بەختیار عەلی‌و پرسی شۆڕش‌و سەرکردەو مێژوی کورد
  2019-12-23       1636       

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی دەریاس و لاشەکان

 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ماوەیەکی زۆرە نووسەران گلەیی ئەوە لە خوێنەران دەکەن، کە پشتیان لە خوێندنەوەی کتێب کردووە، لەمەشدا تەکنەلۆژیا رۆڵێکی ئێجگار نێگەتیفی هەبووە، چونکە وایکردووە کە خەڵکی زیاتر بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وابەستە بن و پشت لە خوێندنەوەی کتێب و رۆژنامەکە بکەن. لە هەشتاکان و حەفتاکاندا تاڕادەیەکیش سەرەتای نەوەتەکان، لە کوردستاندا، خوێنەرێکی زۆر هەبوون، بەشێوەیەک خەڵکی سەرەی دەگرت بۆ کتێب کڕین، ئەمەش چ لەرووی مەعنەویی و ئابووریشەوە،هاندەرێکی باشبوو بۆ نووسەران وەرگێران، تا لەکارەکانیان بەردەوام بن. بەداخەوە ئەو سەردەمە زێڕینەی کتێب وەکو فارسەکان دەڵێن " گوزەشت". لێ خۆشبەختانە لەماوەی پێشوودا دووبارە خەریکە خوێنەر بۆ کتێب دەگەڕێتەوە، ئەمەش لە رێگەی چەند نووسەرێکی باشەوە، کە یەکێکیش لەوانە کاک بەختیار عەلییە.
لەماوەی پێشوودا لە دەزگای چاپ و پەخشی رەهەند، بینیمان خەڵکانێکی زۆر سەرەیان گرتووە تاوەکو رۆمانە نوێکەی بەختیار عەلی بکڕن، بەراستی ئەو دیمەنانە مایەی خۆشحاڵییەکی گەورەبوو لای من، چونکە دەمێکە دیمەنی وامان لە کوردستاندا نەدیوە، بە بڕاوی من، ئەمە هەوڵ و هەنگاوێكی زۆر باشە، بۆ دووبارە ئاشتکردنەوەی خوێنەر بە کتێب. هەر ئەوەش وای لێکردم کە چەند دێریکش لەبارەیەوە بنووسم، هەم بۆ ئاشناکردنی رۆمانەکە و لەهەمانکاتیشدا وەکو دەستخۆشییەک بۆ کاک بەختیار، کە توانیویەتی دووبارە ئەدمۆسفێرێکی جوان، بە کتێبخانەکانی ببەخشێت. هەرچەندە بەداخەوە لەناو بەشێکی زۆری نووسەراندا، لەجیاتی پشتگیری ئەم هەنگاوانە بکەن، کەچی زیاتر پشتیان لەم کتێبە و نووسەرەکەی کرد، لەمەشدا زیاتر رق و کینە جێگەی پشتگیریی و دەستخۆشیی گرتەوە.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە

دەریاس و ئەلیاس دوو برای دووانەن، بەڵام لە رووی کەسایەتییەوە جیاوازن و هەریەکەیان خاوەنی کەسایەتییەکی تایبەت بەخۆیەتی. دەریاس ماوەیەکی زۆر لەئەوروپا ژیاوەو کەسێکی رۆشنبیرو خوێندەوارەو پاش تەواوکردنی زانستی مێژوو، دەگەڕێتەوە بۆ وڵات، بەڵام ناتوانێت لە زانکۆ دابمەزرێت، ئەمەش بەهۆی دژایەتیکردنییەوە لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە، پاشان لە ئەرشیفخانەی شار، وەکو کارمەندێک کار دەکات. گەرچی ئەلیاسی برای کەسێکی ئاسایییە و سەرتاشخانەی هەیە، بەڵام بەحوکمی ئەو رەوشە سیاسییە ئاڵۆزەی کە رووی لە شارەکە کردووە، ئەویش تێکەڵی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە دەبێت، کە تەواوی شارەکەی گرتۆتەوە و دەبێتە یەکێک لە هەوادارە سەرسەختەکانی جەنەڕال بیلال.

