عادل عەبدولمەهدی: پەیوەندییەكانی بەغداو هەولێر لەباشترین دۆخدان
  2019-05-03       380       

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەرچەند خاڵی ناكۆكی هەن بەڵام پەیوەندییەكانی بەغداو هەولێر ئێستا لەباشترین دۆخدایەو دەتوانن بەگفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەن.

ئاوێنە: عادل عەبدولمەهدی، ئەمڕۆ هەینی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، رایگەیاند"نایشارینەوە ژمارەیەكی زۆر شانەی نوستوی داعش هێشتا لەعێراق بونیان هەیە."

وتیشی"سەركەوتن بەسەر داعشدا لەسەر خاك بەدەستهاتوە، بەڵام داعش دەیەوێت بەهەمو رێگەیەك بگەڕێتەوەو پەیامەكەی ئەم دواییەی ئەبوبەكر بەغداد-یش ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی مەترسییەكانی داعش."

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە رۆڵی فەرەنسا گرنگە لە دژایەتی تیرۆرداو جەختیشی كردەوە كە نەخشەرێگەیەكی نوێیان هەیە كە پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان فەرەنساو عێراق دادەڕێژێتەوە.

عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەشدا كە دۆخی عێراق لەسەرجەم روەكانەوە زۆر بەرەو باشبون رۆشتوەو ئەو دۆخە ئەرێنییەش ئەنجامی باشبونی پەیوەندییە سیاسییەكانە لەنێویشیاندا پەیوەندی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

وتیشی"پەیوەندییەكانی بەغداو هەولێر لەباشترین دۆخدایە، ئەمەش بەمانای ئەوە نا كە خاڵی ناكۆك لە بۆچونەكاندا نەبێت، بەڵام ئەو خاڵە ناكۆكانە ناوەڕۆكی گرنگن بۆ پەراوێزی گفتوگۆ."
جەختیشی كردەوە كە دەتوانن زۆربەی كێشەكانی شەنگال، نەینەوا، كەیسی نەوت و دەروازە گومرگییەكان چارەسەر بكەن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاند كە لەساڵی 1990ەوە بۆ یەكەمجارە پێناسەیەكی یەكخراویان لەسەرتاسەری عێراقدا بۆ باجەكانی گومرگ هەبێت.

لای خۆیشییەوە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراق لەروبەڕوبونەوەی تیرۆردا دوپاتكردەوەو ئاماژەی بەوەدا كە شەڕی تیرۆر هێشتا كۆتایی نەهاتوە.

سەرۆكی فەرەنسا داواشی كرد كە عێراق پارێزگاری لە پێكهاتەی ئێزیدییەكان بكات و خواستی وڵاتەكەیشی نیشاندا بۆ ئەوەی لە پاییزی داهاتودا لەگەڵ فەرەنسادا، عێراق سەرۆكایەتی كۆنفراسێكی نێودەوڵەتی بكات لەبارەی پشتیوانی قوربانیانی توندوتیژی ئایینی و ئەتنی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×