مه‌سرور بارزانی: نابێت سه‌رژمێریی وەکو کارتی سیاسی بەکاربهێنرێت
  2019-09-10       828       
مەسرور بارزانی

مەسرور بارزانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ حکومەتی هەرێم تێبینی لەسەر میکانیزمی ئەنجامدانی پرۆسه‌ی‌ سەرژمێریی گشتی‌ له‌عێراق هەیە‌و داواش ده‌كات پرۆسه‌كه‌ وەکو کارتێكی سیاسی له‌دژی‌ هیچ پێكهاته‌یه‌ك بەکارنه‌هێنرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەنوری سەباح دلێمی وەزیری پلاندانانی عێراق کردو لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی سەرژمێری دانیشتووان کرا.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، بارزانی‌ رایگەیاندووه‌، "سەرژمێریی کارێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی داتاو زانیاری کە ئامرازێکی یارمەتیدەر دەبێت بۆ پلاندانان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە هەیەو پێویستە لە بەرچاو بگێرێن".

راشیگه‌یاندووه‌، "نابێ سەرژمێری وەکو کارتێکی سیاسی  لەدژی هیچ پێکهاتەیەک بەکار بهێنرێت".

بڕیارە پرۆسه‌ی‌ سەرژمێریی گشتی‌ له‌عێراق ساڵی داهاتو ئەنجامبدرێت.

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا وەزیری پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووه‌ کە ئەزمونی هەرێمی کوردستان ئەزمونێکی جێگیرو سەرکەوتووەو سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانیش  سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق. 

ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، "ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەمو کێشەو گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر ببن."

مەسرور بارزانی رونیکردۆته‌وە کە حکومەتی هەرێم ئامادەیی‌و نیازپاکی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانداوە لەسەر بنەمای دەستوور. "هیوادارین سەردەمێکی ئەرێنی‌و نوێ لەپەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵ‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە بەشێوەیەک کە شەراکەتی راستەقینەو هاوسەنگی‌و سازان لەبەرچاو بگیرێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×