شار ساڵانێکی زۆر لەلایەن سەرکردەیەکەی ئەفسووناوی بەناوی "سەردار قەمەرخان" بەڕێوە دەبرا کە سەرۆکی پارتی دیموکراتی نەتەوەیی بووە، پاش 16 ساڵ لەمردنی ، تەرمەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شار، چونکە لەوساڵانەدا شارەکە لە لایەن هێزێکی داگیرکەرەوە ، داگیرکرابوو، " لەمەشدا زیاتر ئاماژەیە بۆ سەرۆک مستەفا بارزانی " .
پاش مردنی ئەویش سەرکردەیەکی تر پەیدا دەبێت کە ناوی "میر تەلاران" دەبێت و سەرۆکی "پارتی ئازادیخوازە دیموکراتەکان" دەبێت، ئەم سەرکردەیە زیاتر باوەڕی بە ئازادی دەبێت و رێگا دەدات کە خەڵکی نوکتەی لەسەربکەن، ئەمیش بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەڵمانیا دەمرێت و دواتر بە فرۆکە دەیهێننەوە بۆ ناو شار و لەسەر یەکێک لەگردەکانی شار دەنێژێرێت و ئەویش ئارامگاکەی دەبێتە شوێنێکی پیرۆز بۆ هەوادارانی." لەمەشدا زیاتر مەبەستی " سەرۆک مام جەلالە 
".
لەپاش مردنی میر تەلارانی لەناو حزبدا جەنگی باڵەکان دەستپێدەکات و جەنەڕاڵ بیلال پاشئەوەی شكست دەهێنێت لە هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی سەرکردە گەندەڵەکان، ناچار واز لە حزب دەهێنێت و هەوڵ دەدات، کە لە رێگەی بزووتنەوەیەکی جەماوەرییەوە، شۆڕشێكی گەورە لە دژی دەسەڵات بەرپا بکات، بەڵام لەمەشدا شكست دەهێنێت.

لە کۆتایی رۆمانەکەدا جەنەڕال بیلال، " ماهان" ی دایکی دەدۆزێتەوەکە ماوەیەکی زۆر لێی دوورکەوتۆتەوە، پاشان دایکی پێی رادەگەیەنێت کە برایەکی هەیە بەناوی " نۆبار" ئەو بەپێچەوانەی براکەیەوە، کەسێکی شۆڕشگێڕەو ماوەیەکی زۆر بەشداری لە شۆڕشی فەلەستینی و کوردانی باکوور کردووە، پاش یەکتربینینەوە لەگەڵ براکەی، رێکدەکەون کە شۆڕشێکی گەورە لە وڵاتەکە هەڵبگیرسێنن.

نۆبار هەوڵ دەدات لەپشتەوە رۆڵی سەرەکی بگێڕێت و پاش کوشتنی جەنەڕال بیلال، وەکو تارماییەک لەناو شاردا دێت و دەچێت، چونکە ئەو پێی وایە دەبێت سەرۆک خەڵکی تاڕادەی پەرستن، بیپەرستن و دەروێش ئاسا دوای بکەون، هەروەها دەبێت بەشێوەیەکی ئەفسووناوی لەناو گەلدا بمێنێتەوە، چونکە بەنەمانی ئەو، خەڵکی ورەیان نامێنێت و شۆڕش لەناودەچێت.

شۆڕش تەواوی شار دەگرێتەوەو جەنگێکی ناوخۆیی گەورە لەشارەکە دروست دەبێت،لاشەیەکی زۆر لەکوچە و کۆڵانەکان دەکەوێت، دەریاسی برای ئەلیاسیش، سەرەتا وەکو چاودێرێک سەیری شەڕەکە دەکات و دوایی رۆڵی مردوونێژ دەبینێت هەوڵ دەدات لەگەڵ چەند کەسێکی تر، لاشە مردووەکان بنێژێت، بە پێچەوانەی براکەیەوە، کە رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە شەڕەکەدا.

کۆتایی رۆمانەکەش ئەلیاس دەمرێت، لە پاش ناشتنی براکەی، دووبارە دەریاس شار بەجێدەهێڵێت و کەس ئاگاداری نابێت، هەروەک چۆن یەکەمجار بە شێوەیەکی کتوپڕی هاتەوە وەکو بێگانەیەک لەناو شاردا ژیا، لەکۆتاییشدا بە شێوەیەکی کتوپڕی شار بەجێدەهێڵێت. بەڵام پێش ئەوەی شار بەجێبهێڵێت، بیرەوەرییەکانی لای مامۆستا مەردان بەجێدەهێڵێت، کە دەبنە بابەتی سەرەکی ئەم رۆمانە.

