وه‌زاره‌تی دارایی فەڕەنسا ئۆفیسێكی هەماهەنگی لەهەولێر دەكاتەوە
  2019-05-08       790       

وه‌زاره‌تی دارایی فه‌ره‌نسا ئۆفیسێكی هه‌ماهه‌نگی له‌هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ئاماده‌كردنی بودجه‌، وردبینی و چاودێریكردنی خه‌رجییه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی باج.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 8/5/2019، وه‌فدێكی باڵای بەشی هاوكاریی نێودەوڵەتیی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا سەردانی وەزارەتی دارایی ئابوری كردوه‌و، لەگەڵ رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری كۆبونەته‌وە.

لەسەرەتای كۆبونەوەكەدا سیلڤی ستوغیل، بەرپرسی بەشی هەماهەنگی نێودەوڵەتی دارایی گشتی لە وەزارەتی دارایی فەڕەنسا باسی لە ئامانجی سەردانەكەیان كردوه‌، كە مەبەستیانە لە ئامادەكردنی بودجە، وردبینی و چاودێریكردنی خەرجییەكان و رێكخستنەوەی باج هاوكاری هەرێمی كوردستان بكه‌ن.

پاشان رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم باسی لە گرنگی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان كردوه‌، كە پێشتر لە قۆناغە جیاوازەكان هاوكاری كوردستانی كردوە و بەگرنگی زانیوه‌ كە ئەو هەماهەنگییە بەردەوامی هەبێت.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشكردوه‌، وەك وەزارەتی دارایی و ئابوری بە هاوكاری پسپۆڕانی ناوخۆیی و دەرەوە كار كراوە لەسەر دەروازەكان، گومرگ و باج و بە سیستەمكردنیان و بە ئەلكترۆنیكردنیان و كارئاسانی تەواویانكردوە بۆ زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كەرتی وەبەرهێنان و گەشتیاری، بۆ ئەوەی تەنها پشت بە نەوت نەبەسترێت وەك سەرچاوەی داهات، هەروەها 15 بانكیش بە ئەلیكترۆنی كراون و كاركردن تیایاندا بەردەوامە، هەوڵی جدیش دراوە بۆ ئەوەی مامەڵەكردن بە كاش بگۆڕدرێت، چونكە مامەڵەكردن بە كاش پرۆسەی ئاڵوگۆڕ و كاری رۆژانەی حكومەت و هاوڵاتیان دوادەخات.

رێباز حەملان، ئامادەی هەمو جۆرە هاوكارییه‌كی بۆ وه‌فدی میوان دەربڕیوه‌.

وه‌فدی میوانیش ئاشكرایكردوه‌ كه‌ بە زوترین كات ئۆفیسێكی هەماهەنگی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا لە هەولێر دەكرێتەوەو دەست دەكرێت بە هاوكارییەكان بۆ ئامادەكاری پڕۆژە یاسایی بودجەو وردبینی و چاودێریكردنی خەرجییەكان و رێكخستنەوەی باج.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×