کچێک: شەوی بوکێنیم زیاتر لەلاقەكردن دەچوو تا هاوسەرگیریی
  2019-04-03       3361       

ئا: ڕەنگین سەلام


هەرچەندە كوردستان وەک دەگوترێت روو لەكرانەوە و دەستەبەركردنی ئازادیەكانی تاك‌ و مافەكانی ژنانە، بەڵام هێشتا هاوسەرگیری پێشوەختی کچانی بەتەمەنێکی کەمەوە تیا ئەنجامدەدرێ. یاساناسێك دەڵێت “هەندێك بڕگەی یاسایی رێگەی بۆ هاوسەرگیریی كچانی خوار 18 ساڵ رەخساندوە”.


گەلاوێژ “ناوێكی خوازراوە”، ئەو رۆژەی هەرگیز لەیادەوەرییدا ناسڕێتەوە كە لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا بەیەكەم منداڵییەوە ژان گرتبووی، لەنەخۆشخانە توند دەستی گرتبوو بەدەستی دایكییەوە و لەتاو ئازاری دەرزی لێدان‌ و ژانی منداڵبون ئۆقرەی لێبڕا بوو، پزیشك‌و پەرستارەكانی چواردەوریشی بەدیار “مناڵێكەوە لەبەرگی ژنێك” دا واق وڕمابوون كە دووگیانە و خەریكە بەم تەمەنە كەمەوە دەبێت بەدایك.


گەلاوێژ وتی “وەك زۆربەی ئەو كچانەی لەتەمەنێکی کەمدا بەشوو دەدرێن، خێزانەكەم هەژار‌و دەستكورت بوون، من ‌و دایك ‌و باوكم ‌و خوشكێك ‌و دوو برام لەژوورو هەیوانێكی كۆندا دەژیاین كە بە کەڵکی ژیان نەدەهات، بەڵام ئێمە پێی ڕازی بوین”.


گەلاوێژ ئاماژە بەرۆژێکی ساردی یانزە ساڵ لەمەوبەر دەکات كە هەموو ژیانی ئەوی تیا گۆڕا. ئەو وتی “خوێندكاری پۆلی نۆی بنەڕەتی بووم، رۆژێكی زستان نەیانهێشت بچمەوە بۆ خوێندن‌، دایكم لەپاڵ خۆیدا دایندشاندم و پێیوتم: كچم گەورە بویت‌ و قسمەت‌ و نسیبی هەمو كچێكیش ماڵ ‌و مێردە ‌و داواكاریت هاتوە”.


هەرچەندە گەلاوێژ وەك هەمو كچێك لەو تەمەنەدا لەپرۆسەی هاوسەرگیری‌و شەوی بوكێنی دەترسا، بەڵام ئەوە باوكی بو كە بڕیاری لەسەر چارەنوسی دەدا نەك خۆی.


پیاوی داخوازیكار كە تازە لەخێزانەکەی جیابوبوەوە، تەمەنی ١٠ ساڵ لەگەلاوێژ گەورەتر بوو. گەلاوێژ وتی “نەهامەتی هەر لەیەكەم شەوی بوكێنیمەوە دەستیپێكرد، لەبەرئەوەی كاری سەرجێیم بەو تەمەنەوە زیاتر لەلاقەكردن دەچوو تا كاری هاوسەرگیریی. بۆیە هەر ئەو شەوە توشی نەزیف بووم‌ و گەیاندمیانە نەخۆشخانە‌و خوێنێكی زۆرم لەبەر ڕۆشت”.


وتیشی “پاش شەش ساڵ، هاوسەرەکەم بەنەخۆشی كۆچی دوایی كردو لەتەمەنی ٢٢ ساڵیدا بەسێ‌ منداڵەوە تەنها مامەوە”.