شۆڕش و گۆڕانکاریی

دەتوانم بڵێم یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی ئەم رۆمانە، پرسی " شۆڕش و ریفۆرم و گۆڕانکاریی" یە لەناو کۆمەڵگەدا، بەتایبەتی کۆمەڵگەی کوردی. نووسەر لەرێگەی ئەم رۆمانەوە هەوڵیداوە قسەوباسێکی گەرم لەبارەی پرسی شۆڕشەوە بکات، دیارە لەناو ئەدەبیاتی جیهانیدا، زۆرجار نووسەرانی جیهان لە رێگەی " رۆمان یان چیرۆکە" وە هەوڵیانداوە قسەی خۆیان لەمبارەیەوە بکەن بۆ نموونە " دۆستۆیڤسکی لە رۆمانی شەیتانەکان، مەکسیم گۆرکی لە رۆمانی دایک، ئێمیل زۆلا لە رۆمانی ژێرمیناڵ" دا گرنگی گەورەیان بە پرسی شۆڕش و راپەڕین داوەو هەندێکجاریش رەخنەی توندیان لە دیدیگای شۆڕشگێڕان گرتووە بەتایبەتی دۆستۆیڤسکی، گەرچی رۆمانەکەی گۆرکی زیاتر دەچێتە قاڵبێکی سیاسیی و هاندان بۆ شۆڕش. لەناو کوردیشدا پێشتر ئەم هەوڵە هەبووە، بۆنموونە موکری لە " سەگوەڕ و هەرەس" و شێرزاد حەسەنیش لە رۆمانی " ژنێک بەسەر منارەوە"، هەوڵیانداوە کەم یان زۆر لەمبارەیەوە قسە بکات.

بەڵام ئەم هەوڵەی بەختیارعەلی تەواو جیاوازەو زیاتر باسی ئەو رەوشە تایبەتە دەکات کە لە ساڵی 2011 ناوچەکە و کوردستانیشی گرتەوە بەتایبەتی شاری سلێمانی.
/ هەموو شار چاوەڕوانی شۆڕش و راپەرینە، سەرهەڵدانی خەڵک دژ بە ستەم و گەندەڵی،،ل20
لەمەشدا ناکۆکی دەکەوێتە نێوان دەریاس و ئەلیاسی برای و هەریەکەیان بەشێوەیەک بۆ ئەم پرسە دەڕوانێت، لێرەشدا نووسەر هەوڵیداوە ئەوەی رەخنەگری گەورەی رووسی "باختین" ناوی لێناوە " ڤرە دەنگیی" یەک دروست بکات . ئەلیاس بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە دەچێتە ناو پرۆسەکەوە، گەرچی دەریاسی برای بۆچوونێکی رەخنەگرانەی هەیە.

/ دەریاس هەموو وڵاتەکەی وادەهاتە بەرچاو، وەکو جێگایەک کە ناتوانرێت شتێکی گرنگی تیا بگۆڕێت، شتەکان وادانرابوون و دروستکرابوون، یان دەبوو بروخێنرێن یان دەستیان لێ نەدرێت. ل 23

لەلایەکی ترەوە باسی کاریگەری ئەم وشەیە دەکات بەسەر بەشێکی زۆری خەڵکی شارەکە ، لەزاری ئەلیاسەوە دەڵێت:

/ بیرکردنەوە لە شۆڕش، هەمان ئەو هەستانەم تیا دروستدەکات، کە بینینی خودا لای ئیماندارێک دروستیدەکات.ل29
لەبارەی هۆکاری شۆڕشەکەش دەڵێت:

/ تاکە شتێک کە لە شارەکەدا زۆرلای ئاشكرابوو، ستەم و زوڵم و زۆری حوکمدارانی ئەو دوو بنەماڵە فاسیدە بوو کە دەسەڵاتیان گرتووە دەست.ل105

پاشان نووسەر تێڕوانی تایبەتی خەڵکی شار بەگشتی لەبارەی شۆڕشەوە باس دەکات و دەڵێت:

/ ئەوەی خەڵك خەونیان پێوە دەبینی شۆڕش نەبوو،بەڵکو فریاد رەسێک بوو بە دەسەڵاتێکی ئەفسانییەوەو خودایەک لە شێوەی ئادەمیزادا بێت و رزگاریانبکات و ئەوانیش بۆی بنوشتێنەوە. ل105

سەرۆک و گەلێکی ملکەچ و بێ ئیرادە

لە کاتێکدا کە حوكمێکی دیموکراتی نەبێت و دەسەڵاتێکی رەهاو ستەمکار حوکمی وڵات بکات، خەڵکی بەهیوای فریاد رەسێکن، بۆئەوەی لە زوڵم و ستەمکاری رزگاریان بکات،ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە دۆستۆیڤسکی لە رۆمانی شەیتانەکاندا بە " مرۆڤی خودایی" ناویدەبات، دوایش نیتچەش چەمکی " سوپەرمان"ی بۆ دادەتاشێت. کاریگەری بۆچونی ئەم دووانەش بەسەر ئەم رۆمانەوە زۆر دیارە.

