خامنەیی كوژرانی قاسم سولەیمانی بە كردەوەیەكی ترسنۆكانە ناودەبات و هێرشدەكاتە سەر خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەی
  2020-01-17       1165       

ئایەتوڵا خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران كوشتنی قاسم سولەیمانی بە "كردەوەیەكی ترسنۆكانە" ناودەبات و هێرشدەكاتە سەر خۆپیشاندەرانی ناڕازی وڵاتەكەی و سەبارەت بە روداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەش دەڵێت، ئێمە چەند خەممان خوارد بۆ كەوتنەخوارەوەی، بە هەمان ئەندازە دوژمنان خۆشحاڵ بون.

ئاوێنە: خامنەیی كە لە ساڵی 2012ەوە بۆ یەكەمجار وتاری ئەمڕۆ هەینی لە تارانی پایتەخت پێشكەش كرد تێیدا وتی، دو هەفتەی رابردو بۆ ئێمە پڕ روداو و ئاوارتە بو و پڕبو لە روداوی تاڵ و شیرین كە ئەكرێ خەڵكی پەندیان لێوەربگرێت.

رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی لەبەغدا لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بە كردەوەیەكی "ترسنۆكانە" ناوبردو راشیگەیاند، ئەو مۆدێلە لەناوچەكەدا تا بەر لە كوشتنی قاسم سولەیمانی، تایبەت بو بە ئیسرائیلییەكان.

سەبارەت بە هێرشە موشەكییەكەی ئێرانیش بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق لەوەڵامی كوشتنی سولەیمانیدا، خامنەیی هێمای بۆ ئەوە كرد كە ئەو گورزەی لە ئەمریكایان وەشاندوە راستە گورزێكی سەربازی بوە بەڵام لەوەش سەرتر گورزێكی "شەرەفمەندانە" بوە.

ئەو ستایشی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی كردو رایگەیاند سەربازەكانی ئەو فەیلەقە سەربازی بێسنورن و لە هەرشوێنێكی جیهان پێویست بێت ئامادە دەبن و وتیشی"ئەمانە تارمایی جەنگ و تیرۆر لە وڵاتەكەمان دوردەخەنەوە. بەشێكی گرنگی ئاسایشی وڵاتەكەمان بەرخەمی كاری ئەو گەنجە باوەڕدارانەیە كە ساڵانێكە لەژێر فەرماندەیی سەردار قاسم سولەیمانیدا شەڕدەكەن. بەڵێ بەدەم غەزەو فەلەستینەوە دەچن بەڵام بۆ خۆشمان ئاسایش بەرقەرار دەكەن."

خامنەیی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هێرشی كردە سەر خۆپیشاندەرانی ناڕازی ئێران و رایگەیاند"ئەو فریودراوانەی كە دروشمی "نە عەزە نە لوبنان، گیانم بە فیدای ئێران"یان دەوتەوە، نەك گیانی خۆیان تەنانەت ئامادەنەبون حەوانەوەو بەرژەوەندییەكانی خۆیشیان لەڕێگەی ئێراندا بەخت بكەن."

سەبارەت بە پشتیوانی بەرپرسانی ئەمریكا بۆ خۆپیشاندانەكان وتی"ئەو موهەریحجە ئەمریكیانە كە بە درۆ و فێڵەوە دەڵێن لەپشت خەڵكی ئێرانین، با ببینن كە خەڵكی ئێران چە كەسانێكن، ئایا ئەو چەند سەد كەسەی كە سوكایەتی بە وێنەی سەردار قاسم سولەیمانی ئازیزی ئێمە دەكەن، خەڵكی ئێرانن یاخود ئەو حەشاماتە گەورە ملیۆنییەی كە هاتنە سەرشەقامەكان." ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوانەی لە رێوڕەسمی بەڕێكردنی تەرمی سولەیمانیدا بەشداریان كردبو.

خامنەیی دەربارەی روداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەی هێمای بۆ ئەوە كرد كە ئەوە روداوێك بو بەڕاستی "دڵی ئێمەی تەنگ كرد" بەڵام كەسانێك بە رێنوێنی "تەلەفزیۆنەكانی ئەمریكاو رادیۆكانی بەریتانیا" هەوڵیاندا رۆژی پشتیوانی لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەبیر خەڵك ببەنەوە، "ئەو كەسانە هیچ هەستێكیان بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەیەكان و پرسەكانی وڵات نییە."

وتیشی"لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك گەنجی عاتیفی هەن و فریودەخۆن بەڵام ژمارەیەك گەنج وانین بەڵام ئامادەنین لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان تێبگەن و پشتیوانیان لێبكەن. ئەوەی دوژمن دەیەوێت، لەزمانی ئەوانەوە دەیڵێت."

وتیشی"بەهەمان ئەو ئەندازەیەی كە ئێمە بۆ روداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە خەممان خوارد، دوژمن ئەوەندە خۆشحاڵ بو."

سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریكی، وتی"دانوستان لەگەڵ دوژمن تێكەڵ بە فریودانە. جەنتڵمانەكانی پشت مێزی دانوستان، هەمان ئەو تیرۆریستانەی فڕۆكەخانەی بەغدان."

حامنەیی لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كرد كە وڵاتەكەی دەبێت ئابورییەكەی بەهێز بكات و دەسەڵاتداریی تەنها هێزی سەربازی نییە.

هەروەها لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا هێرشی كردە سەر وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیاو ئەڵمانیاو وتیشی، ئەوانە لەوە بچوكترن كە ئێران بخەنە سەر ئەژنۆ و وتیشی"دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە وتم، باوەڕم بەو وڵاتانە نییەو لەخزمەتی ئەمریكادا دەبن."

خامنەیی بەشێك لە وتارەكەی بە زمانی عەرەبی پێكشەش كردو رایگەیاند، جیهانی ئیسلامی دەبێت لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبداتەوەو بۆ وڵاتانی عەرەبیش وتی"دوژمنان دەیانەوێت ئێمە ئێوە بەدەستی خۆمان لەناوبەرن."

جەختیشی كردەوە كە "تەمبێكردنی سەرەكی ئەمریكا، كردنە دەرەوەیەتی لەناوچەكە."





زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×