سلێمانی: کارگەی جگەرەکە دەبێت بەکارگەی کلتور
  2019-04-04       2281       


ئەمڕۆ لەڕیورەسمێکدا خەبات کەریم مەعروف، سەرۆکی رێکخراوی کلتور و گەشەپێدانی بەردەوام پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەو بەگەڕخستنی کارگەی کۆنی جگەرەی سلێمانی وەک شاری کلتوریی راگەیاند.


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٤/٤، لەناو یەکێک لەهۆڵەکانی کارگەی جگەرەی سلێمانی بەئامادەبونی وەزیری ڕۆشنیری‌و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە ڕۆشنبیریەکان‌و چەندین کەسایەتی دیاری هونەری‌و ڕۆشنبیریی، گواستنەوەی موڵکایەتی کارگەی جگەرەی سلێمانی بۆ سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری‌و گۆڕینی ناوی کارگەی جگەرە بۆ کارگەی کلتور ڕاگەیەندرا.

خەبات کەریم مەعروف، سەرۆکی رێکخراوی کلتورو گەشەپێدانی بەردەوام رایگەیاند لەناو کارگەکە چەند ناوەندێکی کلتوری رۆژشنبیری بنیاتدەنرێن‌و پرۆژەکە بۆ بەردەوام بوونی پشت بەداھاتی خۆی دەبەستێت‌و کارگەکەش وەک ناوەندێکی کلتوری لەناو شاری سلێمانی دەمێنێتەوە.

سەرۆکی رێکخراوی گەشەپێدان راشیگەیاند: ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد پاڵپشتێکی گەورەی پڕۆژەی کارگەی کلتور بووە، ئەگەر ئەوان نەبوونایە، زۆر ئاستەم بوو ئەم کارەی ئێستا بکرایە.
هاوکات بابەکر دڕەیی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری‌‌و هونەری سلێمانی رایگەیاند "زۆر بزنسزمان تەماعیان لەم شوێنە بوە کە روبەرەکەی ٢٥ دۆنمە بۆ ئەوەی بیاندرێتی‌و بیکەن بەپڕۆژەی بازرگانی، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.

خەبات کەریم بەئاوێنەی راگەیاند کە شوێنی کارگەی جگەرەکە دەبێتە شوێنێکی گەورەی کلتوری‌و سینەما، شانۆ، کتێبخانەو گەلەری‌و مۆزەخانەی هونری تێدا دەکرێتەوە.

وتیشی "هەوڵ‌و کۆششێکی زۆر کراوە تا ئەم شوێنە کراوە بەشوێنێکی کلتوری‌و لەکەسانی تەماعکار پارێزراوە".

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×