/ خودایەک لە شێوەی ئادەمیزادا بێت و رزگاریانبکات و ئەوانیش بۆی بنوشێتەوە، گەر ئەم ئەفسانەیە بمرێت ، هەموو شتەکان تێکدەچێت. فریاد رەسێک هەموو کە هەموو مرۆڤەکان رزگاریی خۆیان بدەنە دەست دەست. ل 105

/خەڵکی لە سیاسەتدا بۆ خودا دەگەڕێن، ئەو خودا دوورە دەستە بێدەنگە نا کەلە ئاسمانە، بەڵکو خودایەک بیبینن و بیبستن و بیپەرستن، خەڵكی بۆ دینێکی نوێ دەگەڕێن ئیمانی ئێستایان بە درۆ نەخاتەوە، بەڵکو بیانخاتە قاڵبێکی نوێوەو وزەیەکی نوێ پێببەخشێت.

/ئەوان بەبێ گەڕان بۆ خودایەکی دونیایی ناژین، بێسەرۆکێک بیپەرستن و قسەکانی دووبارە بکەنەوەو کتێبەکانی بنێن بەسنگەوەو سوژدە بۆ مۆمیاکان و پەیکەرەکانی نەبەرن، بوونیان نامێنێت. ل 215

رۆژهەڵات و رۆژئاوا

ساڵانێکی زۆرە چ لەبەری رۆژهەڵات یان لەبەری رۆژئاوا، نووسەران و بیرمەندانی جیهان خۆیان بە جیاوازی کولتوروی رۆژهەڵات و رۆژئاواوە خەریککردووە. خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەناو ئەدەبیات و فکری کوردیدا، ئەم پرسە پانتایی باشی داگیرکردووە زۆر لە نووسەران خۆیان بەم پرسەوە خەریککردەوەو هەریەکەو بەشێوەی خۆی قسەی لەمبارەیەوە کردووە.
لەزاری جەنەڕاڵەوە دەڵێت:

/ خۆرهەڵات چییە گەر رابەرە رۆحییەکانی خۆی بدۆڕێنێت،،چییە؟ وێرانەیەکە کە بیروڕای سەیرو سەمەرە تێیدا تەراتێندەکات، بەڵی لێرە سیاسییەک دروست نابێت بەبێ سوژدە بردن،خەڵکی کەسێکیان دەوێت لەبەر پاکییەکەی بیپەرستن. ئەخلاق ئەوەیە خەڵک چیتر هەست بە پوچی و بێمانایی ژیان نەکەن. خۆرهەڵات لە موسا و مەسیح و موحەمەدەوە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا نەهاتووە، ل 136

هەرچەندە من لەگەڵ ئەم تێڕوانینە نیم و پاشان لە بارەی ئەم تێڕوانینەوە سەرنجی خۆم دەنووسم.

رەخنە لە پەکەکە و بارزانی

تێڕوانینی نووسەرو ئەدیبان دەبێت لە خەڵكی تر جیاواز بێت، مەرج نییە هەمووکاتێک ئەوەی بەدڵی زۆربەی خەڵكی بێت، دەقاودەق نووسەرانیش ئەوە بڵێنەوە، بەڵکە وەکو ئەلبێرت کامۆ دەڵێت" دەبێت نووسەر رۆحێکی یاخی تێدا بێت" لەم رۆمانەشدا ئەو رۆحە یاخییە زاڵە بەسەر نووسەردا، بەتایبەتی لە تێڕوانینی بۆ مێژووی کوردی و سەرکردە مێژووییەکانی کورد.

لە بارەی تێڕوانینی کوردەکانی باکوور بۆ سەرۆک دەڵێت:

/ رزگارکردنی کورد لای ئەوان تەنیا سەرۆکێک بەدەستی دەهێنێت لە شێوەی مرۆڤدا نەبێت و لە مەقامی خودا یان پێخەمبەرەکانی خودادا بێت.ل 216

لەبارەی بارزانیشەوە دەڵێت:

/ لە مێژووی هاوچەرخی کوردەکاندا سەرنجی دابوو، فەرمانێکی بچووکی کەسێکی وەکو بارزانی بەسە بۆئەوەی سەدان هەزاران کەس بێبیرکردنەوە وەک گاڕانێکی بێئیرادە و بێمێشک چەکەکانیان فڕێبددەن و ملکەچ و سەرشۆڕ بگەڕێنەوە بۆ ماڵێ، بێئەوەی بپرسن بۆ؟ ل 216

