لەسەر كڕینی ئێس 400، ئەمریكا هۆشداری توندتر دەداتە توركیا
  2019-03-09       932       

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا(پنتاگۆن) رایگەیاند، هۆشداری دەداتە توركیا كە كڕینی سیستمی ئێس 400ی روسی، چارەنوسێكی مەترسیداری دەبێت.

ئاوێنە: چارلز سامەرز، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەگەر توركیا سیستمی ئێس 400 بكڕێت، ئەو هەنگاوەی چارەنوسێكی مەترسیداری دەبێت لەسەر ئاستی پەیوەندییە سەربازییەكانمان.

وتیشی"ئەگەر توركیا سور بێت لەسەر كڕینی سیستمی ئێس 400ی روسی، ئەوا ناتوانێت فڕۆكەی ئێف35 و سیستمی پاتریۆت بەدەستبهێنێت."

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر چەند بەرپرسێكی ئەمریكا لەوبارەیەوە هۆشداریان دابوە توركیاو یەكێك لەو بەرپرسانەش باسی لەوە كردبو كە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا هەیە ئەگەر سوربێت لەسەر كڕینی سیستمە موشەكییەكەی روسیا.

لەبەرامبەردا دوێنێ وەزیری بەرگری توركیا، خلوسی ئاكار رایگەیاندبو كە لەمانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا دەست دەكەن بە جێگیركردنی سیستمە روسیەكە لە وڵاتەكەیان ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ سوربونی وڵاتەكەی لەسەر كڕینی سیستمی ئێس 400.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×