مەلا بەختیار: سەرۆك پوتین پشتیوانی خەباتی رزگاریخوازی كوردستانە
  2019-09-10       1345       

مەلا بەختیار ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە(30) ساڵە، باوەڕی بەتێزە ئایدیۆلۆژی‌و سیاسیەكانی دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەری (1917) نەماوە، ئەو دەڵێت "ئێستا لەروسیا دەورانی دیموکراسییەو سەرۆك پوتینیش، دەهەیەك زیاترە، سەرۆكی باڵادەستەو دەركەوتووە بەشێنەیی پشتیوانی خەباتی رزگاری خوازی كوردستانە".


ئاوێنە: مەلا بەختیار، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەوتاریکیدا کە لەرۆژنامەی کوردستانی نوێ-دا بڵاوکراوەتەوە بەناونیشانی "روسیای لینین‌و روسیای پوتین!"، دەڵێت "لەو كەسانە نیم، لە چەپەوە بایبدەمە لای راست، ئێستاش خۆم بە چەپی دیموكراتی ریاڵستی دەزانم. چەپی چەندین راستم. نەك تەنها راستێك.. چونكە تەنها رێبازی یەك جۆرە چەپیش لە جیهاندا، نەماوە!".
دەشڵێت "هەر لە ئێستاوە، پەیوەندی روسیاو هەرێمی باشوری كوردستان، هاوكات، هەڵوێستی پۆزەتیفی روسیا، لەدابینكردنی مافی كورد، لە پرۆژە دەستوری سوریادا. هەروەها، تائێستا روسیا، نە دژی شۆڕشی باكورو نە دژایەتی رۆژهەڵاتی كوردستانی نەكردووە. وەكو بڵێی: دەرس ‌و پەندی لە رێكەوتنامەی سایكس بیكۆو روخاندنی كۆماری كوردستان، وەرگرتبێ‌ ‌و نەیەوێ‌، جارێكی تر، ئۆباڵی ئەم نەتەوە ستەم لێكراوە بخاتە ئەستۆی ئەستوری روسیا، هەر دەشبێ‌ وابێ"‌.
ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئێستا لەروسیا  دەورانی دیموكراسییە، (سەرۆك پوتین)یش، دەهەیەك زیاترە، سەرۆكی باڵادەستە. تائێستا دەركەوتووە، بەشێنەیی پشتیوانی خەباتی رزگاری خوازی كوردستانە، چاوەڕان دەكرێ‌، لەم پشتیوانیە، لایەنی كەم پاشەكشە نەكات. ئەگینا، جارێكی دیكە، روسیا، قەرزاری خەباتی نەتەوەیەكی ئازادیخواز دەبێتەوە."
مەلا بەختیار لەکۆتایی وتارەکەیدا دەڵێت "لەو باوەڕشداین، كاتێك دیموكراسی روسیا، بە رەهەندە جیاوازەكانیەوە، خورت دەبن‌و لەگەڵ پرۆسەی دیموكراسی تازە سەرهەڵداوی هەندێك وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  كارلێك دەكرێ‌، ئەوكاتە، لە ئایندەی گۆڕانكاریەكاندا، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویست ناكات تەنهاو تەنها، چاو لە ئەزمونە دیموكراسیەكانی ئەمریكا و ‌ویەكێتی ئۆروپا بكەن، بەڵكو روسیا و هیندستان و سەنگافورە و ئەزمونەكانی تری دیموكراسی، لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیادا، دەبنە نمونە گەلی دیكەی سودبەخشی دیموكراسی. بەڵكو، رژێمە دژە دیموكراسیەكانی ناوچەكەش، وەكو سەدەی رابوردوو، لە داهاتودا ناتوانن، بەربەست بن لە بەردەم چارەی خۆنوسین و پرۆسەی بونیاتنانی دیموكراسی!".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×