تێڕوانینێکی رەخنەگرانە بۆ نەوشیروان مستەفا

نەوشیروان موستەفا یەکێکە لە سیاسەتمەدارو سەرکردە دیارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو ساڵانێکی زۆر لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، رۆڵی سەرەکی هەبووە پاشانیش سەرکردەی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، کە یەکێکە لە هێز سیاسییە مەیدانی سیاسی کوردستان. نەشیروان مستەفا چ لە شاخ و چ لە شاریش، کاتێک دەسەڵاتی لەناو یەکێتیدا هەبوو، لە هەموو سەرکردەکانی تری ئەو حزبە کەمتر باوەڕی بە ئازادی بیرورا و رەخنەگرتن هەبوو، زۆرکەسیش بوونە قووربانی ئەو بیرکردنەوەیەی نەوشیراون، پارادۆکس لەوەدایە کاتێک لە یەکێتی جیابوویەوەو گۆڕانی دروستکرد، داوای ئازادی بیرورا و پلورالیزمی دەکرد!.

هەمیشە نەوشیروان مستەفا لەناو دۆست و لایەنگرانیدا، بەشێوەیەکی موقدەسی سەیرکراوە کەمتر رەخنەی لێگیراوە. دیارە لەناو مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا ، کەم نووسەر زاتی ئەوەی هەبووە رەخنە لەو سەرکردەیە بگرێت، راستە چەند هەوڵێک هەبووە،بەڵام ئەم هەوڵەی کاک بەختیار زۆر جیاوازە ئەوەش لەبەر دوو هۆ:
یەکەمیان: ئەوە یەکەمجارە لەرێگەی رۆمانەوە، زۆر بەچروپڕی و بەشێوازێکی ئەدەبی جوان، رەخنەی توندی لەو سیاسەتمەدارە بگیرێت و کارو هەڵسووکەوتە شەخسیی و سیاسییەکانی بخرێتە ژێر تەلیسکۆپی رەخنەی نووسەرەوە.
دووەمین هۆکاریش پەیوەندی بە " کات" ەو ەهەیە، لە ئێستادا لەناو ئەدەبیبانی کوردستاندا بەتایبەتی لە سلێمانی، کەم کەس هەیە بتوانێت رەخنە لە نەوشیروان مستەفا بگرێت، چونکە لەلایەن لایەنگرانییەوە بەشتێکی پیرۆز و موقەدەس سەیر دەکرێت.
لەم رۆمانەدا پانتاییەکی زۆر بۆ رەخنەگرتن لە سیاسەت و هەڵسووکەوتی نەوشیروان مستەفا دانراوە، کە ئەوەش خۆی لە کەسایەتی ژەنەڕال بیلال دا دەبینرێت.

/ ژەنەرال بیلال پیاوێکی باڵابەرز و باریک ومۆن، بەقژێکی سپی کورتی لوول و رەنگێکی بۆر و سەروسیمایەک کە سێبەری توڕەییەکی کپکراوی لەسەربوو،،ل23

/ نەیارانی وەکو پیاوکوژێک وەسفیاندەکرد کە رۆڵی ترسناکی لەهەندێک شەڕی ناوخۆ و لە پاکسازی دوژمنەکانیدا هەبووە، شێوازەکانی دڕندە و نائاسایی باسدەکران، ل 32

چەند سەرنجێک

دیارە ئەم رۆمانە لەپەنا ئەوەدا کە کارێکی ئەدەبی جوانە، لێ ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کە لە هەڵە و خەوش بەدوور بێت، لێرەدا چەند سەرنجێکی خۆم دەنووسم، هیوادارم نووسەر بەدڵێکی فراوانەوە وەریبگرێت.

لە رووی تەکنیکییەوە

سەرەتا پێمخۆشبوو لە رووی تەکنیکیەوە دەستپێبکەم، دیارە نووسەر لەگەڵ ئەوەی لە زۆر رووەوە زۆرباش توانیویەتی چەند رەگەزێکی رۆمان باش بەکاربهێنێت لەهەمووشیان گرنگتر رەگەزی " فلاش باگ، مۆنۆلۆگ،گرێی ئەدەبی و گێڕانەوە" بەراستی زۆر سەرکەوتووبەوە، بەتایبەتی لە کردنەوەی گرێی رۆمانەکە و شێوازی نووسین و گێڕانەوەی رۆمانەکە و کە پشتی بە کەسی سێهەم بەستووە، وەکو حکایەتخوانێک رۆمانەکەی بۆ خوێنەران باسکردووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە چەند رەگەزێکی تردا سەرکەوتوو نەبووە.

