سوپای ئیسرائیل بۆردومانكردنی چه‌ند ئامانجێكی هێزی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێرانی له‌سوریا راگه‌یاندو بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیلیش ده‌ڵێت؛ هه‌نگاوه دوژمنكارانه‌كانی ئێران نادیده ناگرن. وه‌زیری هه‌واڵگری ئیسرائیل-یش ده‌ڵێت؛ وڵاته‌كه‌ی پێی ناوه‌ته نێو "جه‌نگێكی ئاشكرا له‌گه‌ڵ ئێران له‌سوریا."
ئا: ئاوێنه
سوپای ئیسرائیل له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه بۆردومانكردنی ئه‌و ئامانجانه‌ی هێزی قودس له وه‌ڵامی ئه‌وه‌دا بوه كه هێزی قودس له سوریاوه موشه‌كێكی زه‌مین به زه‌مینی ئاڕاسته‌ی به‌رزاییه‌كی جۆلان كردوه.
سوپای ئیسرائیل هێمای بۆ ئه‌وه كردوه كه به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ(دوشه‌ممه)، هێرشی كردۆته سه‌ر كۆگایه‌كی چه‌ك، ئامانجێك له فرۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شق، یه‌كه‌یه‌كی هه‌واڵگری ئێران و كه‌مپێكی راهێنانی سه‌ربازی سه‌ر به ئێران له‌سوریا.
نه‌ته‌نیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاند هۆشداری داوه كه وڵاته‌كه‌ی دژ به ئێران و ئه‌و هێزه سوریانه‌ی زه‌مینه‌ی دوژمنكاریی ئێران خۆش ده‌كه‌ن، وه‌ڵامی ده‌بێت.
جه‌ختیشی كرده‌وه"هه‌ر كه‌سێك زیانمان پێ بگه‌یه‌نێت و زیانی پێده‌گه‌یه‌نین."
سه‌باره‌ت به‌و هێرشانه ئاژانسی هه‌واڵی ره‌سمی سوریا باسی له‌وه كردوه كه به‌شێكی زۆری ئه‌و موشه‌كانه‌ی ئیسرائیل له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌رگری ئاسمانی وڵاته‌كه‌یه‌وه، خراونه‌ته خواره‌وه.
هێرشه‌كانی ئیسرائیل له‌كاتێكدا ئه‌نجام دران كه نه‌ته‌نیاهۆ به‌گه‌شتێكی ره‌سمی له "چاد" بو، ئه‌و كه پۆستی وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌كه‌ش به‌ڕێوه‌ده‌بات، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئیسرائیل رایگه‌یاند؛ ئه‌وان ده‌بێت بزانن منیش لێره نه‌بم، سوپا به ئه‌ركه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌ستێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له هێرشه ئاسمانییه‌كانی بۆ سه‌ر ئێران له‌نێو خاكی سوریادا.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه رۆژی پێشتریش ئیسرائیل ئامانجێكی ئێرانی له‌نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شقی سوریا بۆردومان كردبو.
به‌پێی راپۆرته‌كان له هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مڕۆو دوێنێی ئیسرائیل‌دا بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شق، یازده كه‌س كوژراون كه چواریان سه‌ربازی سوری و ئه‌وانی دیكه سه‌ر به هێزی قودسی سوپای پاسداران بون و هه‌روه‌ها شه‌ش كه‌سی دیكه‌ش بریندار بون.
ئه‌و هێرشانه‌ی ئیسرائیل دوای چه‌ند رۆژێك دێن له دیداری وه‌فدێكی باڵای سه‌ربازی روسی له ئیسرائیل كه ده‌وترێت وه‌فدێكی گفتوگۆی وردی له‌گه‌ل هاوتا ئیسرائیلییه‌كانی ئه‌نجامداوه به ئامانجی هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان هه‌ردو سوپا له‌كاتی بۆردومانكردنی ئامانجه ئێرانییه‌كانه‌وه له‌سوریا له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مرۆی ئیسرائیل بۆ سه‌ر پێگه‌كانی هێزی قودس زۆر قورس بون، به‌ڵام به‌رپرسانی باڵای سوپای پاسداران قسه‌یه‌كی وایان له‌سه‌ر نه‌كردوه، ته‌نیا میدیاكانی ئێران روماڵیان كردوه ئه‌ویش به‌و جۆره‌ی ئاژانسی ته‌سنیم كه سه‌ر به سوپای پاسدارانه‌و له‌سه‌ر زاری ئه‌فسه‌رانی روسیاوه بڵاویكردۆته‌وه كه زیاتر له 30 موشه‌كی ئیسرائیل له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌رگری ئاسمانی سوریاوه خراونه‌ته خواره‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سوپای ئیسرائیل هێمای بۆ ئه‌وه كردوه كه هێرشه‌كانی ئه‌مڕۆیان له‌وه‌ڵامی ئاڕاسته‌كردنی موشه‌كێك بوه له‌خاكی سوریاوه بۆ ناوچه‌ی جۆلان، به‌ڵام به‌رپرسانی ئیسرائیل جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه كه ئامانجی گشتی هێرشه‌كانیان ئه‌وه‌یه كه نه‌هێڵن ئێران له‌سوریا بۆ هه‌میشه بمێنێته‌وه.
ئه‌وه‌ش بۆ یه‌كه‌مجاره سوپای ئیسرائیل به‌ڕه‌سمی به‌رپرسیارێتی هێرشێكی ئاسمانی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
ئیسرائیل كاتز، وه‌زیری هه‌واڵگری ئیسرائیل له‌باره‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مڕۆی وڵاته‌كه‌یه‌وه رایگه‌یاند كه ئیسرائیل پێی ناوه‌ته نێو "جه‌نگێكی ئاشكرا له‌گه‌ڵ ئێران له‌سوریا."و هێرشه‌كانی ئه‌مڕۆشی به "په‌یامێكی رون" بۆ ئێران ناوبرد.
دوای ئه‌وه‌ی كۆتاییه‌كانی مانگی رابردو دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سوریا راگه‌یاند، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل به توندییه‌كی زیاتره‌وه باسی له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئێران له‌سوریا كرد.
محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران رۆژی 16ی ئه‌م مانگه له‌به‌رامبه‌ر قسه‌كانی نه‌ته‌نیاهۆدا رایگه‌یاندبو كه ته‌واوی راوێژكاره سه‌ربازییه‌كان و پێگه‌و چه‌كه‌كانیان له سوریا ده‌پارێزن.