شاكر فەتاح چۆن باسی میری كۆچكردوی ئێستای ئێزیدییەكان‌و "میان خاتون"ی داپیرەی دەكات؟
  2019-01-30       4359       
میر تەحسین بەگ‌و میان خاتون

ئا: ئاوێنە

 

میان خاتون‌و میر تەحسین بەگ بە بەناوبانگترین كەسایەتی ئێزیدییەكانی 100 ساڵی رابردو دادەنرێن، نوسەری ناوداری كورد "شاكر فەتاح" پاش بەسەربردنی  ساڵانێك وەك قایمقامی شەنگال كتێبێكی دەربارەی ئێزیدییەكان نوسیوەو ستایشی تەحسین بەگ‌و میان خاتونی داپیرەی دەكات كە لەنزیكەوە ناسیونی، ئەو دەڵێت "میان خاتون بێ‌ ئامان بو، هەرچی لەبەردەمیا بوەستایەو بەرەنگاری بكردایە لەناوی ئەبرد".


میان خاتون (1873-1956)  یەكێكە لەژنە هەرە ناودارەكانی كوردی ئێزیدی، كە وەك "مێژونوس‌و كۆمەڵناسی ناوداری عەرەب "رەشید خەیون" دەڵێت لەو ژنە عێراقییە دەگمەنانەیە ساڵانێكی دورودرێژ میرایەتییان كردوە، ئەو كە لەدایك‌و باوكەوە سەر بەبنەماڵەی میر بوە‌و هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕە مامی "عەلی بەگ"ی میری ئێزیدییەكان كردوە، ئەو میرەی لەلایەن گەڕیدەو رۆژهەڵاتناسێكەوە بەناوی عەلی باپیر گەورەیەوە ناونرا كە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا لەنزیك گەلی عەلی بەگ كوژراو لەوەبەدوا ئەو هاوینەهەوارە دڵڕفێنە ناوی ئەوی بەسەردا دابڕا. ساڵی 1913 كە میر عەلی بەگ وەك باپیرە گەورەی كوژرا، میان خاتون بو بەراوێژكاری سەعید بەگی كوڕی كە تەمەنی ئەوكات 12 ساڵان بو، شێلگیرانە رێگەی لەهەمو ئەوانە گرت كە چاویان بڕیبوە میرایەت‌و نەیهێشت دەستیان بەو پلەو پایە مەزنەی ناو ئێزیدیەكان بگات. 


كاتێكیش ساڵی 1944یش كە "سەعید بەگ"ی كوڕی كۆچی دوایی كردو پێنج كوڕ‌و سێ‌ كچ لەدوای خۆی بەجێهێشت، میان خاتون تەحسین بەگی كوڕەزای هەڵبژارد بۆ میرایەتی، سەرباری ئەوەی تەمەنی 13 ساڵان بو، براكانیشی بەتەمەن لەم گەورەتر بون. ئەمجارەش سەركەوتوانە رێگەی بۆ میرایەتی نەوەكەی خۆش كرد.

میر تەحسین كە سەرەتای ئەم هەفتەیە لەتەمەنی 86 ساڵیدا لەشاری هانۆڤەری ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد، 74 ساڵی تەمەنی میر بو، ئەو لەدوای خۆی 8 كوڕ‌و 3 كچی بەجێهێشتوە.

شاكر فەتاح، نوسەری ناوداری كورد پاش ئەوەی لەپەنجاكانی سەدەی رابردودا دەبێتە قایمقامی شەنگال، كتێبێك بەناوی "یەزیدییەكان‌و ئایینی یەزیدی" بڵاودەكاتەوە، كە بەیەكەم لێكۆڵینەوە‌و كتێب دادەنرێت بەزمانی كوردی نوسرا بێت دەربارەی ئێزیدییەكان.


