نەتەوە یەكگرتوەكان: ساڵی رابردو نزیكەی 100 رۆژنامەنوس كوژراون
  2019-05-03       791       

ئەنتۆنیۆ گۆتیریس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان نیگەرانی خۆی لەزیادبونی توندوتیژییەكان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان رادەگەیەنێت كە بەپێی ئامارێكی یونسكۆ لە ساڵی رابردودا نزیكەی 100 رۆژنامەنوسان لەسەرتاسەری جیهان كوژراون.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی 3/5/2019 رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییە، لە پەیامێك بەو بۆنەتەوە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند، رۆژنامەگەریی كۆڵەكەی بونیادنانی دامەزراوە دادپەروەر و نەزیهەكان، ناچاركردنی سەركردەكان بۆ لێپێچینەوە و خستنەڕوی راستییەكانە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئازادی رۆژنامەگەریی پرەنسیپێكی بنەڕەتییە بۆ هێنانەدی ئاشتی، دادپەروەری و مافی مرۆڤ و وتیشی"هیچ دیموكراسییەتێك تەواو نییە، ئەگەر زەمینەی گەیشتن بە زانیارییە دروستەكان بەشێوەیەكی شەفاف نەڕەخسێنێت."

ئەوەشی خستەڕو كە تەكنەلۆژیا گۆڕانكارییەكی بەدیهێناوە لە گەیشتنی خەڵك بە زانیارییەكان و ئاڵوگۆڕكردنیان بەڵام هەندێك جار ئەوە بەكاردەهێنرێت بۆ چەواشەكردنی رای گشتی یاخود بۆ پەرەپێدانی توندوتیژی و زیادكردنی رق و كینە.

هەروەك ئاماژەی زیادبونی گوتاری دژ بە راگەیاندو زیادبونی توندوتیژی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كرد و نیگەرانی خۆیشی نیشاندا بەرامبەر بە زیادبونی پەلاماردانی رۆژنامەنوسان و دەربازبونی پەلاماردەران لە سزا.

ئاشكراشیكرد كە بەپێی یونسكۆ لەماوەی ساڵی رابردودا نزیكەی 100 رۆژنامەنوس كوژراون و سەدانیش خراونەتە زیندانەكانەوە.

لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریدا، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان داوایكرد كە بەرگری لەمافی رۆژنامەنوسان بكرێت كە كەسانێكن هاوكارن لە بونیادنانی جیهانێكی باشتر بۆ هەموان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×