ئا: ئاوێنە
بەرەبەیانی سێشەممە ١٢ / ٩، سوپای ئیسرائیل، بەها ئەبو عەتای سەرکردەی سەرایا قودسی باڵی سەربازیی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیو هاوسەرەکەیان لەرۆژهەڵاتی کەرتی غەزە کوشت، رۆژنامەی ]جیروزالیم پۆست-ی ئیسرائیلی ئەوی بەیەکێک لەو سێ کەسە ناوبردبو کە لەسەری سەرەوەی لیستی "کردنە ئامانج"ی ئیسرائیلدان بۆ ئەوەی بکوژرێن، کە "قاسمی سلێمانیو حەسەن نەسروڵاو بەها ئەبو عەتا"ن.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند كە لە ئاكامی چالاکییەکی هێزەكانیان بۆ سەر ماڵێك لەرۆژهەڵاتی شاری غەزە، بەها ئەبو عەتا-یان کوشتوەگەڵ هاوژینەكەی كوژراون.
بەپێ راگەیەندراوەكەی سوپای ئیسرائیل "بەها ئەبو عەتا پێشتر راستەوخۆ بەشداریكردووە لەهەوڵەكان بۆ بەئامانجكردنی هاوڵاتییانو سەربازانی سوپای ئیسرائیل، هەروەها سەرپەرشتی ئەو موشەكو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەشی كردوە كە ئاراستەی ئیسرائیل كراون".
ئەبو عەتا پێشتر سێ جار لەلایەن ئیسرائیلەوە هەوڵی تیرۆر کردنی دراوە، کە جارێکیان بریندار بوە لەساڵی ٢٠١٢دا.
ئەبو عەتای تەمەن ٤٢ ساڵ، لەساڵی ١٩٩٠ەوە سەرکردەیەکی چالاکی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی بوەو پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەمینداری گشتی بزوتنەوەکە زیاد نەخالە هەبوە کە لەبەیروتی پایتەختی لوبنان نیشتەجێیە.
بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەبو عەتا یەکێک بوە لەسەرەکیترین ئەو کەسانەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە داواکراونو بەئەندازەی قاسمی سلێمانیو حەسەن نەسروڵا بۆ ئیسرائیل مەترسیدار بو.
لەدیدی ئیسرائیلەوە، ئەبو عەتا پیاوی سەرەکی ئێران بوە لەکەرتی غەزە.
بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی هەرچندە بزاڤێکی سونی مەزهەبە، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریی دەکرێت.