چیرۆكی گەلاوێژ یەكێكە لەسەدان چیرۆكی خەمناکی ئەو كچانەی هێشتا تەمەنی ١٨ ساڵیان تەواو نەكردوە و لەكوردستان هاوسەرگیری پێشوەختیان پێدەکرێ. هەرچەندە ئامارێك لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەژمارەی ئەو كچانە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكان تێبینی هەڵكشانی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دەكەن بەهۆی قەیرانی دارایی ‌و نزمی ئاستی هوشیاریی ‌و رێگەپێدانی لەڕووی ئاین‌ و شەرعەوە.


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی، د.شلێر فایەق غەریب ماوەیەكە ژمارەیەكی زیاتری ئەو ژنانە دەبینێت لەهۆڵەكانی منداڵبون كە تەمەنیان كەمە، ئەو وتی “ڕۆژانە ژنانی تەمەن 15‌و 16‌و 17 ساڵ روو لەنەخۆشخانەکە دەكەن‌و منداڵیان دەبێت، هەیە تەمەنی 20 ساڵە‌و 3 منداڵی هەیە، ژن هەیە تەمەنی 24 ساڵەو لەتاوا رەحمی دەرهێنراوە”.


بەرێزیان ئاماژەیان بەوەدا “ئەم ژنانە زۆربەیان ڕێگەكانی ڕێگرییكردن لەمنداڵبوون نازانن، بۆیە جارێكی دیكەو بەزوویی دووگیان ببنەوە”.


د.شلێر ئەوەش روندەكاتەوە ئەو كچانەی لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە هاوسەگیریی دەكەن، گرفتی تەندروستی زۆریان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، وەك: لەبارچوون‌ و بوونی منداڵی نائاسایی‌ و لەكاتی منداڵبووندا لەبەرئەوەی ئێسكی حەوزیان پێنەگەشتووە توشی فشاری خوێن‌و پەركەمی پاش منداڵ بوون دەبن. ئەو وتی “پاڵپێوەنانی كچان بەرەو قۆناغی دایكایەتی لەتەمەنێكی كەمدا، لەرووی دەروونیشەوە كاریگەری نەخوازراو لەسەر ئەو ژنانە بەجێدەهێڵێت زوو بە شوو دەدرێن‌، کە زۆربەیان توڕە و بێ‌ ئارامن”.


لەزۆربەی کۆمەڵگەکاندا ساڵی تەمەن دیارینەكراوە بۆ هاوسەرگیریی كچان، ئەمە پەیوەندی بەدابونەریتی باوی ئەو كۆمەڵگایانە خۆیانەوە هەیە. لەعێراقدا پەیڕەوانی ئایین ‌و مەزهەبەكان هەریەكە و بەپێی باوەڕی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەكەن.


لەساڵانی رابردودا بەشێك لەهێزە شیعییەكان لەهەوڵی ئەوەدا بون بەشوودانی كچان لەتەمەنی ٩ ساڵ بەرەو ژوور بكەن بەیاسا. ئەوەی چارەسەری ئەم پرسەی ئاڵۆز كردوە ئەوەیە کە رێگریی ئایینی لەبەردەم هاوسەرگیری پێشوەختدا نییە و بەشێك لەپیاوانی ئایینی كوردستانیش بەشێوەیەكی نایاسایی كچانی خوار ١٨ ساڵ مارە دەبڕن، بەبێ‌ ئەوەی حكومەت ‌و وەزارەتی ئەوقاف ‌و دەسەڵاتی دادوەری وەك پێویست لێیان بپرسنەوە.


پێش نوێژ و وتار خوێنی مزگەوتی هەڵەبجە، م.تەها ئەورەحمان ئەوە روندەكاتەوە كە بەشوودانی پێشوەختی كچان لە فیقهو بەپێی قەولی زانایانی ئیسلامی رێگەپێدراوە، ئەو وتی “ئەمەش بەڕەچاوكردنی شێوەی هەڵكەوتەی لەش‌و لاری كچەكە ئەگەر باڵغ بوو، توانای بەڕێوەبردنی ماڵی هەبوو ئەوا لەلایەن مامۆستایانەوە مارە دەكرێت بەڕەزامەندی خێزانی كچەكە”. ئەو پێشوایە کۆمەڵگەی کوردی زۆر دیاردەی نەشیاوی بەرامبەر بەژنان تێپەڕاندوە و ئێستا وەک جاران بەو رێژە بەرچاوە بەزۆر بە شوودان‌ و ژن بەژن‌ و گەورە بە بچوکی تیا پەیڕەو ناکرێ.


