هێزەكانی رزگاریی عەفرین كوژرانی نۆ چەكداری سەربە توركیای راگەیاند
  2020-02-14       496       

هێزەكانی رزگاریی عەفرین رایگەیاند، لە زنجیرەیەك چالاكی شەڕڤاناندا لە "مارع" و "ئیعزاز"، نۆ چەكداری میلیشیاكانی سەربە توركیا كوژراون و حەوتی دیكەش برینداربون.

ئاوێنە: هێزەكانی رزگاریی عەفرین، ئەمڕۆ هەینی، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، رۆژی 12ی ئەم مانگە هێزەكانمان لە ناوچەی "ئیعزاز" لە نزیك هەردو گوندی "كەفەر خاشەر"و "كەفەر كەلبین" چالاكییەكی ئەنجام داوەو تیایدا سێ چەكداری میلیشیاكانی سەربە توركیا كوژراون و چواری دیكەش برینداربون و هەروەها دەستیشیان بەسەر دو چەك لەجۆری ئەی كەی 47دا گرتوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هەمان رۆژ هێزەكانیان چالاكییەكیان لەدژی بازگەیەكی سەربە میلیشیاكان لە ناوچەی مارع ئەنجامداوەو لەئاكامدا دو چەكدار كوژراون و سیانی دیكەش برینداربون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر هەمان رۆژ هێزەكانیان لە گوندی هەزوان لە ناوچەی مارع تەقینەوەیەكیان ئەنجامداوەو تێیدا لانیكەم سێ چەكداری میلیشیاكانی سەربە توركیا كوژراون.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە هەمان رۆژ لە گوندی "تەویسە"ی سەربە ناوچەی مارع، هێزەكانیان توانیویانە لە چالاكییەكدا چەكدارێكی دیكەی میلیشیاكانی سەربە توركیا بكوژن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×