سلێمانی: دەستبەسەر برێك گۆشتی سوردا دەگیرێت
  2019-05-04       1277       

بەهۆی سەربڕینیان لە شەقام و كۆڵانەكان، و بەدەر لە ڕێنماییە ڤێترنەری و تەندروستیەكان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێك گۆشتی سووردا دەگرن كه‌ گۆشتەكە مەترسی گواستنەوەی نەخۆشیە مرۆژەڵیەكانی لێدەكرێت.


ئاوێنە، راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی: لەدوو رۆژی رابردوودا، لەلایەن لیژنه‌ی دووی سه‌ربه‌ لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، دەست بەسەر چەند ئاژەڵێكی سەربراودا گیراوە، كە خاوەنەكانیان بەدەر لە رێنماییە ڤێترنەری و تەندروستیەكان سەریاندەبڕن و لە شەقام و شارێكان، بەهاوڵاتیانی دەفرۆشن. 


پێشتر و چەند جارێك ئەو گۆشتفرۆشانە ئاگادار كراونەتەوە، كە ئاژەڵەكانیان ببەن بۆ كوشتارگەی سلێمانی لەپاش پشكنین و دڵنیابوونەوە ئاژەڵەكانیان سه‌ربڕن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لیژنەكانی قائیمقامیەت رێگری لەو گۆشتفرۆشانە دەكات لەماڵەوە یان لە شەقام و كۆڵانەكان ئاژەڵ سەردەبڕن.


ئەو ئاژەڵانەی لەسەر شەقام و شارێكاندا دەفرۆشرێت، پشكنینان بۆ ئەنجام نەدراوە دوور لە رێنماییەكانیان سەردەبرێن، هەروەها گۆشتەكەی گومانی گواستنەوەی نەخۆشییە هاوبەشەكانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵی لێدەكرێت كە مەترسی بۆسەر تەندروستی بەكارهێنەرانی دروست دەكات. 


بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی، ئاژەڵە سەربراوەكان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەری سلێمانی دەكرێت، و ئەو ئامێر و ئەوكەلوپەلانەی بۆكاری گۆشتفرۆشتن بەكاردەهێنرێت لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناودەبرێت. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×