عەبدوڵا پەشێو: تەندروستیم لەوپەڕی باشیدایە
  2019-08-27       4003       
ئازیزانم سڵاوتان لێ بێ.
ساڵانێكی دوور و درێژە هەندێك لایەن، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك، لە ڕێگەی چەند سایتێكەوە، نووسینی هیچوپووچ بە ناوی من دەنووسن و "شیعر"م بۆ دەهۆننەوە، تا كار گەیشتە ئەوەی هەواڵێ كۆچی دواییشم ڕابگەینن!
من دەمێكە ئاگاداری ئەو گومانلێکراوانەم، كە دەیانەوێ بەو شتە لاوەكیانە سەرقاڵم بكەن، یان كار بكەنە سەر مۆراڵم و لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیەكی بەشخوراو و نیشتمانێكی دەستبەسەر دامببڕن. ئەوان بەو هەواڵانە دەیانەوێ "شنگال" و "تۆفان" و " پێترۆدۆلار" و "میری دزان" و "ماچ" و " قوون و كورسی" و "كەركووك" و "دوبەی" و " تەسبێح" و "براكوژی" و چی و چی لە یادی خۆشەویستانم بسڕنەوە.
ئەوەی لەدایك بێ دەشمرێ. مردن دادپەروەرترین دادوەرە و شەرم لە كەس ناكا، بەڵام، سوپاس بۆ خوا، تەندروستیم لەوپەڕی باشیدایە و هیچ نەخۆشییەكیشم نییە. تا ئێستا، بۆ بەدرۆخستنەوەی "هەواڵی مردن!"، قسەم بۆ هیچ "میدیا" و "میدیاكار"ێك نەكردووە، كەسیشم ڕانەسپاردووە بەناوی من قسە بكا و لایك و كۆمێنت كۆكاتەوە. نە سكرتێرم هەیە، نە وتەبێژ و "كاربەڕێخەر"!
منەتباری ئەو خۆشەویستانەم لە هەواڵیان پرسیوم، زۆر سوپاسیان دەكەم، هیوادارم تاسەر ڕوو لەوان و پشت لە دەسەڵات بم . ئەوانەی بەو فشه هەواڵە لاوەكیانە گەلێكی پاروودزراوی بندەستی چەتە و مافیا سەرقاڵ دەكەن و خاكفرۆشی و فەرهوودكاری و تاڵانسالاریش پەردەپۆش دەكەن لە ڕووڕەشی بەولاوە هیچی تریان پێ نابڕێ.
تا ئێستا، هیچ ئەكاونتێكم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نییە، بەڵام، هەر بۆ داخستنی چەند سایتێكی گێرەشێوێن، لەم ڕۆژانە ماڵۆچكەیەكی خۆم لە فەیسبووك دادەنێم، بۆ ئەوەی چیدی كەس نەتوانێت بە زڕبەرهەم و فشەهەواڵی لاوەكی خۆشەویستان و ئەدەبدۆستان بە لاڕێدا ببا.
پەشێوی خۆتان
٢٤ / ٨ / ٢٠١٩
هێلسنكی
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×