کچانی لادێ لە قوتابخانەکاندا باجی "بالغبون" دەدەن
  2019-03-30       2948       

هەنار عەدنان


"ناز" کچێکی گوند نشینەو تەمەنی لە نێوان ١٢ بۆ ١٣ساڵاندایە، خوێندکاری قۆناغی سەرەتاییە لە قوتابخانەیەک لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک شاری سلێمانی. تا گەیشتۆتە ئەم تەمەنەی، جگە لەو زانیاریانەی لە خوشکێکیەوە گوێی لێبوە، هیچ زانیارییەکی دەربارەی گۆڕانی بایۆلۆژیی بەسەر لەشیدا نەبوە. کاتێکیش گۆڕانکاریەکە ڕودەدات، نازانێت چۆن لێی تێبگات و دۆش دادەمێنێت.


ڕۆژێک ناز لە قوتابخانەکەیدا، توشی ئازاری سک و سەرئێشە دەبێت، هاوڕێیەکی بە خێرای مامۆستاکەیان ئاگادار ئەکاتەوە کە هاوڕێکەی توشی ئازارێکی زۆر بوەو پێشتر توشی حاڵەتی لەوجۆرە نەبوە. مامۆستاکەی لە سەرەتادا وائەزانێت تەنها سەرمای بوە، بەڵام کە بۆی دەردەکەوێت ئازارەکەی زۆرەو خەریکە ئەڕشێتەوە، یەکسەر بۆی دەردەکەوێت کە ناز کەوتۆتە سوڕی مانگانەوە، بەڵام هیچ زانیاریەکی نیە؛ ئیتر حاڵەتەکەی بۆ ڕوندەکاتەوەو پێی ئەڵێت کە ئەمە شتێکی ئاساییەو پێویست بەترس ناکات، لە ئەنجامی گۆڕانکاریی هۆرمۆنەکانی لەش لە تەمەنی ئەودا ڕوئەدەن و کچان ئەکەونە ناو سوری مانگانەوە. 
ئەو مامۆستا ژنە، کە لەبەر هەستیاریی شوێنی کارەکەی لە لادێیەکدا، نایەوێت ناوی خۆی و کچە قوتباییەکەی بهێنێت، پێداویستی تەندروستی بۆ ناز دەستەبەر ئەکات و ئاگاداری ئەکاتەوە چۆن پاکوخاوێنی خۆی بە باشی ڕابگرێت. تا ئێرە چیرۆکەکە ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە نەبونی تەوالێت و ئاوی خاوێنە لە قوتابخانەکەدا، بۆیە مامۆستاکە ناچارە بۆ یارمەتیدانی بیبات بۆ تەوالێتی مزگەوتی لادێکە کە ئەکەوێتە پشت قوتابخانەکەوە. جێگەی ئاماژەیە کە هەمو خوێندکارانی قوتابخانەکە بۆ پێداویستی سەراو ناچارن بچنە مزگەوتەکە. ئەمە یەکێکە لە گرفتەکانی ڕۆژانەی ئەو قوتابخانەیەو چەندەها قوتابخانەی تر لە کوردستاندا، کە تەوالێت و ئاوی خاوێنیان تیانیەو خوێندکاران بێبەشن لە یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی ژیانیان ئەویش دابینکردنی ئاو و شوێنی تەندروستیییە.
بەڕێوبەری بەشی پلاندانان لە بەڕێوبەرایەتی پەروەردای سلێمانی، هۆگر ئەحمەد،  باس لە پێویستیی تەواوی خزمەتگوزاری وەک تەوالێت و دەستشۆر لە قوتابخانەکاندا دەکات و ئەڵێت، " وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەش بەردەوام لە چاککردن و نوێکردنەوەی ئەو خزمەت گوزاریانەداین بۆ قوتابخانەکان، بەردەوام لە ڕێگەی فۆرمێکەوە، پێداویستی و کەموکوڕی قوتابخانەکان لە ڕێگەی بەڕێوبەرەکانەوە تۆمار دەکرێن". هۆگر ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕو کە لە ٪99 ی قوتابخانەکان تەوالێتیان هەیە و کۆمەڵێک قوتابخانە نەبێت کە لە سنوری دەرەوەی سلێمانین، ئەوانیش لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆیان دروست دەکرێت.
بە گەڕانەوە بۆ چیرۆکی مامۆستا ژنە، ئەوەمان بۆ ڕوندەبێتەوە کەهۆکاری ئەو گرفتانەی باسی کردن، دەگەڕێنەوە بۆ نەبونی هۆشیاریی دەربارەی گۆڕانی بایۆلۆژی و قۆناغی بالغبون، بەتایبەتی لای دایکان، ئیتر کچان بەتەنیا ڕوبەڕوی ئەم قۆناغە ئەبنە. گرفتەکەش ئەوەیە کە دایکان نەخوێندەوارن یان تا پۆلی شەشەمی سەرەتاییان خوێندەوەو ئیتر لە فێرکردن بێبەشکراون. تا ئەمڕۆش، بەپێی گێڕانەوەی مامۆستاکە، کچانی لادێکە توشی هەمان چارەنوس دەبنەوەو لە دوای پۆلی شەشەمەوە شانسی خوێندنیان نامێنێت، چونکە خوێندگەی ناوەندی لە لادێکەدا نیە. کچان، تەنها دو بژرادەیان لە بەردەستدایە، یان ڕۆیشتن بەپێ و بڕێنی ڕێگەیەکی درێژ بۆ خوێندنی ناوەندی لە لادێیەکی تر، یان وازهێنان لە خوێندن. بژاردەی دوەمیش زاڵە بەسەر هەر شتێکی تردا، چونکە زۆربەی خەڵکی لادێ بەوە ڕازینابن کچەکانیان بچنە لادێیەکی تر بۆ خوێندن، ئەمە جگە لەوەی لە دوای قۆناغی بالغبون، خەڵکی لادی بەشێوەیەکی گشتی کچەکانیان لە قوتابخانەکان دەردەکەن.
