موسهننا ئهمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە
پهرلهمانی عێراق پێی وایه زۆرێک لە ھێزە چەکدارەکانی عێراق و بەشێکی گرنگی چەکدارانی
حەشدی شەعبی بێلایەن نابن لە شەڕی ئێران و ئەمریکا ئەگەر بەریەکەوتنی راستەوخۆ روبدات.
ئاوێنه: موسهننا ئهمین، كه پهرلهمانتاری یهكگرتوی
ئیسلامی كوردستانه لهپهرلهمانی عێراق، ئهمڕۆ چوارشهممه له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئهنادۆڵی توركی داوای كردوه كه عێراق
نەبێتە بەشێک لەو ململانێیانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێران ھەیە تاوەکو ئاسەوارەکانی
ئەو ململانێیە لەسەر عێراق رەنگدانەوەی خراپی نەبێت.
موسهننا ئهمین وتوشیهتی"ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەو
پێشەوە دەڕوات، ئەم ململانێیانەش راستەوخۆ کاریگەریان ھەیە لەسەر عێراق کە لە بواری
ھاوردەکردنی غازی سروشتی و کارەبا پێویستییەکی تەواوی بە ئێران ھەیە، ھەروەھا لە روی
ھاوردەکردنی کاڵای بازرگانی تریشەوە کە ساڵانە قەبارەکەی دەگاتە زیاتر لە ١٠ ملیار
دۆلار، رەنگە زۆرێک لەو کاڵایانە پێویست نەبن، بەڵام بۆ غاز و کارەبا عێراق ناتوانێت
بێ پێویستی بێت كه زیاتر بەشی ناوەڕاست و باشوری عێراق تەغتییە دەکات، ئەوەش وا دەکات
گوشارکردن لەسەر ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گوشارکردنیش بێت لەسەر عێراق".
ئهوهشی خستهڕو"عێراق تا ئەو کاتەی بتوانێت جێگرەوە
بدۆزێتەوە بۆ ئەو کاڵایانە، دەکەوێتە ژێر کاریگەری زۆرەوە لە بەرامبەردا ئەمریکاش سورە
لەسەر ئەوەی گەمارۆکان لەسەر ئێران توند بکاتەوە و رەنگە پڕۆژەی تێوەگلانێکی ئیقلیمی
بەدەستەوە بێت کە جارێکی تر کاریگەری لەسەر ھەندێک شتی گرنگ بکات لە ناوچەکەدا".
پهرلهمانتارهكهی عێراق وتوشیهتی "ئەوەی ئێمە
مەبەستمانە لە عێراق ئەوەیە نەبێتە بەشێک لەم ململانێیە و ئاسەوارەکانیشی لەسەر عێراق
رەنگدانەوەی خراپی نەبێت، وەک دەزانین زۆرێک لە ھێزە چەکدارەکانی عێراق و بەشێکی گرنگی
چەکدارانی حەشدی شەعبی بێلایەن نابن لە شەڕی ئێران و ئەمریکا ئەگەر بەریەکەوتنی راستەوخۆ
روبدات، چونکە ئەوان لە روی دینی و مەزھەبییەوە ئیمانیان بەوە ھەیە مەرجەعیەتی دینیان
لە ئێرانە و لەسەر ئەو بنەمایە رەنگە کاردانەوەیان ھەبێت کە ئەوەش مەترسیدارە بۆسەر
ئاسایشی ناوخۆی عێراق".
ئهو ئهندامهی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پهرلهمانی
عێراق، بە گرنگی زانیوه گفتوگۆکانی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمریکا و ناوچەکە و نەتەوە
یەکگرتوەکان بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات کە عێراق چیتر باجی شەڕ و ململانێیەکانی خەڵکی تر
نەدات، ھەروەھا حکومەتی عێراقی بە ھەمو رێگایەک ھەوڵ بدات خۆی دور بخاتەوە لەو ململانێیەی
ھەیە کە ئاسەوارەکانی بۆ ناوچەکە بە مەترسیدار ناودەبات.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا و لە بارەی ھەوڵەکان لە لایەن
بەشێک لە لایەنە شیعییەکانی عێراق دژبە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی و ھەوڵدان
بۆ دورخستنەوەی لە دەسەڵات، موسهننا ئهمین وتویهتی"لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربونی
عادل عەبدولمەھدی ئەو کاندیدی تەوافوقی بوە، واتە ھەرکات ئەو تەوافوقە تێک بچێت پاڵێوراوەکەشیان
دەکەوێتە بەر مەترسییەوە، بۆیە بەڵێ ھەوڵ و گوشارێکی زۆر لەسەر عەبدولمەھدی ھەیە، بەڵام
ئەو تەوافوقەی کە ھێناویەتی تا ئێستا تێکنەچوە، ئێمەش وەک نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان
پێمان خۆشە ئەو تەوافوقە بەردەوام بێت و لە ئاسۆدا جێگرەوەیەکی باشتر بۆ عەبدولمەھدی
نابینین".
ئەو وتانەی موسەننا ئەمین لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لەسەروبەندی بەرزبونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان
ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا، بەسەردانێکی پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا.
لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا، مایک پۆمپیۆ لەگەڵ ژمارەیەک
لە گەورە بەرپرسانی عێراق کۆبویەوە.
مایک پۆمپیۆ دوای سەردانەکەی بە رۆژنامەوانانی یاوەری راگەیاندبو،
کە ئەمریکا لەبارەی سەروەری عێراق ھەستی بە نیگەرانی کردوە بە تایەتیش دوای ئەوەی چالاکییەکانی
ئێران لەو وڵاتە زیادی کردوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی وتبو"ھاتنم بۆ بەغدا
بە ھۆی ئەو زانیارییانە بو کە لە بارەی زیادکردنی چالاکییەکانی ئێران لە عێراق بەدەستمان
گەیشتبو".