خۆسوتاندن، مەرگی دەستكردی ژنان
  2019-04-04       1034       


ئا: لەیلا ئەحمەد


خۆسوتانی ژنان ماوەی چەند ساڵێكە لەكۆمەڵگەی كوردییدا بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا ژمارەی راستەقینەی ئەو ژنانەی ساڵانە خۆیان دەسوتێنن دیار نییە، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆریان هۆكاری خۆسوتاندنیان دەشارنەوە. 


"ئیتر نەمدەویست بژیم، قتویەك نەوتم كرد بەخۆمداو ئاگرم لەجەستەی خۆم بەردا".
پەیمان "ناوێكی خوازراوە"، دەیویست بەمجۆرە كۆتایی بەكوێرەوەری‌و نەهامەتیە بێ‌ بڕاوەكانی ژیانی خۆی بهێنێت، ئەو كە 31 ساڵ تەمەنی بەڕێكردوە، هەست ناكات رۆژێكی خۆشی لەژیانی خۆیدا بینیبێت: لەیەكەم ساڵی تەمەنیدا باوك‌و دایكی لەیەك جیابونەوە، بەمنداڵی باوك‌و باوەژنەكەی چەوساندنیانەوە، لەخوێندن بێبەش كرا، توندوتیژیی‌و سوكایەتیان پێكرا، كە گەورەش بو تۆمەتی لەدەستدانی پەردەی كچێنیان خستە پاڵ‌و سەرەنجام لەپێرەمێردێكی دوو ژنەیان مارە بڕی. 

كارەساتی گەورە بۆ پەیمان لەو ناوجە هەژارەی گەرمیاندا وەك زۆربەی كچان پێنانە قۆناغی باڵقبونەوە بو، ئەو وتی "بەیانیەكیان چومە ماڵی دراوسێكەمان ئاو بهێنم، كەوتم‌و قاچم خوێنی لێهات، كە هاتمەوە باوەژنەكەم قیژاندی: بنت پژاوە! پێمبڵێ‌ كێ وای لێكردیت؟ زڕبراكەم تفەنگی هێنا بمكوژێت، وتیان: ئابڕوت بردین، بەڵام خەڵك كۆبونەوەو نەیانهێشت".
وتیشی "ئیتر لەو رۆژەوە ژیانم لێتاڵ كرا، ئەتوت لەدۆزەخدام، كەس نەبو هانای بۆ بەرم، بۆیە لەترسی ناوزڕاندن قوتویەك نەوتم كرد بەخۆمداو خۆم سوتان".

پەیمان ئاگری لەجەستەی بەردا بۆ ئەوەی كۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت، بەڵام زڕخوشك‌و دراوسێكانی لێناگەڕان ئاگرەكەیان لەجەستەی كوژاندەوەو گەیاندیانە نەخۆشخانەو مانگێك لەناو پێخەفدا مایەوە، ئەو وتی "لەنەخۆشخانەش كەسوكارەكەم هاتن‌و هەڕەشەیان لێكردم كە بڵێم تەباخم پیا تەقیوەتەوە".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەگەرمیان، مانگی بەلانیكەمەوە ژنێك خۆی دەسوتێنێت، لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 5 حاڵەتی خۆسوتانی مردن‌و 2 حاڵەتی سوتان هەبوە. كە هەموو ئەم خۆسوتاندنانە زادەی توندوتیژیی ناو خێزان‌و توندوتیژیی بەرامبەر بەژنانن، كە دیارترین نیشانەی پێشێلكاریی مافی مرۆڤە لەهەرێمی كوردستان. زۆربەی ئەم توند‌وتیژیانە لەلایەن هاوسەر یان كەسە نزیكەكانەوە بەرامبەر بەكچان‌و ژنان دەکرێت، توندوتیژییەك كە شوێنەواری خراپ‌و درێژخایەنی لەسەر تەندروستی دەرونی‌و شێواندنی جەستەیی‌و ژیانی كۆمەڵایەتی ئەوان دەبێت.

