ئەردۆغان بۆ هه‌ده‌په‌: کوردستانتان دەوێت لەباکوری عێراقە بڕۆن بۆ ئەوێ
  2019-02-26       1640       
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رو له‌پەرلەمانتاران‌و ئه‌ندامانی ھەدەپە ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "ئەمانە ھێندە مەراقی کوردستانیانە کوردستان لەباکوری عێراقە، فەرمون با بڕۆن بۆ ئەوێ".

ئاوێنه‌: لەوتارێکدا لەپارێزگای ئەرزینجان، رەجەب تەییب ئەردۆغان لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانه‌وه‌ رەخنەی لەلایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان گرت‌و  روی‌ له‌په‌رله‌مانتاران‌و ئه‌ندامانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان -هه‌ده‌په‌- كردو رایگه‌یاند، "دەڵێن لەکوردستان سەردەکەوین‌و لەرۆژئاواشدا ئاکپارتی‌و مەهەپە لەناودەبەین. باشە ئەگەر ئەوانە ئەوەندە شەیدای کوردستانن، کوردستان لەباکوری عێراقە، با بفەرمون بڕۆنە ئەوێ. ئێمە لەم وڵاتەدا باشوری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵمان بەنیشتمان کردووە، هەروەها قەرەدەنیزو ئاکدەنیزو ئەنادۆڵی ناوەڕاست، ئیجەو ماڕماڕای‌و تراکیامان بەنیشتمان کردووە".

وتیشی‌، "ھیچ کەسێک ناتوانێت خاکی تورکیا دابەش بکات، وەک چۆن ئەوانەیان لەناوبرد کە ویستیان خاکەکەیان پارچەپارچە بکەن، ئاوا ئەوانی دیکەش لەناودەبەن".

ئەردۆغان ڕەخنەی لەکەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری -جەھەپە- گرت‌و بەھاوڕێی پەرلەمانتارانی ھەدەپەی ناوبردو وتی، "قۆڵت لەقۆڵی کێدایە تۆش لەوانیت، پشتگیریی کێ بکەیت‌و کێ پشتگیریت بکات لەو کەسانەیت. ئێوەو پارتی باش لەگەڵ ئەوانەدا دەگەڕێن کە کوردستانیان دەوێت".

بڕیارە رۆژی 31ی مانگی داهاتو هەڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كان له‌توركیاو باکوری کوردستان بەڕێوەبچن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×