خەسرۆ گۆران: كۆبونەوەی هاوبەشی تەواوی حزبە كوردییەكان سەبارەت بە یەكلیستی ئەنجام دەدرێت
  2019-09-11       1390       

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی سكاڵای پارتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەدەچێت و، چەند رۆژێكی تریش تەواوی حیزبە كوردییەكان كۆبونەوەیەكی هاوبەش سەبارەت بە یەكلیستی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام دەدەن.

ئاوێنە: سەبارەت بە كاتی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو سكاڵایەی پارتی پێشكەشی دادگای باڵای فیدراڵی كردوە لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی راگەیاند"هەفتەی داهاتو، 16ی ئەم مانگە دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە سكاڵاكەمان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەدەچێت و، ئومێدەوارین بڕیارەكە لە قازانجی دەنگدەران بێت".

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاند"دوای دانیشتنی دادگای فیدراڵی، ئێمە خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەین".

لەبارەی هەنگاو و هەڵوێستی پارتی سەبارەت بە یەكلیستیی حزبە كوردییەكان لەناوچە جێناكۆكەكان، خەسرۆ گۆران وتی"رۆژی دوشەممە لەگەڵ یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان كۆبوینەوە و، بڕیارە پەیوەندی بە لایەنەكانی دیكەوە بكەین و دوای چەند رۆژێكی تریش كۆبونەوەیەكی هاوبەشی تەواوی حیزبە كوردستانییەكان سەبارەت بەو پرسە ئەنجام دەدەین، چونكە یەكلیستی زۆر گرنگەو چەندە كورد یەكگرتو بێت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوا دەستكەوتی زیاتر بەدەست دێنێت".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×