هاوسەرگیری پێشوەختی كچان بەهەر بیانوییەک پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، بەپێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ‌ و بەلاقەكردنی شاراوەی كچان ‌و لەژێر چەتری هاوسەرگیری شەرعیدا دادەنرێت. ئەمجۆرە هاوسەرگیرییە بەرپرسیاریەتی حكومەت‌و ئەنجومەنی یاسادانان و ئەوقاف‌ و دەسەڵاتی دادوەریی ‌و دامەزراوە ئاینییەكانیی کوردستانی خستوەتە ژێر پرسیارەوە كە ناتوانن سنورێكی بۆ دابنێن.


یاساناس “عەلی مستەفا ئەحمەد” سەبارەت بەهاوسەرگیری كچانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ ئاماژە بەوە دەكات بەپێی یاسای باری كەسێتی ژمارە ١٥ ساڵی ٢٠٠٨ی هەمواركراو، گرێبەستی هاوسەرگیریی لەدەرەوەی دادگا رێگەپێنەدراوە. ئەو وتی “ئەنجامدانی ئەم کارە تاوانە و ئەو کەسەی ئەنجامیدەدات یاسا سزای بۆ داناوە؛ بەغەرامە کردن بەشێوەیەک لەملیوێنێك دینار کەمتر نەبێت ‌و لەپێنچ ملێون دینار زیاتر نەبێ، یان سزاکەی قورستر ئەبێ بەزیندانی کردن لە٢ ساڵ کەمتر ‌و لە ٥ ساڵ زیاتر نەبێ بۆ ئەو کەسەی لەدەرەوەی دادگا کچێک مارە بكات لەپیاوێک کە ژنی تری هەبێت”.


ئەم یاساناسە ئەوەش رون دەكاتەوە كە یاسا بەچەند مەرجێك ئاسانكاری بۆ مارەبڕینی كچانی خوار ١٨ ساڵ كردوە. ئەو وتی “یاسا خۆی ڕێگەیداوە بەهاوسەرگیریی کچێک ١٨ ساڵی تەواو نەکردبێت، ئەویش لە دوو حاڵەتدا: کچەکە تەمەنی ١٥ ساڵیش بێت و لەبەردەم دادگا بیسەلمێنێت کە توانای هاوسەرگیری هەیە بەپشتبەستن بەبەڵگەیەکی پزیشکی‌ و جەستەیی. بۆ ئەو کەسانەشی کە ١٦ ساڵ ‌و ١٧ ساڵیان تەواو کردوە یاسا ڕێگەیداوە بەمەرجێک ڕەزامەندی وەلی ئەمری وەرگرێت لەبەردەم دادگا”.


گەلاوێژی تەمەن ٢٥ ساڵ، یەكێكە لەو ژنانەی بەرەزامەندی “وەلی ئەمرە”ەكانی هاوسەرگیری پێشوەختی پێكرا. هەرچەندە یاسا ئەوی نەپاراست، بەڵام ئەو كە گەورە بو نەیویست ژیانی لەنێوان چوار دیواردا زیندانی بكرێ‌. پاش کۆچیدوایی هاوسەرەکەی ماوەیەك بۆ دابین كردنی بژێوی منداڵەكانی نانی بۆ ماڵان دەكردو ئێستاش ئارایشتگایەكی كردوەتەوە، گەلاوێژ وتی “ئەزمونی هاوسەرگیریی بەو تەمەنە کەمەوە فێری کردم کە گرنگترین شت بۆ من کارکردن ‌و سەربەخۆیی ئابورییە”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×