ئه‌‌‌‌‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك: سكاڵا دژی وه‌‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق تۆمارده‌كه‌ین
  2019-04-14       1483       

ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك هه‌ڕه‌شه‌ی تۆماركردنی سكاڵا ده‌كه‌ن له‌ دژی وه‌فدێكی باڵای حكومه‌تی عیراق كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ی نیسان سه‌ردانی كه‌ر‌كوكیان كرد، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێگرییان لێكرا گله‌یی و ناڕه‌زاییه‌كانی كه‌ركوك بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و وه‌فده‌.

ئاوێنه‌: وه‌فده‌ باڵاكه‌ی حكومه‌تی عیراق، كه‌ پێکهاتبون له‌ ژماره‌یه‌ك وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سامر غەزبان، جێگرى سەرۆک وەزیران بۆ کاروبارى وزه‌ و وەزیرى نەوت به‌یانی یه‌كشه‌ممه‌ گه‌یشتنه‌ بینای ئه‌نجومه‌ن، به‌ڵام رێگریكرا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ كۆببنه‌وه‌.

ئەحمەد عەسکەری، بە نوێنەرایەتی ئەندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، وتی "ئەم هەڵسوکەوتە قبوڵناکەین، لە پەرلەمان و دادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆماردەکەین و داوای رونکردنەوە دەکەین".

وتیشی"نازانین بۆچی رێگریمان لیێکراوە و بە چ هۆکارێك نەیانهێشت ئەو وەفدە ببینین، بۆیە گومانمان لەو سەردانە هەیە و پێمانوایە ئیدارەی کەرکوک نەیویستوە گلەیی و گازندەکانمان بەرامبەر ئەو تەخشان و پەخشانكردنه‌ بە پارەی کەرکوکەوە دەکرێت بگەیەنینه‌ حکومەت، لەسەر ئەمەش بێدەنگ نابین."

وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق، لەگەڵ گەیشتنیان بە بیناى پارێزگاى کەرکوک، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا و تیایدا راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت وتی "مەبەست له‌م سەردانە بۆ هاوکاریکردنمانه‌ بۆ دۆزینەوەى رێگاچاره‌یه‌ك بۆ کێشەکانى کەرکوک و هەروەها هاوکارى فەرمانگە حکومییه‌کان لە نۆژەنکردنەوە و خزمەتگوزاریى و دوبارە گەڕانەوەى ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەکان".

هه‌روه‌ها سامر غەزبان، جێگرى سەرۆک وەزیران بۆ کاروبارى وزە و وەزیرى نەوت، له‌ كۆنگره‌كه‌دا وتی "ئێمه‌ له‌سه‌ر بڕیارى سەرۆك ئەنجومەنى وەزیران عادل عەبدولمەهدى سەردانى شارى کەرکوکمان کرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری بارودۆخی كه‌ركوك بین و دەمانەوێت شارى کەرکوک بگاتە باشترین ئاستی لەڕوى خزمەتگوزارى وەکو ئاو، کارەبا و ئەمن و ئاسایش".

ناڕه‌زایی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی دژی وه‌فده‌كه‌ له‌كاتێكدابو، سامر غه‌زبان وتی "بۆ نیشاندانی پاڵپشتی خۆمان بۆ ئیدارەى کەرکوک لێره‌ین... هاتوین بۆ ئه‌وه‌ی گوێ لە داواکارییەکانى پارێزگاى کەرکوک بگرین".

وه‌فده‌كه‌ دوای كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ بینای پارێزگای كه‌ركوكیان به‌ره‌و كۆمپانیای نه‌وتی باكور جێهێشت و كۆبونه‌وه‌كانیان برده‌ ئه‌وێ، به‌ڵام ته‌نیا چه‌ند ئه‌ندامێكی دیاریكراوی ئه‌نجومه‌ن له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ بون.

کاکەڕەش سدیق، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک له‌ لیستی برایه‌تی و به‌شداربوی وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و وه‌فده‌ بۆ مەبەستى ئاساییکردنەوەى بارودۆخی کەرکوک لەڕوى ئەمنى، خزمەتگوزاریى و ئاوەدانکردنەوەوه‌ هاتون و ئێمه‌ش چیمان له‌ دڵدا بێت له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا ده‌یڵێین".

ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئه‌نجومه‌ن كه‌ رێگریانلێكرا وه‌فده‌كه‌ ببیین له‌ كۆنگره‌كه‌دا جه‌ختیانكرده‌وه‌ "ئەم رێگریکردنە بۆ شاردنەوەی راستییەکانە لە ئەنجومەن و بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو گەنده‌ڵییانه‌یه‌ کە پارێزگاکەی گرتۆتەوە و تۆڵه‌سەندنەوەی پارێزگاری كه‌ركوكه‌ لە بەرامبەر دانیشتنەکەی هەفتەی رابردوی ئەنجومەن بۆ گفتوگۆکردنه‌ لەسەر پارەی تەرخانكراوی پترۆ دۆلار".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×