بۆچی سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا پایسکیل بەکاردەهێنێت؟
  2020-01-16       1750       

مارك ڕوتێ سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی ئیکۆنۆمیدا باس لەوە دەکات ماوەی دوو ساڵە زۆربەی ڕۆژەکان بە پایسکیل دەڕوات بۆ شوێنی کارەکەی .

ئاوێنە: لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەڕەکەدا کە بۆچی پایسکیل بەرکاردەهێنێت ئاماژەی بەوەکردووە وڵاتەکەی ڕوبەرێکی بچوکی هەیە بەکارهێنانی پایسکیل دەبێتە هۆی کەم بونەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پاك ڕاگرتنی ژینگە هەروەها لە ڕووی ئابوریەوە سود بە وڵاتەکە دەگەیەنێت .

باسی لەوەش کردووە کە هۆڵەندا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە گرنگی بە لێخوڕینی پایسکیل داوە لەبری ئوتومبێل .

وڵاتی هۆڵەندا بەوە ناسراوە کە ژمارەی پایسکیلەکانی لە دانیشتوانەکەی زیاترە بە جۆرێك لە ساڵی ٢٠١٨ دا ژمارەی پایسکیلەکان لەو وڵاتەدا ٢٣ میلیۆن بووە، نزیکەی لە ٣٠٪ی گەشتە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە بە پایسکیل ئەنجامدەدرێت.

بە پێی توێژینەوەیەك ساڵانە ڕێگە لە ٦ هەزار حەڵەتی مردن دەگیرێت بەهۆی لێخوڕینی پایسکیل لە وڵاتی هۆڵەندا، هەروەها ساڵانە ٢٠ میلیۆن دۆلار سود بە ئابوری وڵاتەکە دەگەیەنێت .



بە پێی توێژینەوەیەکی پەیمانگای هۆڵەندی بۆ شیکردنەوەی هۆکارەکانی گواستنەوە لە هۆڵەندا بەهۆی بەکارهێنانی پایسکیلەوە لە هەر کیلۆمەترێکدا بڕی ١٥٠ گرام دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کەم دەکات ، بەوەش هۆڵەندا خاوەنی ژینگەیەکی تەندروستە بەراود بە وڵاتانی تری جیهان .
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×