مردوشتن‌و مردوناشتن لای ئێزیدییەكان چۆنە؟
  2019-01-29       3966       

ئا: ئاوێنە

مردو لای ئێزیدییەكان رێزی زۆر لێئەگیرێ‌، مردوشتن‌و مردوناشتن لای ئەوان رێورەسمێكی تایبەت بەخۆی هەیە.



ئێزیدییەكان لاشەی مردوەكانیان ئەشۆن، هەندێجار بەئاوی گەرم‌و سابون، ئەوان لەمەدا لەئیسلامەكان ئەكەن. ئەوەی مردوەكە ئەشوات (شێخ)ەكەی (پیر)ەكەیەتی، خوشك‌و برا تا سەرەكەیشی یارمەتییان ئەدەن، (شێخ)ەكەیشی هەندێ‌ پاڕانەوەی بۆ دەكات لەكاتی شتنیا.


كە لەشتنی مردوەكە ئەبنەوە هەمو كونێكی بەلۆكە ئەگرن. تۆزێ‌ لەخۆڵی گۆڕی (شێخ ئادی)یش لەسەر ناوچەوان‌و چاوەكانی دائەنێن. بەرەو رۆژهەڵاتیش ئەینێژن لەڕۆژی یەكەم‌و دوەم‌و سێهەم‌و چل‌و حەوتەمی پاش مردنیشیا لەبەر گیانی ئەو پارەو خواردەمەنی‌و بابەتانەی تر ئەبەشنەوە بەسەر هەژاراندا. ژمارەیەكی زۆر مەڕ‌و مانگایش سەرئەبڕن‌و ئەیدەن بەهەژاران‌و داماوان.


وا باوە لای ئێزیدییەكان كە مردوەكە بەسیپاڵێكی دەستكردی خۆماڵی بپێچنەوە. نابێ‌ هیچ سیپاڵێكی تر بۆ ئەم مەبەستە بەكاربهێنرێ‌، بەڵام ئێستاكە ئەو رەوشتەیان بەرداوە، چونكە هەمو دەم ئەو سیپاڵە خۆكردەیان دەستناكەوێ‌، كە كەم دروست ئەكرێن‌و كەمیش بەكارئەهێنرێن.


رەوشتی یەزیدییەكانی سنجار وایە، ژن بێ‌ یان پیاو كە مرد، قژو پرچی ئەبڕن‌و بەكێلی گۆڕەكەیەوە هەڵیئەواسن تا ئەزڕێ‌‌و لەناوئەچێ‌. هەر كچێ‌ لەهەڕەتی شوكردندا بێ‌ یاخود تازە شوی كرد بێ‌، جوانترین بەرگی خۆی لەبەرئەكەن ئینجا ئەینێژن، هەندێكیان بەخشڵیش ئەیڕازێننەوە.


هەندێكیشیان رەوشتیان وایە كە مردوەكە مرد جل‌و بەرگەكەكانی لەبەرئەكەن ئینجا ئەینێژن، كە ناشتیشیان ئەیخەنە ناو پێخەفێكەوە كە لەناو گۆڕەكەدا دایانناوە.


خۆ ئەگەر مردوەكە خاوەن سایەو پایەبێ‌‌و پیاوێكی گەورە بێ‌، لەدار پەیكەرێكی بۆ ئەكەن، كام جلوبەرگی باش‌و ناوازەیە ئەوەی لەبەرئەكەن، پاشان ئەو پەیكەرە لەشوێنێكی بەرز دائەنێن‌و لەم لاو لای كۆئەبنەوە، گفتوگۆكارەكان گۆرانییەكانی خۆیان لەبەردەمیا ئەڵێن. ئافرەتەكانیش لەخۆیان ئەدەن‌و شینی بۆ ئەكەن‌و بەئاوازێكی شیرین‌و كاریگەرەوە بۆی ئەلاوێننەوە. هەتا سێ‌ رۆژ لەسەر یەك هەر كردەوە چاكەكانی ئەو مردوە ئەگێڕنەوە. بەڵام ئەگەر مردوەكە هەژارو دەستكورت بو، گفتوگۆكارەكان هەر ئەوەندە كارە ئایینییەكان دەربارەی جێبەجێ‌ ئەكەن تا ئەنێژرێ‌. 


مردو لای ئێزیدییەكان رێزی زۆر لێئەگیرێ‌، كەسوكاری مردوەكە ناو بەناو دەێنە سەر گۆڕەكەی‌و بەسەریا ئەگرین.

 

*لەکتێبی "یەزیدییەکان‌و ئایینی یەزیدی" نوسینی "شاکر فەتاح"ەوە وەرگیراوە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×