مامۆستاکە باسی ئەوەش دەکات چۆن لە ماوەی کارکردنیدا، جگە لە ئەرکەکەی خۆی، باسی ئەو گۆڕانکاریانەشی بۆ کردون کە دوای قۆناغی بالغبون ڕوئەدەن و نابێت ببنە جێی شەرم لای کچان. ئەو ڕەخنە لەوەش دەگرێت کە ئەمڕۆ لە قوتابخانەکاندا ئەم لایەنەی ژیانی کچان پشتگوێ خراوەو زۆربەی مامۆستاکانیش، نەک گرنگی پێنادەن، بەڵکو ئەرکەکانی خۆشیان وەک مامۆستا بەجێناگەیەنن.
بەلای توێژەرێکی کۆمەڵایەتییەوە، قۆناغی هەرزەکاری وباڵغبون لای کچ وکوڕان، تەمەنێکی هەستیارەو کۆمەڵێک گۆڕانکاریی فیزیکی ڕودەدەن، کە بە شێوەیەکی گشتی نامۆن و کەسەکان توشی شڵەژانی دەرونیی دەکەن، ناتوانن کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەن وهەڵچونیان زیاد دەکات، چونکە پێشتر گۆڕانکاری لەو شێوەیە لە جەستەیاندا ڕوینەداوە و ناتوانن بەئاسانی بڕوابکەن.
ڕۆژان حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی، باس لە کاریگەریی دەوروبەریش دەکات لەسەر ئەو کەسانەی بەقۆناغی بالغبوندا تێپەڕدەبن و چۆن چاویان لەسەرەو بەردەوام پرسیاریان لێدەکرێ و لەم بارەیەوە ئەڵێت: "بەهۆی ئەو گۆڕانکاریە جەستەیانەی ڕودەدەن، بەشێوازێکی جیاوازتر لە پێشو، تەماشای کەسەکان دەکرێ، چاوی زۆر لەسەر گۆڕانکاریە جەستەیی و هەڵچونەکانیانە". هەر لەم بارەیەوە ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتیە بەردەوام دەبێت، "خۆدزینەوەی بەردەوام  لە چاوی کۆمەڵگەو پرسیار لەسەر گۆڕانکاریە جەستەیی و دەرونییەکان کە هیچ زانیاریەکی پێشوەختەیان لە بارەوە نیە،  توشی بارێکی دەرونی ناهەمواریان دەکات و ناتوانن بەئاسانی بەسەریاندا زاڵ بن".
ڕۆژان باسی ئەوەش دەکات کە خێزانەکان بەگشتی هۆشیارییەکی دروستیان نییە لەسەر تەمەنی بالغبون نیەو ئەمەش بەڕای ئەوە، "دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کلتورە داخراوەی کە شەرمنانە دەڕوانێتە گەشەی ئەندامە هەستیارەکانی جەستە، بەتایبەت ئەندامی مێینە، هەر ئەمەش وادەکات کچان وکوڕان بەترس و شەرمەوە بڕواننە گۆڕانکاریەکان.
یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە کە ئەم بابەتە لەگەڵ ئەوەی گرنگ و هەستیارە، لە سیستمی خوێندن وپەروەردەدا ناخوێنرێت و خوێندکاران زانیارییان لە بارەییەوە نیە. زۆرجاریش زانیاریەکان بە ترس و شەرم وئابڕوبەرانە لەلایەن گەورەکانەوە باسدەکرێن و دەخرێنە چوارچێوەی شەرەف وناموس. بەلای ئەم توێژەرەوە، کەسە نزیکەکانی وەک دایک وباوک و مامۆستاکان بەرپرسن لە تێگەیشتنی گەنجان لە بابەتەکە بەشێوەیەکی تەندروست.
ڕاگەیاندن هۆکارێکی گرنگی گەیاندنی ئەو بابەتەیە کە پێویستە لە بەرنامەو بابەتە تەندروستیەکاندا باسبکرێت و کچان و کوڕان هۆشیار بکرێنەوە. هەروەها قوتابخانەکان، تەنانەت لە ڕوی ئاینیشەوە دەکرێ باسبکرێت و لە بێدەنگیدا لە بێدەنگیدا نەمێنێتەوە. ئەمانە ڕاوبۆچونی مامۆستا ژنەکەو هەروەها ڕۆژان-یشە، کە پێی وایە ئەرکی پسپۆڕانی دەرونی وکۆمەڵایەتیە بە گرنگییەوە باسی ئەم قۆناغە بکەن و یارمەتی هەرزەکاران بدەن لە تێپەڕاندنی قۆناغی بالغبون و ڕزگاربون لە شەرم ودڵەڕاوکێ، ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەو بڵاوکردنەوەی زانیاری دروست.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×