سەعدی پیرە باسی لە دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوخۆیی یەکێتی و پارێزگاری كەركووك كرد
  2019-08-25       970       
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی عێراق، دوای سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی حزبەكەی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.

ئاوێنه‌: سەعدی ئەحمەد پیرە سەرەتا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان چووە سەر پرسی پارێزگاری كەركووك و دوایین هەوڵەكان بۆ دانانی پارێزگار و وتی، ''دانانی پارێزگاری نوێی كەركوك بە تەنها بە یەكێتی و پارتی ناكرێت و پێویستی بە بوونی زۆرینەیەك هەیە لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە رەنگە ئەو زۆرینەیەش بەدەست نەیەت و لە دوای ئەوەیش پێویستی بە رەزامەندی حكومەتی عێراق و دەركردنی فەرمانی دەستبەكاربونی ئەو پارێزگارە هەیە''.

هاوکات سەعدی ئەحمەد پیرە سەبارەت بە پرسی كۆنگرەی ناوخۆی حزبەكەشی  رایگەیاند لە ماوەی رابردوودا بە بۆنەی كۆچی دوایی سكرتێری گشتی حزبەكە، جەلال تاڵەبانی و شەڕی داعش و دۆخی ئابورییەوە سازدانی كۆنگرە دواخراوە، بەڵام لەئێستادا هیچ پاساوێك نەماوە بۆ دواخستنی كۆنگرە و هەموو سەركردەكانی حزبەكەش باسی كۆنگرە دەكەن و بڕیاری مەكتەبی سیاسی دەرچووە بۆ بەستنی كۆنگرە لە ساڵی ٢٠١٩دا و  وتی، ''وادەی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی بەسەرچووە و پێویستە كۆنگرە بگیرێت، بەڵام كۆنگرە نابێت وەك ئەوەی ئێستا یەكێتی دەیكات و ئەوەندەی لەسەر باس دەكات و ئەوەندەی قسە لەسەر دەكات وەك ئەوەی شتێكی گرنگ بێت، لەكاتێكدا كۆنگرە لە ئامرازەوە كراوەتە ئامانج لەناو یەكێتی، ئەوەیش تەنها یەكێتی خۆی وای لێكردووە، كۆنگرە ئامرازە و نوێكردنەوەی سەركردایەتی حزبەكەیە و بۆ بەرەوپێشچوون و نوێكردنەوەی بەرنامەی خۆیەتی، بەڵام ئێستا وای لێهاتووە هەر لایەنێكی بیانیش سەردانمان دەكات هەر باسی كۆنگرە دەكات''.

شایەنی باسە ئەو لەو بارەیەوە زیاتر وتی، ''كۆنگرە مەكتەبی سیاسی بڕیاری لێدەدات و سەركردایەتیش تەسدیقی دەكات، هەیئەتی هەیە و ئەوراقەكانی كۆنگرەش بەشێكی ئامادەیە و بەشێكی تری پێویستە ئامادە بكرێت، بڕیارێكی مەكتەبی سیاسییە كە ساڵی ٢٠١٩كۆنگرە دەگیرێت تەنها ماوەتەوە كە رۆژەكەی دیاری بكرێت و لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی بەپرس و راوێژ لەگەڵ مەڵبەندەكان دەكرێت''.

هەروەها سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بارەی ئەركی كۆنگرە و گۆڕانكارییەكان لە بارەی شێوازی بەڕێوەبردنی حزبەكە لە دوای تاڵەبانی دوا و وتی، ''ئەركی ئەو كۆنگرەیە دانانی بەرنامەیەكی رێكوپێك بۆ چەند ساڵی داهاتوو دەبێت، هەروەها نوێكردنەوەی سەركردایەتی و هێنانە پێشەوەی ژمارەیەك لە گەنجەكان كە شایستە و پێگەیشتوون''.

جێگای ئاماژەیە كۆنگرە بڕیاڕ لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی یەكێتی دەدات لە داهاتوودا، لەئێستادا چەند پێشنیارێك لەو بارەیەوە هەیە بەوەی وەك خۆی بمێنێتەوە لە سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و تا دواتر، پێشنیارێك هەیە بەوەی سەرۆك هەبێت، پێشنیارێك هەیە بەوەی سكرتێر و چەند جێگرێكی هەبێت، ئەو پێشنیارانە دەخرێنە بەردەم كۆنگرە و لەوێ‌ بڕیاری لەسەر دەدرێت.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وەڵامی پرسیارێكدا و لە بارەی پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ توركیا ئاماژەی كرد بەوەی بە هەوڵی بەرپرسانی حزبەكەی و لایەنە پەیوەندیدارەكان پەیوەندییەكان لە دوای داخستنی نووسینگەی یەكێتی لە ئەنقەرە ئاسایی بووەتەوە و ئێستا لە گفتوگۆدان بۆ كردنەوەی ئەو نووسینگەیە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×