ماوه‌یه‌ی لەخوێندنی باڵا بو، ئیسماعیل به‌دری مامی خستیه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی بچێته ریزه‌كانی گروپی ئیخوان موسلمینه‌وه.. به‌ڵام به‌غدادی به‌خێرایی به‌لای ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ی سه‌له‌فییه‌كاندا په‌لكێش بو كه ناوی سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان له‌خۆیان نابو. جومعه كه برا گه‌وره‌ی بو ئه‌ندامی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه بو، رابهرهكهشیان محه‌مه‌د حه‌ردان بو كه لەههشتاكاندا به‌شداری شه‌ڕی دژی سۆڤێتی لەئه‌فغانستان كردوه.
به‌غدادی ده‌ستی دایه خوێندنه‌وه‌ی نوسینه‌كانی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی ئیخوان كه جیهادیان كردبوه بیروباوه‌ڕیان. له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌وانیشدا له‌و ره‌وته باوه‌ی نێو گروپی ئیخوان بێزار بو كه پێیوابو ئه‌ندامانیان "خه‌ڵكانێكن قسه ده‌كه‌ن، به‌ڵام كردارییان نییه". لەساڵی (2000)دا به‌غدادی به‌په‌رۆش بو بۆ شه‌ڕكردن.
به‌غدادی‌و میسی
به‌غدادی، دو ژنی هێناوه‌و شه‌ش منداڵی هه‌بوه. ژنی یه‌كه‌می "ئه‌سما" خاڵۆزای خۆی بوه. ژنی دوه‌میشی ناوی "ئیسرا"یه. لەشوقهیهكی بچوك له‌نزیك مزگه‌وتی حاجی زێدان لەگهڕهكی تۆپچی هه‌ژارنشین لەبهغدا ده‌ژیان. قورئانی بەمنداڵان ده‌وته‌وه‌و لەمزگهوتیشهوه بانگی ده‌دا.
نوسه‌ر ئاشكرای ده‌كات، به‌غدادی لەمزگهوتهكهی تیپێكی تۆپی پێی هه‌بو، خۆی ئه‌ستێره‌كه‌ی بو بە"میسی"ی تیپه‌كه ناسرابو. له‌وكاته‌شی لەزیندانی بۆكا بوه، له‌كاتی یاری تۆپی پێدا ناوی "مارادۆنا"یان لێنابو.
قاعیده‌و زیندان
لەكۆتاییهكانی ساڵی (2003)دا به‌شداری لەدامه‌زراندنی سوپای ئه‌هلی سوننه‌و جه‌ماعه‌دا كرد، كه دژی سوپای ئه‌مریكا ده‌جه‌نگان. لەشوباتی (2004) كاتێك سه‌ردانی هاوڕێیه‌كی كرد لەفهلوجه كه ناوی لەلیستی داواكراوان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه هه‌بو، ده‌ستگیركراو لەههشتی كانونی یه‌كه‌می (2004) ئازادكرا، لەدۆسیهكانی زینداندا بە"به‌ندكراوی مه‌ده‌نی" پۆلێنكرابو، ئه‌وه‌ش مانای وایه به‌ندكه‌رانی نهیانزانیبو كه‌سێكی جیهادییه.
سه‌باره‌ت بەماوهی ژیانی لەزیندان، نوسه‌ر ده‌ڵێت: ده مانگ لەزیندان مایه‌وه‌و كاته‌كانی بۆ خۆ رۆشنبیركردنی ئاینی ته‌رخان كردبو. پێشنوێژی دهكردو رۆژانی هه‌ینی وتاری ده‌داو وانه‌ی ئاینی بەزیندانیهكانی دیكه ده‌وته‌وه.
لەساڵی (2006) گروپه‌كه‌ی به‌غدادی په‌یوه‌ندی بەلقی عێراقی رێكخراوی قاعیده‌وه ده‌كات. بەلهبهرچاو گرتنی ئاماده‌ییه زانستیه‌كانی، به‌رپرسیارێتی كاروباری ئاینی لەدهوڵهتی ئیسلامی لەههندێك لەپارێزگاكانی عێراقدا پێدرا. پاشان ده‌بێته سه‌رپه‌رشتیاری لیژنه‌ی شه‌ریعه‌ت. دواتر ده‌بێته ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شورا كه لەیانزه كه‌س پێكهاتوه. دواتر بوه‌ته ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه لەسێ كه‌س پێكهاتوه. له‌م ماوه‌یه‌شدا به‌غدادی داڕشتنی ئه‌و نامانه‌ی گرته ئه‌ستۆ، كه بۆ ئوسامه بنلادن ره‌وانه ده‌كران.
لەساڵی (2010) هه‌ردو سه‌ركرده‌ی قاعیده، ئه‌بو عومه‌ر به‌غدادی‌و ئه‌بو ئه‌یوبی میسری كه لەخانویهكدا ده‌بن لەتكریت له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراقه‌وه گه‌مارۆ ده‌درێن، به‌ڵام خۆیان ده‌ته‌قێننه‌وه. دوای ئه‌و روداوه به‌غدادی ته‌مه‌ن (39) ساڵ بە‌زۆرینه‌ی نۆ ده‌نگ به‌رانبه‌ر دو ده‌نگی ناڕازی بەئهمیر ههڵدهبژێردرێتو نازناوی ئه‌بوبه‌كری به‌غدادی لەخۆی ده‌نێت.