2020-02-26   525     
سەرچاوەیەکی پزیشکی رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی کە دوێنێ سێشەممە لەمیانی رووبەڕووبوونەو و پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا لە ناوەڕاستی بەغداد کوژراون بەرزبووتەوە بۆ دوو کەس، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٥٧ کەس.
ئاوێنه: سەرچاوەکە کە لە فەرمانگەی تەندروستی رەسافە کار دەکات و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی، ''دوێنێ سێشەممە لەمیانی خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاستی بەغداد رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا روویدابوو و لەئاکامدا، دوو کەس کوژران و ٥٧ی دیکەش برینداربوون کە ١٧یان کارمەندی ئەمنیین''.
ئاماژەی بەوەیشکرد کە خۆپیشاندەرە بریندارەکان بەهۆی تەقەکردن و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە برینداربوون.
دوێنێ سێشەممە سەرچاوەیەکی پزیشکی رایگەیاندبوو کە لەمیانی خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاستی بەغداد، رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویداوە و بەهۆیەوە، یەک کەس کوژراوە و ١٧ی دیکەش برینداربوون.
دوێنێ لە شاری بەغداد و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەنجامدرا کە لەمیانیدا خۆپیشاندەران داوایان کرد، داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت، هەروەها داواشیانکرد کە لە بری محەمەد تۆفیق عەللاوی، کەسێکی سەربەخۆ و لە دەرەوەی پارتەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپێردرێت.