جیهان و پڕۆژە نوێكەی چین
  2019-05-08       990       

ئا: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵا

 

لە 25/26 لە پكینی پایتەختی چین، دووەمین كۆڕبەندی «پشتوێن و رێگا» بەسترا، لەم كۆڕبەندەدا كە 37 سەرۆك كۆمار و حكومەت لە كیشوەرەكانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا و ئەمریكای لاتین بەشدار بوون، تێیدا قسەوباس لە بارەی بازرگانی و جیهانگیریی و كێشەكانی ژینگە كرا. سەرۆكی چینیش داوایكرد كە وڵاتانی زیاتر بەشداری پڕۆژە نوێكەی چین ببن، چونكە لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەتوانرێت جیهانێكی باشتر بۆ مرۆڤایەتی دابین بكرێت. هەرچەندە دەوڵەتانی خۆرئاواو هیندستان و ژاپۆن، بە گومانەوە سەیری ئەم پڕۆژەیە‌ی چین دەكەن، بەڵام روسیا و چەند دەوڵەتێكی ئەوروپی پشتگیریی لەم پڕۆژەیە دەكەن.
لە كۆتایی كۆڕبەندەكەشدا، كۆمەڵێك رێكەوتنی بازرگانیی مۆركرا كە كۆی گشتییان گەیشتە نزیكەی 68 ملیار دۆلار.


5 هەزار میوان

پكینی پایتەختی چین لە 25/26 ئەپریلدا بووە پایتەختێكی جیهانی و لە 150 دەوڵەتەوە شاندی هەمەجۆری سیاسی و بازرگانی هاتبوون كە نزیكەی 5 هەزار میوان دەبوون، هەروەها 37 سەرۆك كۆمارو سەرۆك حكومەتی جیهان و سكرتێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەڕێوبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و 90 رێكخراوی نێودەوڵەتیش بەشداربوون. دووەمین كۆڕبەندی «پشتوێن و رێگا» یەكێك بوو لە رووداوە گرنگەكانی مانگی پێشوو، میدیای جیهانیش بە گرنگییەوە باسیان كرد، بەداخەوە لە ناو میدیای كوردیدا، هێندە گرنگی بەم رووداوە مەزنە نەدرا، كە یەكێكە لە كۆڕبەندە گەورەكانی جیهان.

پڕۆژەیەكی جیهانی
لە وتەیەكیدا شی جین پینگ سەرۆك كۆماری چین رایگەیاند: پرۆژەی پشتوێن و رێگا لەگەڵ رۆحی سەردەمدا دەگونجێت و دەخوازێت جیهانێكی ڤرە جەمسەری بهێنێتە دی. وتیشی: پڕۆژەی پشتوێن و رێگا، پڕۆژەیەكی ژینگە دۆستییەوە دەیەوێت گەشەپیدانێكی سەوز و پاك و بێگەرد، لە جیهاندا بخوڵقێنێت.
لە كۆتاییشدا شی جین پینگ داوایكرد كە وڵاتانی تر بەشداریی ئەم پڕۆژەیە بكەن، جێگەی ئاماژەیە هەتا ئێستا 123 دەوڵەتی جیهان، پابەندەبوونی خۆیان بەم پڕۆژەیەوە راگەیاندووە.

ژینگە كێشە گەورەكەی جیهان
لە وتەیەكیدا ئەنتۆنیۆ گوتریش سكرتێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند: پێویستە كاری جددی بكرێت بۆ چارەسەركردنی پیسبوونی ژینگەی زەوی. وتیشی: لە كێشەی پیسبوونی ژینگەدا، دەوڵەتە هەژارەكان زەرەرمەندی سەرەكین.

بەشداربوونی ئیتالیا
زۆرێك لە میدیاكانی جیهان باسیان لە بەشداربوونی جوزیبی كۆنتی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا كرد، چونكە ئەو تاكە سەركردەی گروپی حەوت دەوڵەتە پیشەشازییەكەی جیهانە كە بەشداریی ئەو كۆڕبەندەی كرد. جێگەی ئاماژەیە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا ژاپۆن و هیندستان بە گومانەوە سەیری ئەم پڕۆژەیە دەكەن. هەرچەندە لە ئێستادا بەشێكی زۆری وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەشداریی ئەم پرۆژەیەن لەوانە: یۆنان و بەریتانیا و پۆڵەندە و كۆمەڵێك وڵاتی ئەوروپای خۆرهەڵات.

جەنگی ئەمریكا و چین
لە پاش دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، چین كەوتۆتە جەنگێكی بازرگانیی گەورەوە لەگەڵ ئەمریكا، هەرچەندە هەتا ئێستا چەندین خولی گفتوگۆیان سازكردووە، بەڵام هێشتا رێك نەكەوتوون. بەشێك لە چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، لە كۆڕبەندی ئەمساڵدا، چین زیاتر دەیویست لە رێگەی ئەم كۆبوونەوە جیهانییەوە، خۆی وەكو هێزێكی ئابووریی جیهانی، پیشانی ئەمریكا بدات. ئەوەی جێگەی سەرنجیشە لە بەیانی كۆتایی كۆڕبەندەكەدا، چەند ئاماژەیەكی تێدابوو بۆ ئەمریكا بۆ نموونە دەڵێت: «كۆڕبەندەكە جەختی لە دژایەتیكردنی سیاسەتی « خۆپاراستن و تاك لایەنانە» كردەوە، ئەمەش ئاماژەن بۆ سیاسەتی « ئەمریكا یەكەمجار» ی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا.

كۆمەڵێك سەفقەی بازرگانی گەورە
لە كۆتایی كۆڕبەندەكەشدا شی جین پینگ سەرۆك كۆماری چین رایگەیاند: لەمیانەی كۆڕبەندەكەدا كۆمەڵێك بۆندی بازرگانی لە نێوان دەوڵەتانی بەشداربوو بە بڕی 68 ملیارد دۆلار واژۆ كراوە. راشیگەیاند: ئەم كۆڕبەندە پابەند دەبێت بە بەهاو یاساكانی بازاڕەوە.

پرۆژەی پشتوێن و رێگا
رێگای ئاوریشـیم، رێگایەكی دێرینی بازرگانی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا بووە، ئێستاش چینییەكان دەیانەوێت بە شێوەیەكی تر ئەم رێگایە زیندوو بكەنەوە. لە ساڵی 2013 ەوە شی جین پینگ سەرۆك كۆماری چین، ئەم پڕۆژە گەورە جیهانییەی راگەیاندووە. ئامانجی سەرەكی لەم پڕۆژەیە، بەهێزكردنی بازرگانی نێودەوڵەتیی و باشكردنی رێگەكانی هاتوچۆی وشكانی و هێڵی ئاسن و بەندەرە ئاوییەكانە. هەتا ئێستا چین نزیكەی 80 ملیار دۆلاری لە كۆمەڵێك پڕۆژەی ژێرخانی ئابووریی لە وڵاتانی بەشداربووی ئەم كۆڕبەندەدا خەرجكردووە كە ژمارەیان دەگاتە 123 دەوڵەت. هەروەها بانكەكانی چین بڕی 265 ملیار دۆلاریان بەو وڵاتانە داوە. هەرچەندە بۆ تەواوكردنی تەواوی پڕۆژەكە، پێویستی بە 900 ملیار دۆلارە.

بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپاوە
یەكێك لە پڕۆژە سەركەوتووەكانی ئەم كۆڕبەندە، بەستنەوەی كیشوەری ئاسیایە بە كیشوەری ئەوروپاوە، ئەویش لەرێگەی ئاسنەوە، كە بە 15 دەوڵەتدا تێدەپەڕێت و 62 شاری چینی بە 51 شاری ئەوروپییەوە دەبەستێتەوە.
درێژیی ئەم هێڵەش دەگاتە سەرو 4 هەزار كم، لە چینەوە بەناو دەوڵەتانی ئاسیای ناڤین تێدەپەڕێت و بە روسیادا دەچێت بۆ ئەوروپاو دەگاتە ئەڵمانیا. لەساڵی 2011 ەوە ئەم پڕۆژەیە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەهێزكردنی بازرگانی
ئەو وڵاتانەی كە بەشدارن لەم پڕۆژەیەدا 65% ی دانیشوتانی جیهان پێكدەهێنن و رێژەی 40% بەرهەمی جیهانیش پێكدەهێنن، واتە ئەم وڵاتانە خاوەنی پێگەیەكی گرنگن لەسەر ئاستی نەخشەی ئابووریی و جوگرافی جیهان.

چین سوودمەندە
بە پێی ئەو ئامارانەش بێت كە بڵاودەكرێتەوە، هەتا ئێستا چین سوودمەندی سەرەكییە لەم پڕۆژەیە، چونكە بە رێژەی 16% هەناردەكانی بۆ ئەو وڵاتانەی زیادیكردووە، هەروەها بە رێژەی 27% یش هاوردەكانی زیادیكردووە، زۆربەی هاوردەكانی چینیش لەم وڵاتانە، نەوت و گازی سروشتییە. یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی چینیش لەم پڕۆژەیە، دەستكەوتنی گاز و نەوتە، كە یەكێكە لە پێداویستییە گرنگەكانی ئابووریی چین.
جیهان بەسەر یارو نەیاردا دابەشبووە
هەرچەندە زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی بە تایبەتی لە دەوڵەتانی ئاسیا و ئەفریقا، بە گەشبینییەوە سەیری ئەم پڕۆژەیە دەكەن، چونكە دەبێتە هۆی بووژانەوە و چاكردنی بەندەر و رێگای ئاسنین و وشكانیان، بەڵام خۆرئاواییەكان بە چاوی گومانەوە سەیری ئەم پڕۆژەیە دەكەن و وەكو ئامرازێك بۆ بەهێزبوونی هەژموونی چینی دادەنێن.

 

سەرچاوە:
الانصات المركزی، ژمارە: 7109، سێشەممە 30/4/2019.
سایتی رۆژنامەی شعب الصین، ئاژانسی شینخوا

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×