پەنتاگۆن: لێكتێگەیشتمان لەگەڵ ئەنكەرە، رێگە لەهەر ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ ناو خاكی سوریا دەگرێت
  2019-08-23       1600       

شۆن رۆبەرتسۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا(پەنتاگۆن) رایگەیاند، گفتوگۆ سەربازییەكانی نێوان ئەمریكاو توركیا لە ئەنكەرە بەردەوامن و رانەگیراون، دەشڵێت؛ لێكتێگەیشتنی سەرەتایی لەگەڵ ئەنكەرە رێگە لە هەر ئۆپەراسیۆنێكی توركیا لەناو سوریا دەگرێت.

ئاوێنە: شۆن رۆبەرتسۆن، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕەی "حوڕە" رایگەیاند، هەردو وەزیری بەرگری ئەمریكاو توركیا تا ئێستا چەند هەنگاوێكی كۆنكرێتیان ناوەو شەوی 21 لەسەر 22ی ئەم مانگەش داوایان كردوە دەست بە جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پلانی ستراتیژی ئاسایشی سنور بكرێت لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا كە بۆ ماوەیەكی كەم بەردەوام دەبێت وەك زەمینەخۆشكردنێك بۆ چەند قۆناغێكی دیكەی داهاتو.

وتوشیەتی؛ هەمو ئەم قۆناغانە پێكەوە نەخشەڕێگایەك پێكدێنن بۆ پاراستنی سنورەكەو دڵنیایی هەردو لایەنی توركی و كوردی لەوەی هیچ گرژییەك یاخود پێكدادانێكی بێ مەبەست لەنێویاندا رونەدات.

وتەبێژەكەی پەنتاگۆن هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بزوێنەری بنەڕەتی بۆ ئەم پلانە بڕوابونی وەزارەتەكەیە بە رەوایەتی نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا بەرامبەر بە هەندێك لە گروپە كوردییەكان.
رۆبەرتسۆن رەتیكردۆتەوە كە پلانەكە وا وەسف بكات كە ناوچەیەكی پشتێنەی ئەمنی لێدەكەوێتەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە میكانیزمی قۆناغی یەكەم ئامانجیەتی كە چەند دامەزراوەیەكی ئەمنی لەسەر سنور بكاتەوە لەپێناو پاراستنی ئەو ناوچە كوردییانەی دەكەونە رۆژهەڵاتی فوڕات و هەروەها پاراستنی شاری منبج كە دەكەوێتە رۆژئاوای فوڕات كە ئەوەش ئەركی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەكەی ئەمریكا-توركیا دەبێت و هەروەك سەرپەرشتیشی دەكەن ئەوەش لە ناو خاكی توركیاوەو لەنزیك سەر سنوری سوریا.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بۆ "حوڕە"، رۆبەرتسۆن ئاماژەی بەوەداوە كە مەترسی گەڕانەوەی داعش هێشتا شتێكی لواوەو پێویستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ئامانجی كۆتاییهێنانی تەواوە بە داعش و شانە نوستوەكانی بلە ئەركەكەی خۆی دەرنەچێت.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا توركیا هەڕەشەكانی بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی سوریا جێبەجێ ناكات، رۆبەرتسۆن هێمای بە گرنگی ئەو "لێكتێگەیشتنە سەرەتاییە" كردوە كە لەنێوان واشنتۆن و ئەنكەرەدا ئەنجامدراو كە بەپێی قسەی ئەو رێگردەبێت لەهەر ئۆپەراسیۆنێكی توركیا لەناو سوریا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×