ئەم رۆمانە زیاتر زمانی پەخشان بەسەریدا زاڵە، هەرچەندە لەچاو رۆمانەکانی تریدا، لەم رۆمانەدا کەمتر ئەو لایەنەی زاڵکردووە، بەڵام کاتێک من وەکو خوێنەرێک دەیخوێنمەوە، زیاتر لە پەخشانێکی درێژ دەچێت. لەلایەکی ترەوە نووسەر لەکاتی بوونی دیالۆگی نێوان پاڵەوانەکانی ناو رۆمانەکە، هیچ جیا نەکراوەتەوەو لەگەڵ دەقەکە تێکەڵ بووە، هەرچەندە زۆر کەمیش " رەگەزی دیالۆگ" ی بەکارهێناوە.
لەرووی ناوی پاڵەوانەکانیشەوە، بەراستی ئەمە یەکێکە لەکێشە گەورەکانی نووسەر، لە رۆمانەکانی تریشدا هەمان شت دەکات، کۆمەڵێک ناوی بۆ پاڵەوانەکانی بەکارهێناوە، کە نامۆن بە کۆمەڵگەی کوردی. نووسەر دەبێت ئەو ناوانە هەڵبژێرێت کە لەناو کۆمەڵگەدا بوونیان هەیە، گەر نا ئەوە دەتوانێت هێما بەکاربهێنێت. گەر سەیری مامۆستا مەزنەکانی ئەدەب بکەین لەوانە: دۆستۆیڤسکی، تۆڵستۆی، زۆلا ، مارکیز و نەجیب مەحفوز، کاتێک رۆمانەکانیان دەخوێنێتەوە، ناوی کەسایەتییەکان بە کۆمەڵگەکانیان نامۆ نین.

دووبارە بوونەوە

خاڵێکی تر کەمایەی سەرنج بوو، دووبارەبوونەوەی کەسایەتییەکانە. بۆ نموونە ئەلیاس و دەریاس دوو برای دووانەن، هەمان چیرۆکیش بۆ جەنەڕال و نۆباری برای دووبارە دەبێتەوە. راستە لەرووی کەسایەتیی و شوێنەوە جیاوازن، بەڵام دووبارە کردنەوەی هەمان فکرە، لەجیاتی خاڵی بەهێز، لاوازی بە رۆمانەکە بەخشیوە، چونکە دووبارەبوونەوە، خوێنەر توشی مومیلی و بێزاری دەکات. باشتربوو نووسەر بەشێوەیەکی تر پەیوەندی پاڵەوانەکانی دروستبکردایە.

نەبوونی رەگەزی ژن

ژن رەگەزێکی گرنگی کۆمەڵگەیە، باسی هەر شتێکیش بکەیت، گەر ژن رۆڵی تێدا نەبێت، ئەوا کارەکە تەواو نییە، ئەوەی مایەی سەرنجە لەم رۆمانەدا " ژن" گرنگی باشی پێنەداروە، ئێمە لەم رۆمانەدا چەند ژنێک دەبینین کە رۆڵی زۆر کەمیان پێدراوە لەوانە دایکی ئەلیاس و دەریا و جەنەڕال، واتە لەم رۆمانەدا ژن تەنها وەکو دایک دەردەکەوێت، لەکاتێکدا دەکرا ژن بە چەند شێوەیەکی تر دەربکەوێت.
لەکاتێکدا نووسەر باسی رووداوێکی گرنگ دەکات کە شۆڕش و راپەرینە، لەمەشدا ژنان رۆڵیان هەبووە، بەڵام نازانم بۆچی نووسەر بەکەمی گرنگی بە ژن داوە.

تێڕوانی غەربزادەیی بۆ رۆژهەڵات

وەکو پێشتر باسمکرد، پرسی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، پرسێکی گرنگی ئەدەبی و فکری جیهانییە، نووسەریش لەم رۆمانەیدا پانتایی باشی بۆ داناوە،لێ نووسەر بە تێڕوانینێکی تەواو رۆژئاوایی " غەربزادەییە" سەیری رۆژئاوای کردووە.

بەتایبەتی کاتێک باسی " سەرۆک و گەل، یان هەوادارنی " دەکات. نووسەر پێی وایە ئەمە نەخۆشییەکی رۆژهەڵاتییە، بەڵام ئەمە وانییە و پەیوەندی بە ناوچەیەکی جیهانەوە نییە، بۆنموونە هێندەی ئەڵمان و ئیتالییەکان، ملکەچی بڕیارەکانی هیتلەرو مۆسۆلینی بوون، هیچ نەتەوەیەکی تر وانەبووە، لەکاتێکدا هیتلەر و مۆسۆلینی تاوانی گەورەیان بەرامبەر بە مرۆڤایەتی کردووەو ملیۆنان کەسیش بوونە قووربانی.