شاكر فەتاح دەربارەی میرەكانی ئێزیدیی دەڵێت "میری شێخان لەخێزانێكە زۆر خانەدانە، كە ئەگاتەوە سەر (شێخ عدیی ئەمەوی). دەسەڵاتێكی بێ‌ ئەندازەی هەیە بەرامبەر بەیەزیدیەكان سەركردەی ئایینی‌و جیهانییانە. بەهەڵبژاردەی خێزانەكەی خۆی دێتە سەر تەخت. نە نەتەوە، نەپیاوە ئایینییەكان دەستیان لەم هەڵبژاردنەدا نییە. لەجێگای (شێخ عدی) دائەنیشێ‌ لەبەرئەوە هەمو یەزیدییەك ملكەچە لەبەردەمیا. میر گۆڕستانی (شێخ عدی) ئەپارێزێ‌‌و كاروبارەكانی هەلًئەسوڕێنێ‌. هە ئەویشە كە تاوسەكان ئەپارێزێ‌‌و ئەنێرێ‌ بۆ ناوچە یەزیدییەكان. زەوییەكانی میرنشینییەكە ئەو بەرهەمیان ئەهێنێ‌. هەرچی پارەیەكیش لەیەزیدییەكان كۆئەكرێتەوە ئەدرێتە دەست ئەو كەس هاوبەشی ناكات، كە چەندو چونیشی لەگەڵدا ناكات. لەبەرامبەر ئەم هەمو نیازو جیازەدا پێویستە لەسەر میر بۆ خزم‌و كەسوكارەكانی بەرەی خۆی دەستی یارمەتی درێژ بكات‌و بیانبوژێنێتەوە‌و بكەوێتە فریایان لەڕۆژی تەنگانەدا. هەر كارەساتێكیش روبدات لەناو یەزیدییەكاندا ئەو ئەیبڕێنێتەوە. كە میر مرد هەر میرێك هاتە جێگای سامانەكەی میری مردو بەرەو روی ئەو ئەكرێتەوە".


شاكر فەتاح ئاماژە بەوە دەكات كە یەكێك لەوانەی بایەخی بەپێشكەوتن‌و شارستانی داوە (میر عەلی بەگ)ی باپیری میر تەحسین بەگی میری كۆچكردوی ئێستا بوە، سەبارەت بەم میرە دەڵێت "فەریق عومەر وەهبی پاشای توركی عوسمانی چەند زۆری بۆ هێنا نەیتوانی بیكات بەموسڵمان، عەلی بەگ وتی: بشمكوژن لەئایینی خۆم لانادەم. تا سێ‌ ساڵ دورخرایەوە بۆ شاری سێواس. دوایی بەسەربەرزییەوە گەڕایەوە بۆ سەر خاكی خۆی، بەڵام داخەكەم دوایی كوژرا". 


شاكر فەتاح دەربارەی میان خاتونی هاوسەری عەلی بەگ‌و دایكی میر سەعید بەگ‌و داپیرەی میر تەحسین بەگ دەڵێت "(میان خاتون) یەكێكە لەئافرەتە گەورەكانی خێزانی میر، ئافرەتێكی زرنگ‌و وریا‌و بەچنگ بو سامێكی هەبو لەدڵی یەزیدییەكاندا. یەزیدییەكان رێزیان لێئەگرت. هەر لەسەردەمی (عەلی بەگ)ی مێردییەوە نیشانەی بلیمەتی دەركەوت‌و كاروباری سەردارییەكەی لەگەڵا مێردەكەیدا ئەبرد بەڕێوە، لەكاتی دەربەدەریی مێردەكەیدا لەسیواس، میان خاتون دڵی مێردەكەی خۆی ئەدایەوەو یارمەتیشی ئەدا. تا سێ‌ ساڵێكیش لەوێ‌ لەگەڵیدا مایەوە، نیشانەی بیردروستی‌و كارامەیی‌و دور ئەندێشەیی تیا دیار بو. گەورەیی لێئەوەشایەوە سەری لەهەمو كاروبارێ‌ دەرئەچو. بێ‌ ئامان بو، هەرچی لەبەردەمیا بوەستایە بەرەنگاری بكردایە لەناوی ئەبرد. تا ماوەیەكی درێژیش میرایەتی شێخان بەدەست خۆیەوە بو. چونكە سەردەمێك (سەعید بەگ)ی كوڕی‌و سەردەمێكیش (تەحسین بەگ)ی كوڕەزای كە هەردوكیان میری شێخان بون‌و بەتەمەن بچوك بون‌و هێشتا پێنەگەیشتبون هەتا گەورە بون‌و پێگەیشتن كاروباری سەردارییەكە بەدەست (میان خاتون)ەوە هەڵئەسوڕا. تا ما هۆش‌و زرنگییەكەی لەدەستا ما. بەڵام لەم دوایەیدا جوانییەكەی‌و تەندروستییەكەی شێوا بون‌و لەنەماندا بون. ئەم میر‌و سەردارەی ئێستاشیان كە ناوی (تەحسین بەگ)ە، تا بڵێی میێكی ئێسك سوك‌و روخۆش‌و زیرەك‌و رەوشت جوانە. بێجگە لەوە نەرم‌و نیانیشە، لەوانەیە كە هیوای لێبكرێ‌ لەگەڵا كارەساتی رۆژگاردا بسازێ‌‌و لەسەر بنچینەیەكی نوێش ماوە بدات بەهۆزەكەی خۆی پێشكەوتن‌و ژیانێكی باشتر". 


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×