ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: چاوەڕوانین عێراق قەرەبوی هەڵەبجە بكاتەوە
  2019-03-16       371       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند چاوەڕوانن لەحكومەتی عێراق ئەركی یاسایی و ئەخلاقی خۆی دەرهەق بە پارێزگای هەڵەبجە بەجێ بگەیەنێت و قەرەبوی خەڵك و ژینگەكەی بكاتەوە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكدا بەبۆنەی تێپەڕوبونی 31 ساڵ بەسەر كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا رایگەیاند، ئەمڕۆ سی و یەک ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا لەسەر دەستی ڕژیمی پێشوی عێراق تێدەپەڕێت کە وێڕای شه‌هیدبونى پێنج هەزار هاوڵاتیی بێتاوان، هەزارانی دیکەش برینداربون و تا ئێستاش زۆربەیان بەدەست لێکەوته‌و کاریگەرییە خراپە تەندروستی و دەرونییەکانی ئەو کارەساتەوە دەناڵێنن. ئەمە وێڕای ئاوارەبونی هەزاران خێزان و وێرانکردن و تێکدانی ژینگەی ئەو دەڤەرە دڵگیرەی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وتوشیەتی"یادکردنەوەی ئەم کارەساتە جگە لەوەی ڕێزگرتنە لە قوربانیانی گەلەکەمان و مێژوی پڕ لە تێکۆشان و قوربانیدانمان، جەختکردنه‌وه‌ی حکومەتی هەرێمى كوردستانیشە لە بایەخدانی جددی بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی چەکی کیمیایی و خزمەتکردنی زیاترى هەڵەبجەی ئازیز کە بێگومان کاری زۆر ماوە بۆیان بکرێت و حکومەت بە پەرۆشەوە خزمەتی زیاتر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتوانە سەربەرزەکەی بە ئەرکی گرنگ و سەرەکیی خۆی دەزانێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراقیش بەجێگەیاندنی ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیەتی دەرهەق بەم پارێزگایە و دانیشتوانەکانی لە هەمو جۆرە بایەخپێدانێک له‌گه‌ڵ قەرەبوکردنەوەی ماددی و مەعنەویی خەڵکەک و ژینگەکەی، وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق."

لەكۆتاییشدا ئەنجومەنی وەزیران وتویەتی"وەک چۆن هەڵەبجەی شەهید سیمبولی ئازار و قوربانیی گەلەکەمانه‌، بە هەمان شێوەش سیمبولی خۆڕاگری و زیندوییمانە. قوربانیان و ئەو ئازیزانەمان کە لەم کارەساتە ناخهەژێنەدا لەدەستمان داون، هەمیشە لە یادمانن و تاهه‌تایه‌ لە ویژدانی ئەم گەلەدا یادیان زیندوە."

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×