وەزیری دەرەوەی توركیا: سزاكانی سەر ئێران كاریگەریان لەسەر ئێمەش دەبێت
  2019-03-02       629       

مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند؛ سەپاندنی سزا لەلایەن واشنتۆنەوە بەسەر ئێراندا بڕیارێكی زۆر هەڵەیەو هەندێك لەوڵاتانی یەكێتی ئەوروپاش هەمان بوچونی توركیایان هەیە دەربارەی ئەو سزایانە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی توركیا ئەمڕۆ شەممە لەمیانی وتەیەكیدا هاتون لە بۆنەیەكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگای بورسادا.

مەولود چاوشئۆغلۆ جەختی لەسەر گرنگی پەیوەندی ئابوری نێوان وڵاتان كردۆتەوەو ئاماژەی بەوەداوە كە سزاكانی ئەمریكا دژ بە ئێران كاریگەریان لەسەر توركیاش دەبێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەنكەرە بەجدی كاردەكات بۆ ئەوەی واشنتۆن دەستبەرداری ئەو سزایانە ببێت.

ئەوەشی خستەڕو كە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كار لەسەر چەند بەدیلێكی جیاجیا دەكەن بۆ شكاندنی گەمارۆی ئابوری سەر ئێران یاخود بۆ ئەوەی لێكەوتەكانی زیانیان پێ نەگەیەنێت.

وتیشی"توركیا كار لەسەر ئەوە دەكات كە كاریگەری نەرێنی لەسەر چالاكییە بازرگانییەكان نەبێت، تەنانەت لەگەڵ ئەو وڵاتانەشی كە پەیوەندی سیاسی باشی لەگەڵیاندا نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×