لەمبارەیەوە فەیلەسووفی گەورەی جوولەکە ئەریک فرۆم هاوکاریمان دەکات تاوەکو لەم حاڵەتە بگەین. فرۆم لە کتێبی جەوهەری مرۆڤ دا دەڵێت:

/ ئایا تەلعەت پاشا بەتەنها خۆی بوو کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانی کرد ؟ ئایا هیتلەر بەتەنها خۆی بوو کۆمەڵکوژی جوولەکەکانی کرد؟ ئایا ستالین بەتەنها خۆی بوو، کۆمەڵکوژی نەیارە سیاسیەکانی خۆی کرد ؟ بە دڵنییایەوە ئەو پیاوانە بەتەنها خۆیان نەبوون، بەڵکە هەزاران کەس ئامادەبوون، دەستیان کرد بە کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی لەبەر خاتری ئەوان ( واتە لەبەر خاتری تەلعەت پاشا و هیتلەر و ستالین)، وە هیچ کاتێکیش ویژدانیان ئازاری نەداون، بەڵکە بە پێچەوانەوە جێژیشیان لێ وەرگرت.
دەشڵێت:
/ پێدەچێت ئاسان بێت خەڵکی بخەیتە ژێر رکێفی خۆتەوە، ئەوان وەکوو منداڵی نیوە خەوتوو وان، ئامادەن چارەنووسی خۆیان تەسلیمی هەرکەسێک بکەن، بەتایبەت ئەگەر هاتوو ئەو کەسە دەنگێکی پاک و بێگەرد یان هەرەشە ئامێزی هەبێت، ئەوا دەتوانێت بیانخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە.

واتە ئەمە نەخۆشییەکی رۆژهەڵاتی نییە، بگرە نەخۆشییەکی جیهانییە و پەیوەندی بە کولتوور و ناوچەیەکی دیاریکراوەوە نییە.

/ خۆرهەڵات چییە گەر رابەرە رۆحییەکانی خۆی بدۆڕێنێت،،چییە؟ وێرانەیەکە کە بیروڕای سەیرو سەمەرە تێیدا تەراتێندەکات،،،،خۆرهەڵات لە موسا و مەسیح و موحەمەدەوە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا نەهاتووە.

نووسەر پێی وایە رۆژهەڵات تەنها لایەنی رۆحی و ئایینی هەیە، بەبێ ئەو دووانەش وێرانەیەکی گەورەیە، هەروەها لەرووی فکرو فەلسەفەوە پاشکەوتووە، ئەمەش تەواو تێڕوانینی رۆژئاواییەکانە بۆ رۆژهەڵات، بگرە ئەمە کورتبینییەکیشە بۆ هەموو ئەو هەوڵ داهێنانە گەورانەی کە زانایان و نووسەران و بیرمەندانی رۆژهەڵات لەماوەی چەندین سەدەی پێشوودا لەبواری زانست و ئەدەب و هونەر و فکرو فەلسەفەدا کردوویانە.

بەگشتی رۆژئاواییەکان واسەیری رۆژهەڵات دەکەن، کە جگە لە ئایین، هیچ داهێنانێکی تری لە بوارەکانی ژیاندا نەکرووە، خۆشیان بەسەرچاوەی داهێنانی زانست و فکرو فەلسەفەتی جیهان دادەنێن، هەموو هەوڵەکانی ناوچەکانی تری جیهان رەتدەکەنەوە.

هەرچەندە لەماوەی پێشوودا چەندین بیرمەند و فەیلەسووفی رۆژئاوا دژی ئەم تێڕوانینە سەقەتە وەستانەوە بەتایبەتی چەپەکان لەپێش هەموویانە "فەیلەسووفی ناسراوی ئیتالی " گرامشی"، دژی " سەنتراڵیزە بوونی " فکری رۆژئاوایی وەستایەوە، لەئێستاشدا بیرمەندە راسترەوەکانیش، دژی ئەم بۆچوونە رۆژئاواییەن بۆ نموونە فەیلەسووفی ناسراوی ئەمریکا " فرانسیس فۆکۆیاما" لە دوایین کتێبیدا " رەگوریشەی سیستەمی سیاسی" دژی ئەو تێڕوانینە رۆژئاواییە وەستاوەو هەوڵ و داهێنانەکانی رۆژهەڵات و ئاسیای لەبوارە جیاوازەکان باسکردووە بەتایبەتی سیستەمی سیاسی.

لەلایەکی ترەوە راستە سەرهەڵدانی داعش و جەنگی ناوخۆ و بوونی دیکتاتۆرەکان، وێنەی رۆژهەڵاتی ناشیرین کردووە، بەڵام هەموو ئەمانەش نەبۆتە هۆی ئەوەی کە رێگا لەداهێنانی ئەدەبی و هونەری و فکری رۆژهەڵاتی بگرن. بە واتایەکی تر رۆژهەڵات ئەو " وێرانەیە" نییە کە نووسەرە رۆژئاواییەکان پێیان وایە، بگرە هێشتا جوانی خۆی ماوە.

زاڵبونوی وتاری سیاسی

کانت پێی وابوو کە ( شیعر و ئەدەب و هونەر بە گشتی) کاریان تەنها خوڵقاندنی بەرهەمێکە کە لە ڕووی جوانییەوە، ئاستێکی باڵای هەبێت. دیارە راستە سیاسەت تارمایی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە، ئەدەبیش وەکو رەنگدانەوەی کۆمەڵگا، کەم یان زۆر، سیاسەت کاریگەری تێدەکات. بەڵام ئەوەی لەم رۆمانەدا بەدیدەکرێت، تارمایی سیاسەت لە یەکەم لاپەڕەوە تا دوا لاپەڕە زاڵە بەسەریدا، راستە دەکرێت سیاسەت لەناو رۆماندا شوێنی هەبێت، چونکە سیاسەت رۆڵی گرنگ بەسەر کەسایەتیی و کۆمەڵگەکاندا دەگێڕێت،بەڵام لەم رۆمانەدا دەتوانم بڵێم سیاسەت زۆر بە " زەقی، راستەوخۆ" یی باسکراوە، زۆرجار کە لاپەڕەیەک دەخوێنیتەوە، دەڵێیت بەیاننامەی لایەنێکی سیاسی دەخوێنیتەوە.

کاک بەختیار لەسەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لەو حزبەوە نزیک بووەو لە رووداوەکانی 17 شوباتیشدا، وتار و لێدوانی لە بەردەرکی سەرا داوە، بەڵام ئەویش وەکو زۆرێک لە نووسەران و رۆشنبیران بەتایبەتی برایانی گروپی "رەهەند" زۆر لە خودی نەوشیروان و گۆڕانەوە نزیک بوون، دوایی بۆیان دەردەکەوێت بەو شێوەیە نییە یان بۆچوونەکانی راست دەرنەچووە، هەریەکەیان بەشێوەیەک لە بزووتنەوەکە دوور کەوتنەوە، ،بە بڕوای من، ئەم رۆمانەش زیاتر وەکو راستکردنەوەی بۆچوونەکانی نووسەرە کەلەوکاتەدا بەشێوەیەک لە شێوەکان کەوتۆتە ژێرکاریگەری خودی نەوشیروان و حزبەکەیەوە.

بەداخەوە ئێمە زۆربەمان دەکەوینە داوی سیاسییەکانەوە، ئەوان دەتوانن زۆرجار وەکو خەڵکی تر بمانخەڵەتێنن، من بەش بەحاڵی خۆم کە لەو تەوژمەی گۆڕان دووربم، لەمەدا بیروباوەڕی چەپ هاوکاری کردم ، چونکە هەمیشە نەوشیروان مستەفا لای چەپەکان کەسێکی خۆشەویست نەبوو، ئەویش بەهەمانشێوە، حەزی بە رەوتە چەپەکان نەکردووە.

پێش کۆتایی

بەدڵنییایەوە ئەم رۆمانەی کاک بەختیار عەلی، هەوڵێکی جوانە بۆ خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانە بۆ مێژووی هاوچەرخی گەلەکەمان و تێڕوانینی تایبەتمان بۆ پرسی سەرۆک ، حزب ، شۆڕش و راپەڕین.

لەکۆتاییشدا دەستخۆشی لە کاک بەختیار عەلی دەکەم بۆ ئەم رۆمانەی، هیوای کارو جوانتری بۆ دەخوازم.




سەرچاوە:

بەختیار عەلی. دەریاس و لاشەکان. چاپی یەکەم . چاپخانەی کارۆ. سلێمانی . 2019

ئه‌ریك فرۆم. جه‌وهه‌ری مرۆڤ. وه‌رگێرانی: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا. چاپی یه‌كه‌م. ده‌زگای چاپ و په‌خشی موكریان. هه‌ولێر. 2013

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×