چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکان لە بەغداد رفێندرا
  2020-01-18       458       
چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکان دوای گەڕانەوەی لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغداد، لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوه‌وه‌، رفێنرا.

ئاوێنه‌: چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکان دوای گەڕانەوەی لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا، لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوه‌وه‌، رفێنرا.

سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لەژێر هەڕەشەی چەک چالاکوانی خۆپیشاندانەکان، ئەحمەد فازڵ-یان رفاند.

سەرچاوەکە روونیکردەوە کە ئەحمەد فازڵ دوای گەڕانەوەی لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغداد، رفێنراوە.

بەوتەی سەرچاوەکە، هێزە ئەمنییەکان زانیاریی ئەوەیان لە دانیشتوانی ناوچەکەوە پێگەیشتووە بەوەی چەکدارەکان بەزەبری هێز چالاکوانەکەیان رفاندووە.

لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان کە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە لە چەند شارێکی عێراق بەردەوامییان هەیە، چالاکوانان و رۆژنامەنووسان رووبەڕووی رفاندن و ئازاردان و کوشتن بوونەتەوە.

لە میانی هەفتەی رابردوودا ئەم رووداوانە روویان لە زیادبوون کردووە.

تا ئێستا چەندین جار حکوومەت بەڵێنی داوە بەدوای ئەنجامدەرانی کوشتن و رفاندن و ئازاردانی رۆژنامەنووس و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانەوە بێت و دەستگیریان بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک لەمبارەیەوە رانەگەیەنراوە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانه‌وه‌ لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له‌ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، ٥٠٤ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزار كه‌سی دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×