چالاكوانی ژنان، عەزیزە رەئوف ئاماژە بەوە دەكات كە هۆكاری خۆسوتاندنی ژنان پەیوەندیی بەگوشاری دەرونی‌و جەستەیی، هاوسەرگیری زۆرەملێ‌‌و زۆر گوشاری دیكەی كۆمەڵایەتییەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەی ژیان لەناوچە هەژارنشینەكانی كوردستان بۆ زۆرێك بەگشتی‌و بۆ ژنان بەتایبەتی، قورس‌و پڕ لەچەرمەسەرییە. ئەو وتی "هەرچەندە ئامارێكی ورد سەبارەت بەتوندتیژی بەرامبەر بەژنان لەبەردەستدا نییە، بەڵام زۆربەی ژنانی كورستان قوربانیی جۆرێك لەتوندوتیژیی فیزیكی یان دەرونیین، ئەزمونكردنی ئەم جۆرە توندوتیژیانەش لەهەندێك قۆناغی ژیاندا دەرگا بەڕوی خۆكوشتن‌و خۆسوتانی ژناندا دەكاتەوە". 
وتیشی "لەنێو خێزان‌و كۆمەڵگەی كوردیدا ژنان بەكەم سەیری دەكرێن‌و بەشێوەیەكی مرۆڤانە مامەڵیان لەگەڵ ناكرێ‌‌و توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، بۆیە ژنان بیر لەكۆتایهێنان بەو ئازارو نەهامەتیانە دەكەنەوە ئەگەر لەڕێگەی خۆسوتان‌و كوشتنی خۆشیانەوە بێت".

 ئەم چالاكوانە ئەوەش روندەكاتەوە كە باشترین رێگە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاری كۆمەڵگە بەگشتی‌و كچان‌و ژنان بەتایبەتیە، لەبەرئەوەی زۆربەی ئەو خێزانانەی توندوتیژییان تیا ئەنجامدەدرێ‌ لەئاستێكی هوشیاری نزمدان‌و زۆربەی ئەوانەشی پەنا دەبەنە بەر خۆسوتاندن بەهەمانشێوە، ئەو وتی "لەكوردستان رێژەیەكی زۆر كەم لەو كچ‌و ژنانەی توندوتیژیی خێزانیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێ‌ پەنا دەبەنە بەر دادگا‌و یاسا‌و پۆلیس، زۆربەی هەرە زۆریان بێدەنگ دەبن بەرامبەر بەو تاوانانەی بەرامبەریان دەكرێ‌‌و بەشێوەیەكی نهێنی ئامێز لەدڵی خۆیاندا هەڵیدەگرن، لەكاتێكدا پێویستە لەدرکاندنی شەرم نەكەن‌و بەدەنگی بەرز ناڕەزایی دەرببڕن".

وتیشی "كێشەكە ئەوەیە نەریتێک لەكوردستان زاڵە كە ئەم جۆرە رەفتارانەی ناو خێزان كارێكی نادروست‌و نەشیاو نین‌و دەبێت قبوڵ بكرێن، ئەمەش رێگە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژیی ئاسانتر دەكاو ژنانیش توشی متمانە بەخۆ نەكردن‌و روبەروبونەوەی كێشەی دەرونی زیاتر دەكات".

 ساڵ بەساڵ رێژەی خۆكوشتنیش لەكوردستان لەزیادبوندایە، بەشێكی زۆری ئەوانەی خۆشیان دەكوژن ژنانن، كە ژمارەیەكیان لەڕێگەی خۆسوتاندنەوە كۆتایی بەژیانی خۆیان دەهێنن. ئەمە لەكاتێكدایە لەسەرتاسەری جیهاندا، پیاوان زیاتر لەژنان پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن، بەڵام ئامارەكانی كوردستان دەریدەخەن زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەكوژن كچان‌و ژنانن، بەتایبەتی ئەوانەی پەنا بۆ خۆسوتان دەبەن. هەرچەندە ئەم ئامارانە ژمارەی راستەقینەی ئەو ژنانە ئاشكرا ناكەن خۆیان دەكوژن، چونكە زۆرێك لەخێزانەكان هۆكاری خۆكوشتن یاخود خۆسوتاندنی كچ‌و ژنەكانیان بۆ كەس ئاشكرا ناكەن‌و بەپێی دابونەریتی باو بەشەرمەزاریی دەزانن.

بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەگەرمیان، عەقید لەمیعە محەمەد قادر ئاماژە بەوە دەکات ئەو ژنانەی خۆیان دەسوتێنن ئەگەری مردنیان زۆرەو بۆ ئەوەی وتەی تاوانلێكراوان وەربگرن دەستبەجێ لێكۆڵینەوە دەكەن‌و گەر سكاڵایان هەبێت ڕێكاری یاسای دەگرنەبەر، ئەو وتی "زۆربەی خۆسوتاندنەكانی ئەمساڵ بەهۆی هێنانی ژنی دوەمەوە بوە".
وتیشی "كۆمەڵگای ئێمە چارەسەری یاساییان پێباش نییە، بۆیە زۆر حاڵەتی  خۆسوتانی لەناكاو ڕودەدات‌و حاڵەتی خۆسوتاندنیش هەیە هەر بەنهێنی دەمێنێتەوە". 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×